محەمەد تۆفیق ڕەحیم: زۆر ئاساییە پارتیو یەكێتی بەبێ گۆڕان حكومەتو پەرلەمانی نوێ پێكبهێنن
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
محەمەد تۆفیق ڕەحیم، ڕێكخەری ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت بەلای بزووتنەوەكەیەوە زۆر ئاساییە پارتیو یەكێتی بەبێ ئەوان حكومەتو پەرلەمانی نوێ پێكبهێنن.
محەمەد تۆفیق ڕەحیم، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ پەرەگراف لەبارەی پرسی چارەسەری كێشەكانو ئاساییكردنەوەی دۆخی هەرێمی كوردستانو پەیوەندییەكانیان لەگەڵ پارتیو یەكێتیو پرسی دەوڵەتی كوردیو كشانەوەیان لەحكومەتی هەرێمو حكومەتە خۆجێییەكان، وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە.
ئەوبەرپرسە باڵایەی گۆڕان، ئەوەدەخاتەڕووە حزبەكەی سوورە لەسەر گەڕانەوەی دۆخی هەرێم بۆ پێش 12-10-2015 كە لەوڕۆژەدا ڕێگریكرا سەرۆكی پەرلەمان بچێتەوە هەولێرو وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت دوورخرانەوە، ئەوەشدەخاتەڕوو هێشتا بۆیان دەرنەكەوتووە پارتی جدییە یان نا لە جێبەجێكردنی پەیامەكەی 20-11-2016ی مەسعود بارزانی بۆ چارەسەری كێشەكانو گۆڕانكاریی لە سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم.
دەقی چاوپێكەوتنەكە
پەرەگراف: جدییەت دەبینن لە پارتی بۆ جێبەجێكردنی پەیامەكەی مەسعود بارزانی كە ئێوەش پێشوازیتان لێكرد؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: تائێستا لەسەر ئەرزی واقیع هیچ شتێك ڕووینەداوە لەبەرئەوە پەیامەكە هەروا پەیامێكە، نەمان بینیوە میكانیزمێك بۆ جێبەجێكردنی خرابێتەبەردەم لایەنەكان.
پەرەگراف: لەئێستادا چاوەڕێی میكانیزم لە پارتی دەكەن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئێمە دەمانەوێت بزانین ئەو دەستپێشخەرییە جدییە یان نا، وە چۆن جێبەجێ دەكرێت.
پەرەگراف: هێشتا ئەوەتان بۆ دەرنەكەوتووە جدییە یان نا؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: میكانیزمەكە بڕیاردەدات دەیانەوێت جێبەجێی بكەن یان نا، تائێستا هیچ دیارنییە.
پەرەگراف: ئەگەر میكانیزمەكە بەوجۆرەبوو گۆڕانكارییەكە سەرەتا لە پەرلەمانەوە دەستپێبكرێت، ڕای گۆڕان چییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئێمە وتومانە هەموو شتێك قابیلی گفتوگۆیە لەناو پەرلەمان، ئینجا لەناو پەرلەمان سەرۆكایەتییەكان دەگۆڕن یان نا، ئەوەپرسێكی دیكەیەو هەرحزبەو بۆچونی خۆی هەیە.
پەرەگراف: بەڵام هێشتا پارتی سوورە لەسەر ئەوەی د.یوسف نابێت بگەڕێتەوە پەرلەمان.
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئێمە دەڵێین بارودۆخەكە دەبێت بگەڕێتەوە پێش 12-10-2015(ئەوڕۆژە ڕێگری كرا لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونەناو هەولێرو وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت دوورخرانەوە، بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی).
پەرەگراف: ئەگەر پارتی سووربێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی، ئێوەش لەسەر ئەو داوایەتان، دەگەن بە چ ئەنجامێك؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ناگەینە هیچ ئەنجامێك.
پەرەگراف: كەواتە دەبێت لایەكتان..
