لیستی كارمەندە دورخراوەكانی میدیای گۆڕان لەفراوانبوندایەو ناڕەزاییەكان زیاتر هەڵدەكشێن
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بزووتنەوەی گۆڕان، ژمارەیەك رۆژنامەنووس لەكارەكانیان لادەداتو نیازی هەیە دەیان كارمەندی دیكە بەپاساوی قەیرانی دارایی دووربخاتەوە، ئەوەش ناڕەزایی لێكەوتۆتەوە.
وەك دوورخراوەكانو كارمەندانی ئێستای ئەو میدیایە دەڵێن "نادادپەوەری" لەو پڕۆسەیەدا هەیەو هێشتا كەسانێك وەك"بندیوار" لە كەناڵەكەدا ماون، بەرپرسی میدیای گۆڕانیش ئەو تۆمەتانە ڕەتدەكاتەوە.
دورخستنەوەی رۆژنامەنووسو كارمەندانی میدیاكانی گۆڕان، خراوەتە چوارچێوەی هەنگاوەكانی كەمكردنەوەی خەرجی بۆ بەرگەگرتنی قەیرانی دارایی، زۆرێك لەو كەسانەی بەر بڕیارەكە كەوتوون ساڵانێكە لەو حزبەدا خزمەتیان هەیەو ئێستاش هیچ چارەنووسێكی ڕوون لەبارەی كارو بژێوییانەوە دیارنییە.
ئەو هەنگاوەی میدیای فەرمی گۆڕان بەرانبەر كارمەندەكانی ئەنجامیداوە، لەسێ ساڵی ڕابردوودا لەزۆربەی دەزگا ڕاگەیاندنەكانی كۆمپانیاو حزبەكانی تردا دوبارەبۆتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك هەبێت بۆ پاڵپشتی دورخراوەكانو سەندیكای ڕۆژنامەنووسانیش بێدەسەڵاتی خۆیان لەوبارەیەوە نیشان دەدەن.
ڕۆژنامەنوسەكان چۆن دورخرانەوە؟
میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لەكەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، رادیۆی گۆڕانو سایتی سبەی پێكهاتووە، بڕیاری دورخستنەوە كۆتایی مانگی 1ی ئەمساڵ خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوەو تەنیا سایتەكەی نەگرتۆتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی پەرەگراف لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو گۆڕانەوە دەستی كەوتوون، لەچوارچێوەی بڕیارەكەداو وەكو قۆناغی یەكەم زیاتر لە 40 كارمەندو رۆژنامەنووس لەكەی ئێنو ئێنو ڕادیۆی گۆڕان دورخراونەتەوە.
ئیدارەی ئەو دەزگا میدیاییە، لەڕێی نوسراوێكەوە ناوی دورخراوەكانی ئاڕاستەی ژووری كارگێڕی بزووتنەوەی گۆڕان كردووە، بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسیان بەوپێیەی چیتر لەمیدیاكەدا كاریان نەماوە.
ئەو ڕۆژنامەنووسو كارمەندانەی دورخراونەتەوە، تەنیا نوسراوێكی سوپاسنامەیان پێگەیشتووەو ئێستا زۆرینەیان لەماڵەوەن، بەبێ ئەوەی هیچ كارێكی دیكە بكەن.
عەبدولڕەزاق شەریف، بەرپرسی میدیایی گۆڕان دەڵێت ئەوان پڕۆژەیەكی گشتگیریان بۆ كەمكردنەوەی خەرجیی میدیاكانیان ئامادەكردووەو كەمكردنەوەی میلاكات، بەشێكە لەو پڕۆژەیە.
ئەوەشی بەپەرەگراف وت "لەو پڕۆسەیەدا نە ژمارەی ئەوانەوە دیاریكراوە كە دەستبەرداریان دەبین نە ناوی كەسەكان، لەسەر ڕێكخستنەوەی ئیشەكان كاردەكەین."
لەچوارچێوەی ئەو قەیرانە داراییەی سێ ساڵە لەهەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، بودجەی حزبەكانیش ڕاگیراوە بەهۆیەوە گۆڕان وەكو دەیانجار باسیانكردووە، لەدۆخێكی زۆر خراپدانو تائێستاش دەزگاو دامەزراوەكانیان لەسەر هاوكاری خەڵكو قەرز بەڕێكراوە.
بەرپرسی میدیای گۆڕان زیاتر لەبارەی بڕیارەكەیانەوە وتی "ئێمە كارەكانیش ڕێكدەخەینەوەو كاتژمێری دەواممان زیادكردووە بۆ 8 كاتژمێر، لەبەرئەوە هەندێك كەس زیادەبوون."
