گۆڕان پشتیوانیی بۆ ئاڕاستەیەكی ناو یەكێتی ڕادەگەیەنێت
"دژی دواخستنی هەڵبژاردنین.. دەنگمان زیاد دەكات"
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانیی خۆی بۆ ئەو ئاڕاستەیەی ناو یەكێتی نیشتمانی ڕادەگەیەنێت كە لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سیاسییەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕانە.
هاوكات ئامادەكاریی ناوخۆییو جەماوەریی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دەستپێدەكاتو پێشبینی زیادكردنی دەنگەكانی دەكات، دژی دواخستنی هەڵبژاردنیش دەوەستێتەوە.
ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كۆبوەوەو پرسی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانو ئامادەكاریی بزووتنەوەكەی لەوبارەیەوە تاوتوێ كرد، هەرچەندە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە نەبووە، بەڵام ئەندامانی جڤات لەپەیوەند بە ئامادەكاریی حزبەكەیان بۆ هەڵبژاردن باسی ئەو پرسەشیان كردووە.
"جڤاتی نیشتمانی كۆدەنگ بوو لەوەی گۆڕان پشتیوانی لەو ئاڕاستەیەی ناو یەكێتی بكات كە لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕانن، ناوەندی بڕیاربێت یاخود باڵەكەی دیكە." ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دوای كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان بۆ پەرەگراف وای وت.
ئەو ئەندامەی جڤات كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت ئەوەشی خستەڕوو، گۆڕان یەكێتی وەك یەك حزب سەیردەكات، بەڵام ئەوان كێشەی ناوخۆییان هەیەو بەشێكیان لەگەڵ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیانن لەگەڵ گۆڕان.
ڕۆژی 17-5ی ساڵی ڕابردوو یەكێتیو گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.
جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕان باسێكی گەرمی ڕۆژەو ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕانو ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەم مانگەدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كردووە لەسەر ئەو پرسە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی یەكێتیو پارتیو هەوڵدان بۆ ئامادەكردنی تێڕوانینی هاوبەش بۆچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم.
لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا كە بەپێی دەستوری ناوخۆیی ئەو حزبە بەرزترین دەسەڵاتە لە نێوان دوو هەڵبژاردنی ناوخۆییاندا، هەریەكە لە ژووری پەیجوریو ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەكە باسیان لە پلانو بەرنامەكانیان كردووە بۆ هەڵبژاردنەكان.
زمناكۆ جەلال، ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان، ئاماژەبەوەدەكات لەكۆبوونەوەكەدا باسیان لە پلانی تەكنیكیو پلانی هەڵبژاردن كردووەو خوێندنەوەیان بۆ ئەگەرەكان كردووە.
لەبارەی پێشبینییەكانیانو پێگەی جەماوەریی گۆڕان لە دیدی خۆیانەوە، زمناكۆ جەلال بۆ پەرەگراف وتی"پێگەمان زۆرباشە، لەبەرئەوەی تاكە حزبین پابەندبووین بە بەڵێنەكانمانەوەو لەپێناوی پابەندبوون بەو بەڵێنانەی بەهاوڵاتیانمانداوە تەزحیەمانداوەو لەسەرۆكایەتی پەرلەمانو وەزارەتەكان ڕێگریمان لێكراوە، هیچ تەنەزولێكمان لەهیچ مەوقیفێكمان نەكردووە پێمانوایە دەنگەر ئەمەی لەبەرچاودەبێتو كاریگەری دەبێت لەسەرئەوەی دەنگمان زیادبكاتو پێگەی جەماوەریمان بەهێز ببێت."
بزووتنەوەی گۆڕان بۆیەكەمجار لەساڵی 2009 بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كردو 25 كورسیی بەدەستهێنا لەكۆی 111 كورسیی پەرلەمان كە 11یان بۆ كەمینەكان تەرخانكراوە، لەساڵی 2013شدا گۆڕان توانی 24 كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
ئەو بزووتنەوەیە چوار ساڵی یەكەمی لە پەرلەمان وەك ئۆپۆزسیۆن بردەسەر، بەڵام دوای هەڵبژاردنی 2013 بەشداریی لەحكومەتدا كردو بەپێی ڕێككەوتنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكی پەرلەمانو چوار وەزارەتو سەرۆكی دەستەیەكی بەركەوت، بەڵام لەمانگی 10ی 2015 ڕێگریی لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتە هەولێرو وەزیرو بەرپرسانی باڵای گۆڕان لەحكومەت دورخرانەوە، ئەوەش بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی بەهۆی كێشەكانی نێوانیانەوە.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لەسەر پرسی هەڵبژاردن لە هەرێم لە كاتێكدایە، هێشتا بە فەرمی هیچ شتێك لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئارادا نییە.
بەپێی یاسا دەبێت چوار ساڵ جارێك هەڵبژاردن لەهەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێتو ڕۆژی 21-9-2013 هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو 21-9ی ئەمساڵ چوار ساڵ بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت.
ڕێكخەری ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان وتیشی"پێداگری دەكەین هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدابكرێتو ناكرێت لەژێر هیچ ناوێكدا دوابخرێت."
پێشبینییەكانی گۆڕان بۆ زیادكردنی دەنگەكانی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەكاتێكدایە خەڵك لەهەرێمی كوردستان لەڕەوشێكی ناهەمواری ئابوریدایەو ناڕەزاییەكی فراوان لەحزبو حكومەت هەرێمی كوردستانی گرتوەتەوە.
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، ئەوەی خستەڕوو كە ئەوانیش هەست بە ناڕەزاییەكان دەكەن، بەڵام پێیانوایە دۆخی ئەوان لە حزبەكانی دیكە باشترەو كاردەكەن بۆ ڕازیكردنی جەماوەر.
هەرچەندە لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیدا گۆڕان پرسی هەڵبژاردنو پلانو بەرنامەكانی لەوبارەوە تاوتوێ كردووە، بەڵام هیچ بڕیارێكی تێدا نەداوە، بەتایبەت لەسەر پرسی بەشداریكردن بە لیستی سەربەخۆ یاخود بەستنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ حزبی دیكە، لەكاتێدا ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ یەكێتی لەخاڵێكدا ڕێگای بە هەردوو حزبداوە پێكەوە بەلیستی هاوبەش بەشداریی هەڵبژاردن بكەن.
لەوبارەیەوە نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بۆ پەرەگراف وتی"بەشداری هەڵبژاردن بە لیستی سەربەخۆ تەنها پەیوەندی بەخۆمانەوە نیەو دەكەوێتەسەر ئەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ حزبەكانی دیكەو بەتایبەت یەكێتی دەكرێت، چونكە ڕێككەوتننامەمان هەیە لەگەڵیان."