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: مەسەلەكە لا نییە، ئێمە دەڵێین دەبێت بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، لەناو پەرلەماندا زۆر ئاساییە پەرلەمانتاران ئەو پرسانە بخەنە دەنگدانەوە.
پەرەگراف: ئەگەر پارتیو یەكێتی بتوانن پێكەوە كێشەكان چارەسەر بكەنو حكومەتو پەرلەمانی نوێ پێكبهێنن بەبێ گۆڕان، ڕای گۆڕان چیی دەبێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: زۆر ئاساییە، ئەوان خۆیان سیاسەتی خۆیان دیاریدەكەن.
پەرەگراف: هیچ فشارێكتان نابێت بۆئەوەی بەبێ ئێوە نەكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئێمە ڕاو بۆچوونی خۆمان باسدەكەین، ئەوپرسە ئاساییە.
پەرەگراف: لەدواین لێدوانتدا دەڵێیت هیچ پاساوێك نەماوە بۆ مانەوەتان لەحكومەت، ئەگەر وایە بۆ ناكشێنەوە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوە جڤاتی نیشتیمانی دەبێت بڕیاری لێبدات، زۆر بۆچوون پێیوایە كە لەحكومەت نەمێنین، چونكە لەحكومەتدا نین.
پەرەگراف: لەناوخۆتاندا گفتوگۆتان لەسەر ئەم پرسە كردووە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بەڵێ.
پەرەگراف: نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێك؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەو جڤاتی نیشتیمانی بڕیاری لێدەدات.
پەرەگراف: واتە گەیشتوونەتە ئەنجامو تەنها بڕیاری جڤات ماوە بۆ كشانەوە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەناو جڤاتدا بڕیارەكان بە زۆرینەی دەنگ دەدرێتو دەبێت لەوێ بڕیار بدرێت.
پەرەگراف: ئەو بەرپرسانەی لەگەڵ كشانەوەنین، پاساویان چییە بۆ مانەوە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: گفتوگۆدەكرێت، زۆرینەی زۆر لەگەڵ ئەوەدان بكشێینەوە.
پەرەگراف: بەكشانەوەتان چ سوودێك دەگەیەنن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بە مانەوەمان چ سوودێك دەگەیەنین؟
پەرەگراف: لەڕوی حزبیو جەماوەرییەوە كامیان بۆخۆتان باشە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەڕوی جەماوەرییەوە كشانەوەمان باشترە.
پەرەگراف: ئەمە ئەوەدەگەیەنێت كە هەرلەسەرەتاوە خوێندنەوەتان هەڵەبووە بۆ بەشداریكردن لەحكومەت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: مەسەلەی سەرەتا كە بەشداری كراوە بە بەرنامە بەشداری كرا، بەڵام ڕێگەنەدرا بەرنامەكان جێبەجێ بكرێت.
پەرەگراف: تەنها پارتی بەهۆكار دەزانن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هەرشێوەی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان بەوشێوەیەیە كە نەدەگونجا لەگەڵ ئەو بەرنامانەی ئێمە.
پەرەگراف: كەواتە شێوازی خەبات دەگۆڕن یان بەرنامەكانتان؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بەرنامەكانمان ناگۆڕین، ئێمە داوای چاكسازیو نەبوونی گەندەڵیو باشكردنی حكومڕانیو گۆڕانكاریی دەكەین لە سیستمی ئابوری.
پەرەگراف: بە بەشداریكردنتان لەحكومەت لەگەڵ پارتیو یەكێتی نەتانتوانی بەرنامەكانتان جێبەجێ بكەن، ئەی لەچ كاتێكدا دەتوانن جێبەجێی بكەن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەو بەرنامانە كاتێك جێبەجێ دەكرێت كە دەنگی زیاترمان پێبدرێو لە پەرلەماندا زۆرینەبین.