كەناڵی ئاسمانی كەی ئێن ئێن، چەندجارێك لەبەردەم داخستندا بووەو دوایەمینیان مانگی 12ی ساڵی رابردوو بووە، پێشتریش لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو لەسەدا 10ی موچەی كەمكردۆتەوەو لەئێستادا، كارمەندانی میدیاكانی گۆڕان مووچەی چوار مانگیان وەرنەگرتووە.
هەڵكشانی ناڕەزاییەكان
پەرەگراف دەربارەی بڕیارەكە قسەی لەگەڵ ژمارەیەك لەدورخراوەكانو كارمەندانی ئێستای ناو میدیاكانی گۆڕان كرد، ئەوان كۆك بوون لەسەر جەختكردنەوە لەوەی "نادادپەروەری" لەبەجێهێنانی ئەو هەنگاوەدا هەبووە، هەرچەندە بەرپرسی میدیای بزووتنەوەكە ئەوە ڕەتدەكاتەوە.
هاوژین جەمال، بێژەری هەواڵی سیاسیەو سێ ساڵە لەكەی ئێن ئێن كاردەكات، هەرچەندە یەكێكە لەدورخراوەكان بەڵام ئامادەی قسەی زۆر نەبوو تەنیا ئەوەندە نەبێت كە "ناداپەروەری تێدایەو جیاوازی لەنێوان كارمەندەكاندا كراوە."
ئەوانەی لەبارەی بڕیارەكەوە ئامادەی لێدوان بوون بۆ پەرەگراف، داوایانكرد ناویان نەهێنرێت بەوپێیەی زۆرینەیان دورنەخراونەتەوەو نایانەوێت كارەكەیان ڕوبەڕوی كێشە ببێتەوە.
سێ لەو سەرچاوانەی لەنێو كەی ئێن ئێن-وە زانیارییان دركاند لەبارەی بوونی "نادادپەروەریی" نمونەی ئەوەیان بۆ پەرەگراف هێنایەوە كە "هەندێك لەوانەی دورخراونەتەوە خەڵكی لەپێشتر هەبووە بۆ دورخستنەوە نەك ئەوان، چونكە ئەوانە هەندێكیان لە كارمەندەكانی دیكەی بەشەكەیان باشتربوون."
"نزیكەی 10 كارمەندی ئێستای كەناڵەكە موچەی هەریەكێكیان زیاترە لە یەك ملیۆن دینار، یان كاریان نییە یاخود ئەو كارەی دەیكەن هیچ هاوتانییە بەموچەكانیان"، وەكو سەرچاوەكان باسیدەكەن ئەوانە لەبەرئەوەی پاڵپشتییان هەیە لەنێو بزووتنەوەكەدا هیچ مەترسیەك نیە بۆ دروخستنەوەیان.
نمونەیەكی تری سەرچاوەكانی نێو كەی ئێن ئێن ئەوەیە "پێشتر بندیواری زۆر هەبوو، خەڵك هەبووە موچەی هەبووەو هیچ دەوامێكی نەبووە، ئێستا ئەوە نەماوە، بەڵام ئەو چەند كەسەی موچەی بەرزیان هەیەو ناونیشانی پۆستەكانیان هەندێكیان باڵایە تێیاندایە هیچ بەرهەمێكی نییە بۆ كەناڵەكە، هەروەها تێیدایە بەچوار كەس كاری یەك كەس ناكەن، ئەمەش جۆرێكە لە بندیوار."
ناڕەزییەكان لەبارەی ئەو بڕیارەی گۆڕانەوە، تەنیا لەلێدوانو راگەیاندنەكاندا نەماوەتەوەو لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی ئینتەرنێت، مشتومڕی لێكەوتۆتەوەو جگە لەدورخراوەكان، خەڵكی دیكەی نزیك لەو بزووتنەوەیەو لایەنگرانیان بۆچوونی خۆیان بەنیگەرانییەوە خستۆتەڕوو.
بەرپرسی میدیای گۆڕان لەگەورەیی ناڕەزایەكان كەمدەكاتەوەو تۆمەتەكانیش دەربارەی بوونی نادادپەروەری بە ناڕاست دەزانێت.
عەبدولڕەزاق شەریف دەڵێت "ئەوانە هاوڕێو خۆشەویستی ئێمەن، ئێمە پێمان ناخۆشە دەستبەرداریان بوین، بەڵام هەموو كەسێك كە شتێكی وا ڕودەدات هەم خۆی بە بەتوانا دەزانێت هەم پێیوایە ناعەدالەتی كراوە، بەڵام لەڕاستیدا وانیە."
