ئەمریکا بودجەی مەشق و پڕچەککردنی پێشمەرگە دەبڕێت؛ لە ٢٠٢٧ـدا تەنیا هاوکاریى هێزە عێراقییەکان دەکات

30-04-2026 11:27

پەرەگراف - پلانى وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ بودجەی سندووقی مەشق و پڕچەککردنی بەرەنگاربوونەوەی داعش (CTEF) بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧، گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە هاوکارییە ئەمنییەکانى ئەو وڵاتە بۆ عێراق نیشان دەدات، بە جۆرێک بودجەی ڕاستەوخۆی مەشق و پڕچەککردنی وەزارەتی پێشمەرگەی بڕیوە و کۆی هاوکارییەکانیش بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کراونەتەوە.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ئەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە تەرخان کرابوو (کە تایبەتە بە مەشق و پڕچەککردنی پێشمەرگە)، لە ٦١ ملیۆن و ١٤ هەزار و ٩٤٠ دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٢٦، بۆ "سفر" دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٧ کەم کراوەتەوە.

هەرچەندە لێکتێگەیشتنى ١٠ ساڵەى نێوان وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و وەزارەتى پێشمەرگە بۆ مەشق و یەکخستنى هێزەکانى پێشمەرگە ئەمساڵ کۆتایاى دێت، بەڵام بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەردەوام چاویان لەوە بووە کە ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکاییەکانیان زیاتر بکەن و گرنگیى زیاتر بە هێزەکانى پێشمەرگە بدەن، کەچى پێچەوانەى ئەو چاوەڕوانییە، پێنتاگۆن لە پلانى ساڵى ٢٠٢٧ـیدا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانى هەرێمى فەرامۆش کردووە.

لە بەرانبەردا، هاوکارییەکان بەرەو هێزە فیدراڵییەکانی عێراق ئاڕاستە کراون، بە جۆرێک وەزارەتی بەرگریی عێراق ٣٨. ٦ ملیۆن دۆلار و دەزگای دژەتیرۆری عێراق (بە سەرۆکایەتیی فەریق ڕوکن کەریم عەبوود حەیالی) ٥٧. ٨٥ ملیۆن دۆلاریان بۆ داوا کراوە.

ئەمەش وای کردووە کۆی گشتیی داواکاریی بودجەی (CTEF-I) بۆ ساڵی ٢٠٢٧ تەنیا ٩٦ ملیۆن و ٤٥٢ هەزار و ١٦٠ دۆلار بێت، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٦دا ١٧٥ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٢٥٧ ملیۆن دۆلار بووە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ دابەزینێکی گەورەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق.

گۆڕانکاریی گەورە؛ دوورکەوتنەوە لە پشتگیریی ڕاستەوخۆی پێشمەرگە

بەڵگەنامەکەی پێنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات کە پێداویستییەکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لە بودجەی ٢٠٢٧دا یەک خراون، ئەمەش نیشانەی داڕشتنەوەی شێوازی دابەشکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکایە.

نەهێشتنی بودجەی ڕاستەوخۆی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوە دەگەیەنێت کە واشنتۆن دەیەوێت سەرنجی خۆی لەسەر پشتگیریکردنی جیاوازی گرووپە کوردییەکان لاببات و زیاتر گرنگی بە بەهێزکردنی دامەزراوە سەربازییە فیدراڵییەکانی عێراق بدات.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ساڵی ٢٠٢٥دا نزیکەی ٥٨ ملیۆن دۆلار و لە ساڵی ٢٠٢٦دا زیاتر لە ٦١ ملیۆن دۆلاری وەرگرتبوو، بۆیە سفرکردنەوەی ئەم بودجەیە لە ساڵی ٢٠٢٧دا، وەک گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەمریکا دەبینرێت.