پەرەگراف: پێشبینی دەكەن بگەنە ئەو دۆخە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: پێموایە خەڵك داوای چاكسازی ڕاستەقینە دەكاتو بێزاربووە لەم شێوەی حكومڕانیو دۆخە ئابورییە.
پەرەگراف: ئەوە واقعییە بەبێ پارتیو یەكێتی بتانەوێت گۆڕانكاریی بكەن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەگەر خەڵك دەنگبداتو قورسایی زیاترمان هەبێت لەناو پەرلەمان دەتوانین گۆڕانكاری بكەین، ئێمە شێوەی پەرلەمانتاریمان هەڵبژاردووە بۆ گۆڕانكاری لەشێوەی سیستمی حكومڕانی لە هەرێم.
پەرەگراف: لەبارەی ڕێككەوتنەكەتان لەگەڵ یەكێتی زۆر قسەی لەسەردەكرێت، زیاتر لە 8 مانگ تێپەڕیوەو هێشتا جێبەجێ نەكراوە، بەڕای ئێوە هۆكاری جێبەجێ نەكردنی چییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: دۆخەكە تائێستا زۆر لەبارنەبووە بۆ جێبەجێ كردنی، بەڵام تائێستاش زۆرینەی هەرەزۆری كاربەدەستو دەسەڵاتدارانی خاوەن بڕیار لەناو یەكێتی، جەماوەرو سەركردایەتیو مەڵبەندەكان لەگەڵ ئەوەدان ڕێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت.
پەرەگراف: كە زۆرینەی زۆر لەگەڵیدان بۆ جێبەجێ ناكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوە پرسیارەكەیە.
پەرەگراف: ئێوە وەڵامی ئەو پرسیارەتان لانییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: وەڵامی ئەو پرسیارەشم لابێت جارێ ناتوانم باسی بكەم.
پەرەگراف: لەچ دۆخێكدا هەلومەرج لەباردەبێت بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەتان؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەو ڕێككەوتنە 25 خاڵەو هەر 25 خاڵەكە لەبەرژەوەندی هەرێمی كوردستانو میللەتەكەمانەو لەبەرژەوەندی شێوەی حكومڕانییە لە هەرێم، لەبەرئەوە پێموایە هەرجێبەجێ دەكرێت.
پەرەگراف: لەڕۆژی واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە كاك نەوشیروان وتی عیبرەت لە جێبەجێكردندایە نەك نوسین، هەرلەسەرەتاوە ئەو گومانەتان هەبوو كە جێبەجێ ناكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نا، هەموو كەسێك دەزانێت هەرچی ئیمزابكرێت دەبێت جێبەجێ بكرێت، ئەگەر جێبەجێ نەكرێت واتا ئیمزاكە قورسایی نییە.
پەرەگراف: سەرەتا پێشبینیتان دەكرد ئاوا زیاتر لە 8 مانگ تێپەڕێتو جێبەجێ نەكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نەخێر.
پەرەگراف: كە ئەمە بەیەكێتی دەڵێن وەڵامیان چییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هەندێك بارودۆخ هەیە كە جارێ هەندێك كێشە دروست دەكات بۆ جێبەجێكردنی، بەڵام پێموایە هەرجێبەجێ دەكرێت.
پەرەگراف: لای ئێوە كێشە دروستدەكات یان لای یەكێتی؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەهەموو لایەك.
پەرەگراف: پارتی هیچ كاریگەرییەكی هەیە لەسەر جێبەجێ نەبوونی؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نازانم، دەبێت لە لایەنەكانی دیكە بپرسیت ئاگادارنیم.
پەرەگراف: پێتانوایە پارتی لەلای یەكێتیەوە كاریگەری هەبووبێت؟ چونكە هەر سەرەتا ناڕەزایی دەربڕی لە ڕێككەوتنەكە.