كارمەندی زیاتر دوردەخرێنەوە
بڕیاری دورخستنەوەی زیاتر 40 كارمەندو رۆژنامەنووسی گۆڕان، تەنیا قۆناغی یەكەمی پڕۆسەیەكەو لەچوارچێوەی بەردەوامیی ئەو هەنگاوەدا، ژمارەیەكی زیاتر هەمان ڕێكار دەیانگرێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەی ئاگاداری ناو گۆڕانەوە بەپەرەگراف دراوە، چەند لیستێكی دیكەی ناوی كارمەندو رۆژنامەنووس بڕیاری دورخستنەوە دەیانگرێتەوەو بەگشتی ژمارەیان لەكۆتاییدا دەگاتە 100 كەس.
عەبدولرەزاق شەریف دەڵێت "لەم پڕۆسەیەدا كەس نامێنێتەوە بەبێ هەشت كاتژمێر ئیشكردنو هیچ ئیستسنایەك نییە لەمەدا."
ئەوەی نیگەرانی زیاتری لێكەوتۆتەوە، لەنێو دورخراوەكاندا هەیە زیاتر لە حەوت ساڵە لەمیدیای گۆڕان كاردەكاتو بەهۆی ئەو حزبە لەرابردوودا روبەڕوی زۆر ئاستەنگو پێشێلكاریش بۆتەوە، یان زۆرێكیان هیچ كارێكی دیكەی نیە لەكاتێكدا بژێوییەكەی لەو بزوتنەوەیەدا كەوتۆتە دەست ئایندەیەكی نادیار.
بەوتەی سەرچاوەیەك لە كەی ئێن ئێن، ئەو كارمەندانەی دورخراونەتەوە "ئاستیان لاوازبووە"و ئەوان دەیانەوێت ژمارەی كارمەند كەم بكەنەوەو لەبەرامبەردا كارمەندی باش بهێننو بە كەمترین كارمەند ئیشی باش بكەن، وەكو ئەو دەڵێت "دوای دورخستنەوەی ئەو كارمەندانەش دوو ڕۆژنامەنوس وەرگیراون بۆ ناوەندی هەواڵ."
بزووتنەوەی گۆڕان یەكەمجار نییە دەست بۆ كەمكردنەوەی میلاكات ببات لەسێ ساڵی رابردوودا، پێشتریش لەهەڵمەتێكدا ژمارەیەك لە كارمەندو ڕۆژنامەنووسانی دورخستەوە، بەتایبەت لە كەناڵی كەی ئێن ئێن، جگە لەوەی چەند ساڵێك لەمەوبەریش ڕۆژنامەی ڕۆژنامە سەربە بزووتنەوەكە بەیەكجاری داخرا.
چارەنووسی دورخراوەكان
دوایین ئومێدی ئەوانەی دورخراونەتەوە، كۆبوونەوەیەكی فراوانی بەرپرسانی گۆڕانە دەربارەی چارەنووسیان، ئەوەش بە دانانیان لەناوەند یان دەزگایەكی تری بزووتنەوەكە، یاخود ڕاستكردنەوەی ئەو "نادادپەوەرییانەی" پێیانوایە لەجێبەجێكردنی بڕیارەكەدا كراوە، بەپێچەوانەوە وەك خۆیان دەیانوت "هەڵوێستی دیكەیان دەبێت."
كارمەندێكی دورخراوە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، چونكە بەوتەی خۆی چاوەڕوانی یەكلایی كردنەوەی چارەنوسیانن لەلایەن بەرپرسانی باڵای گۆڕانەوەو بۆ پەرەگراف وتی "ئەمە هەنگاوی یەكەمی نانبڕینمانە، بە بەرپرسی بەشەكان وتراوە ناوی چەند كارمەندێكیان بداتێ ئەوەیش بەبێ پێوەرو ناعادلانە ناوەكانی بۆ ناردوون."
"لەگەڵ بەرپرسانی باڵای گۆڕان قسەمان كردووە، پێیان وتوین ناچاربوینو لەبەردەم داخستن یان كەمكردنەوەی كارمەنددا بوون، بۆیە بڕیارە كۆبوونەوە لەسەر ئەو پرسە بكەنو ئێمەش چاوەڕێین." كارمەندە دورخراوەكە وایوت.
پەرەگراف زانیویەتی، بەرپرسانی میدیای گۆڕان خۆشیان ئاگاداری ئەو كەسانەن كە كارمەندەكان وەك جۆرێك لە "بندیوار" ناویان دەبەنو گلەیی كارمەندەكانیان پێگەیشتووەتەوە لەبارەیانەوە، هەربۆیە لەهەنگاوی یەكەمدا كار بۆ ئەو كەسانە دۆزراوەتەوەو بڕیارە ئەگەر سەركەوتوونەبوون لەكارەكانیاندا دورخستنەوە ئەوانیش بگرێتەوە، هەرچەندە بەلێدوانی فەرمیو بەناوی خۆیانەوە كەس ئامادەنەبوو ئەو زانیارییە پشتڕاستبكاتەوە.