پێشینە بۆ هێزە فیدراڵییەکانە

لەنێو داواکارییە نوێیەکەدا، بودجەکە بەم شێوەیە دابەش کراوە: وەزارەتی بەرگریی عێراق: ٣٨، ٦٠٠. ٠٠٠ هەزار دۆلار
دەزگای دژەتیرۆر (CTS): ٥٧، ٨٥٢، ١٦٠
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە: ٠ دۆلار

دەزگای دژەتیرۆری عێراق وەک یەکێک لەو دامەزراوە ئەمنییانە ماوەتەوە کە زۆرترین بودجەی بۆ تەرخان کراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی بایەخی ئەمریکایە بە ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان. پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی بەرگریی عێراق (کە ئێستا لەلایەن سابت عەباسییەوە سەرپەرشتی دەکرێت) بە بەرپرسی یەکەم دەمێنێتەوە بۆ دابینکردنی هێز، مەشق و پڕچەککردنی فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق.

کاردانەوە سیاسی و ئەمنییەکان

ئەم گۆڕانکارییە لە بودجەدا، پێدەچێت نیگەرانیی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دروست بکات، چونکە پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە هەمیشە وەک بەشێکی سەرەکی لە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان واشنتۆن و هەولێر سەیر کراوە.

هەروەها، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی گەرمبوونی مشتومڕەکان لەسەر هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەت لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەکی دەبێتەوە، کە پەیوەستن بە ململانێکانی ناوچەکە.

داواکاریی بودجەی ساڵی ٢٠٢٧ نیشاندەری هەوڵە فراوانەکانی ئەمریکایە بۆ ڕێکخستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی و پێدانی ئەولەویەت بە پێکهاتە ئەمنییە ناوەندییەکان، لە کاتێکدا عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێی بەڕێوەبردنی ئەمنى لە ناوەڕاستی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا.

پلانەکە پێچەوانەى چاوەڕوانییەکانى هەرێمە

لێکتێگەشتنی فەرمیی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا و پێشمەرگە، لە ساڵی ٢٠١٦ـەوە واژوو کراوە و لە ئەیلولی ٢٠٢٠ـیشدا جارێکى دیکە نوێ کرایەوە، کە ئامانجی سەرەکیی هاوکاریکردن و پڕکردنەوەی پێداویستى و کەموکووڕییەکانى پێشمەرگەیە، لەگەڵ‌ هاوکاری و پشتیوانییان بۆ سەرخستنى پڕۆسەى چاکسازى لە وەزارەتى پێشمەرگە و یەکخستنەوەى یەکە و هێزەکانى پێشمەرگە.

پلانەکەى پێنتاگۆن کە هاوکارییەکانى پێشمەرگەى بڕیوە، لە کاتێکدایە کە بەرپرسانى هەرێم بەردەوام چاویان لەوە بووە ئەمریکا و هاوپەیمانان هاوکارییەکانیان زیاتر بکەن و گرنگیى زیاتر بە هێزەکانى پێشمەرگە بدەن. لە کۆتایى ساڵى ٢٠٢٥یشدا، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، داوای فراوانترکردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانى بۆ هێزی پێشمەرگە لە ساڵی نوێدا کرد.

ئەو داوایە لە میانی کۆبوونەوەی وەزیری پێشمەرگەدا بوو لەگەڵ کۆڵۆنێڵ دیک پایلویک، بەرپرسی گرووپی سەربازیی ئەمریکا لە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.

١٠ ساڵە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا و ئەڵمانیا و هۆڵەندا، بە پارە و ڕاوێژ و دابینکردنی پێداویستیی سەربازی و هەماهەنگیی دیکە، دەیانەوێت سوپایەکی نیشتمانی لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا بۆ هەرێمی کوردستان پێک بهێنن و هێزی حیزبیى سەر بە پارتی و یەکێتى نەهێڵن.

لەگەڵ بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هاوکات چەندین جار نیگەرانییان دەربڕیوە لە سست بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و بەردەوامیی ململانێی حیزبیی پارتی و یەکێتی لەناو ئەو وەزارەتە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئایارى ٢٠٢٢ـدا یەکەم لێپرسراوی باڵای هەرێمی کوردستان بوو لەو ئاستەی بەرپرسیارێتیدا کە دانی بەوە دانا، لەپێناو یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، "دەبێت پارتی و یەکێتی کۆتایی بە دەستوەردان لە کاروباری وەزارەتی پێشمەرگە بهێنن و دەستی حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵبگرن، ئەگەرنا لەگەڵ هەموو ناکۆکییە سیاسییەکاندا، ئەوەی جێبەجێیش کراوە، هەڵدەوەشێتەوە".