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ناڕەزایی خۆی پیشاندا، بەڵام ئێستا بۆئاوا سست بووە ئەوە نازانم، بەڵام ئاخریەكەی هەرجێبەجێ دەبێت.
پەرەگراف: قسەیەك هەیە كەدەبێت یەكێتی خۆی یەكلایی بكاتەوە، یان ئەم ڕێككەوتنە هەڵبژێرێت یان پارتی، چونكە ئەو دوانە پێكەوە ناگونجێن.
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئێمە باسلەڕێككەوتنی خۆمانو یەكێتی دەكەین، باسلە ڕیككەوتنی دیكەی لابەلا ناكەینو كێشەی ئێمەنییە، ئێمە شتێكمان لەگەڵ برادەرانی یەكێتی ئیمزاكردووە تەمەنا دەكەین جێبەجێ بكرێتو هەوڵی بۆ دەدەینو كاری بۆدەكەین.
پەرەگراف: ئەگەر تاكەی جێبەجێ نەبێت دەبێت هەڵوێستی خۆتان بگۆڕن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەمە شتێك نییە ڕۆژی بەرهەمهێنانو ڕۆژی ئێكسپایەری هەبێت، ئێمە هەوڵدەدەین جێبەجێ بكرێتو بەردەوام ئیش لەسەرئەوە دەكەین.
پەرەگراف:، بابچینە سەر پرسێكی دیكە، لە لێرەنەبوونی نەوشیروان مستەفادا گۆڕان چۆن بەڕێوەدەچێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوە شتێكی ناوخۆیی خۆمانە، ئیشوكاری خۆمان دەكەینو ڕێكوپێك بردومانە بەڕێوە، كێشەمان نییەو ئەوە پرسێكە تایبەتە بە خۆمان.
پەرەگراف: واتە لێرەنەبوونی كاك نەوشیروان كاریگەرییەكی وای نییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بەردەوام لەسەرخەتە لەگەڵمانو قسەی لەگەڵ دەكەین، ئەویش وەك ئێمە ڕای هەیەو ئێمەش ڕامان هەیەو ئاڵوگۆڕی ڕاكانمان دەكەین.
پەرەگراف: تەندروستی باشە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: باشە.
پەرەگراف: وەرگرتنی چارەسەری ماوە لەوێ؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: عیلاجی نەماوە، ئەوەشتێكی كەسیی خۆیەتیو من باسی ناكەم.
پەرەگراف: لەدوای نەخۆشییەكەیەوە، هیچ پەیوەندییەك لەنێوان نەوشیروان مستەفاو بەرپرسانی پارتی ئەنجامدراوە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئاگادارنیم.
پەرەگراف: پێتوایە بە ئەنجامدانی پەیوەندییەك لە نێوان كاك نەوشیروانو كاك مەسعود كێشەكان چارەسەرببنو كاریگەری هەبێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: تەسەروناكەم.
پەرەگراف: لەسەر ڕاگەیاندنی دەوڵەتو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، هەڵوێستو ڕوئیای گۆڕان چییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هیچ كوردێك هەیە ئەگەر لێی بپرسیت دەتەوێت دەوڵەتی كوردیت بۆ دروست بكەم، بڵێت نا؟ بەڵام دەوڵەت دروستكردن بە سیاسەتو هەنگاوی جددی دەبێت نابێت هەر پرسێكی ڕاگەیاندن بێت.
پەرەگراف: لەئێستادا هەلومەرج بۆ ڕیفراندۆمو دەوڵەتی سەربەخۆ لەبارە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەسڵەن ئەگەر من دەسەڵاتداربمو بزانم دەتوانم دەوڵەتی كوردی دروست بكەم ڕیفراندۆم هەرناكەم، چونكە دەزانم لەسەدا 99 دەڵێن باشە.