بەرپرسی میدیای گۆڕان لەبارەی چارەنوسی دورخراوەكانەوە ڕونیكردەوە"ئەم كەسانە موچەیەكی زۆریان لای ئێمەیەو دەستبەرداریان نابین، وەكو بزوتنەوەكە هەوڵدەدەین ئەوەی ئیشی نییە لە ئۆرگانەكان یان لەبزوتنەوەكە یان لەحكومەت كاریان بۆ بدۆزینەوە." لەبارەی ئەوانەی ئیشی دیكەیان هەیە، عەبدولڕەزاق شەریف وتی"ئەوەی ئیشی هەیە خۆی ئیشی هەیە."
پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاترو هەڵوێستی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، چەندجارێك پەیوەندیكرد بە شۆڕش حاجی وتەبێژی بزووتنەوەكە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.
هەڵوێستی سەندیكای ڕۆژنامەنووسان
سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، دان بەوەدادەنێن هیچ كارێكیان پێناكرێت بۆ دەستەبەركردنی مافی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی دورخراونەتەوە لەمیدیاكاندا، بەو پێیەی بەشێكی زۆر لە ڕاگەیاندنەكانی سەر بەحزبەكاننو وەكو ڕێكاری حزبیی لەو كارە دەڕوانن.
جەمال حسێن، بڕیاردەری لیژنەی داكۆكی لەمافی ڕۆژنامەنوسان لەسەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بەپەرەگراف-ی وت كە ئاگاداری كەیسی دورخستنەوەی كارمەندەكانی كەناڵی كەی ئێن ئێننو بەدواداچوونی بۆ دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا پرسی "كێشەكە ئەوەیە ئێمە چیمان پێدەكرێت؟"
بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری پێویستە گرێبەست لەنێوان میدیاكارو دەزگاكە هەبێت، بەڵام ئەوە نەچووەتە بواری جێبەجێكردن، لە كەی ئێن ئێن گرێبەست نییەو وەك جەمال حسێن دەڵێت ئەوان تەئكیدیان لەوەكردوەتەوە گرێبەست هەبێت، بەڵام دەزگاكان پابەند نین، ئەوەش یەكێكە لە نیگەرانییكانی سەندیكا لەسەر ئەو پرسە.
وەك ئەو بەرپرسەی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان وتی، نیگەرانییەكی دیكەی ئەوان ئەوەیە كارمەندەكانی میدیای گۆڕان ئاگاداركردنەوەی پێشوەختیان پێنەدراوە لەبارەی لەدەستدانی كارەكانیانو لەگەڵ پێدانی سوپاسنامەیەكدا ڕاستەوخۆ بێكاربوون.
ئەو بەرپرسەی سەندیكا وتیشی"دەزگاكان زۆربەی زۆریان دەزگای حزبین، پێمان دەڵێن كارمەندەكە پێش ئەوەی ڕۆژنامەنوس بن كارمەندی حزبن، بەو جۆرە وەڵاممان دەدەنەوە."
قەیرانی دارایی لەهەرێمی كوردستان، بۆتە پاساوی دورخستنەوەی دەیان رۆژنامەنووس لەسێ ساڵی رابردوودا یان كەمكردنەوەی مووچە بەرێژەی لەسەدا 10 بەرەو سەرەوە، بەبێ ئەوەی هیچ وادەیەك بۆ كۆتایی كەمكردنەوەو پێدانەوەی پارە بڕدراوەكە هەبێت، ئەوەش لەچەندین دەزگای حزبیو سەر بەكۆمپانیاو كەسایەتیە سیاسییەكان جێبەجێ كراوە.
سەندیكای رۆژنامەنووسان، لەبەرنامەیدایە لەكۆبوونەوەی بەرفراوانیاندا بەجددی گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامی ئەو كێشەیەوە بكات، بەتایبەت بۆ دۆزینەوەی رێكارێك لەقازانجی ئەو رۆژنامەنووسانەی بێكاربوون، بەوتەی جەمال حسێن.
بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، زیاتر لە 500 میدیاكار كارەكانیان لەدەستداوە لەچەند ساڵی رابردوودا، لەكۆی زیاتر لە 800 رۆژنامەو گۆڤاری تۆماركراویش 50 دانەشیان ئێستا دەرناچن بەهۆی قەیرانی داراییەوە.
كۆتایی قەیرانی دارایی دیارنیە، ئەوەش ئەوەندەی تر باری سەرشانی بەشێك لەمیدیاكانی سەختتر كردووەو بەهۆیەوە، سەدان ڕۆژنامەنووس جگە لەوەی مانگانەو لەوادەی خۆیدا موچە وەرناگرن یان بڕی موچەكەیان كەمكراوەتەوە، لەبەردەم مەترسی ئەوەشدا ماونەتەوە بەیەكجاری بێكارببن.