پەرەگراف: كەی هەلومەرجەكە لەباردەبێت بەبڕوای ئێوە، دەبێت پێشتر چی بكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بۆئەوەی ئەو هەلومەرجە لەباربێت دەبێت ژێرخانی ئابوریت هەبێت، هێزی نیشتیمانیت هەبێت، سیاسەتێكی ئاسایشی نەتەوەییت هەبێت كە ئەمانە هیچی نییە.
پەرەگراف: كاك مەسعود زۆرباسی پرسی دەوڵەت دەكات، لەدواینجاردا بەستیەوە بە هاتنەوە سەرحوكمی مالیكیو وتی ئەگەر ئەوەڕووبدات یەكسەر دەوڵەت ڕادەگەیەنێت، ئەم بەكارهێنانانە چۆن دەبینن؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: بەكارهێنانە بۆ پرسی ڕاگەیاندن، من پێموایە مەلەسەی كوردی لەهەمووشتێك گەورەترە.
پەرەگراف: بەدەر لە ڕاگەیاندنەكان، لەكۆبوونەوە حزبییەكانتاندا پارتی ئەم پرسەی خستووەتەبەرباس؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: باس نەكراوە.
پەرەگراف: بەبێ پەرلەمان كە ئێستا پەكخراوە، كورد دەتوانێت هەنگاوێكی لەوجۆرە بنێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەگەر لە بارودۆخی ناوخۆییو نێودەوڵەتیو سیاسی سەركەوتووبیت، هەروەها لە بەڕێوەبردنو لە ئەنجومەنێكی ئاسایشی نەتەوایەتی، دەتوانیت یەكسەر دەوڵەت ڕابگەیەنیت.
پەرەگراف: بەڕێزت بەرپرسی ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی گۆڕانیت، نوێنەری وڵاتان زۆر دەبینیت، ڕای ئەوان چییە لەسەر ئەم پرسە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوان بە ئاشكرا دەڵێن ئێمە لەگەڵ مانەوەی عێراقین بە یەكپارچەیی، نازانم دوایی چۆن مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام ئەوانە دیبلۆماتن دەبێت وا بڵێن، بەڵام هەموو دونیا تەعامول لەگەڵ ئەمری واقیع دەكات، تۆبتوانیت ئەمری واقیع بسەپێنیت ئەوانیش مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام بە ئاشكرا كە باسیدەكەن لای ئێمە دەڵێن لەبەرژەوەندی هەموو دنیاو ناوچەكەیە عێراق یەكپارچەبێت.
پەرەگراف: ئێوە وەكوخۆتان بەوانتان وتووە كە ڕۆژێك ئەوە هەر ڕوودەداتو كورد دەوڵەتی دەبێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نا باسنەكراوە، بەڵام هەموو دنیا دەزانێت كە هەموو كوردێك ئەوەی دەوێت دەوڵەتێكی هەبێت.
پەرەگراف: لەبارەی حكومەتە خۆجێییەكان كە ئێستا كەسی یەكەمی سلێمانی لای ئێوەیە، گۆڕان لەئەدای خۆی ڕازییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هەندێك بارودۆخ هەیە كە گشتییە هەندێك كێشە هەیە پەیوەندی بە پرسی ئابوریو موچەو بودجەوە هەیە ئێمە نەمانتوانیوە وەكو پێویست ئەو بەرنامانەی هەمانبووە جێبەجێی بكەین لەبەرئەوە زۆریش قسە هەیە لەناو خەڵكو لەناو بەشێكی گۆڕانیشدا كە پێویست ناكات ئێمە لەحكومەتە خۆجێییەكان بمێنین، كە من خۆم ڕام وانییە، بەڵام ئەمەش هەیە، هۆكارەكەشی ئەوەیە ئیدارە لەسەرەتاوە لەكاتی دروستبوونی ئیدارەی كوردییەوە بەشێوەیەكی ڕێكوپێك ئیشی نەكردووە، ئیدارە دەبوایە سەربەخۆبێت لە بابەتی حزبی، ئەوەنەبووەو تەكنۆكراتو كادیری هونەریی شیاو دروستنەكراوە بۆئەوەی كارەكان بەدەر لەتەداخولات بەڕێوەببات لەبەرئەوە كێشە هەیە.
پەرەگراف: بەڕێزت بۆ ڕات لەگەڵ كشانەوە نییە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەبەرئەوەی پێموایە دەبێت هەوڵبدەین ئەوەی لەتوانادایە هیچ نەبێت بۆئەم ناوچانەی كە بڕیاردەرەكەی یان بەرپرسەكەی گۆڕانە شتێك بكات بەشت.
پەرەگراف: توانراوە ئەوەی لەتوانادایە بكرێت؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نەكراوە، چونكە خۆمان دەزانین دۆخەكە چۆنە، ئیدارە بەپارە دەڕوات بەڕێوە.
پەرەگراف: بەشێكی كێشەكان وەك خۆشت ئاماژەت پێكرد دەستی حزبە لەكاری حكومەتدا، لەسەردەمی ئێوەشدا ئەمە هەبووە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نا ئێمە شتیوامان نەكردووە.
پەرەگراف: خۆتان ئەمەتان نەكردووە وەكو گۆڕان؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: نەمانكردوو، ناشتوانین بڵێین نەكراوە، لەخواری خوارەوە ڕەنگە كرابێتو نەشزانین.
پەرەگراف: ئەی حزبی دیكە، بەتایبەت یەكێتی تەدواخولی كردووە بەتایبەت بۆ كاری بەرپرسە ئیدارییەكانی گۆڕان؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەهەندێك شوێن هەماهەنگییەكی باش هەیە، لەهەندێك شوێنیش كێشەیان هەیە، هەرناوچەیەك تایبەتمەندی خۆی هەیە.
پەرەگراف: لەناو سلێمانی چۆنە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: لەناو سلێمانی هەندێك فەرمانگە ڕازین لەكارەكانیانو هەندێك بەرپرسی ئێمە ڕازین لە مامەڵەو هاوكارییان لەگەڵ برادەرانی ترو لەهەندێك شوێنیش وانییە.
پەرەگراف: ڕەخنەی زۆر لەگۆڕان گیرا كاتێك ئەو پۆستی یەكەمی ئەمشارەی لایەو لیژنەی ئەمنیی بەدەستە، بەڵام كاتی خۆپیشاندانەكان لە مامۆستایانی ناڕازی دراو ڕفێندران.
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: داوای ئەوەمان كردووە ئەو كەسانە سزابدرێن كە ئەو كارانەیان كردووە، هیچ كەسێكیش ناڵێت نا.
پەرەگراف: ئەی سزادران؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوە لیژنە هەیەو پارێزگا دەبێت بەدواداچوونی بۆبكات.
پەرەگراف: بەردەوام دەبن لەسەر ئەوداوایە؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: ئەوە داوای ئێمەیە، پارێزگا بەرپرسە لەوەی بەدواداچوون بكات بۆ ئەو پرسانە، من زۆر تەدەخولی ئەم پرسانە ناكەم چونكە كاری من نییەو كاری ژوری پەرلەمانو حكومەتە.
پەرەگراف: لەكۆبوونەوەتاندا لەگەڵ یەكێتی ئەمەتان پێوتوون؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: هەمووشتێك باسدەكرێت لەكۆبوونەوەدا.
پەرەگراف: بڕیارە لەمڕۆژانەشدا كۆببنەوە سەركردایەتییە هاوبەشەكەتان؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: داوامانكردووە.
پەرەگراف: ئەگەر كۆببنەوە گلەییەكانی ئێوەچییە لە یەكێتی؟
محەمەد تۆفیق ڕەحیم: كۆبوونەوەیەو ئەجێندا هەیەو هەموو كێشەكان باسدەكەینو باسی ئەوەدەكەینو چۆن كێشەكان چارەسەربكەین.