مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بەشداریی ئەندامانی هەردوو باڵەكە كۆدەبێتەوە

08-02-2017 04:19
لۆگۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی‌و بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەشداریی ئەندامانی هەردوو باڵەكەی ئەو حزبە كۆدەبێتەوە، هێشتا بەرهەم ساڵح بڕیاری نەداوە بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیە بكات.

 

ئەوە یەكەم كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەو حزبەیە كە تێیدا ئەندامانی هەردوو باڵەكەی یەكێتی بەشداریی بكەن، لەدوای ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار كە كۆسرەت ڕەسوڵ‌و بەرهەم ساڵح جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكەن.

 

مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ لەچوارچێوەی كۆبوونەوەیەكی حزبیدا ڕایگەیاند"رۆژی شەممە 11-2-2017 مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی جەنابی مام جەلال‌و بە سەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی لە شاری سلێمانی كۆدەبێتەوە." بەپێی میدیای فەرمی یەكێتی.

 

هەرچەندە كۆبوونەوەكە كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی سەرپەرشتی دەكات، بەڵام هێشتا بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ پێكەوە سەرپەرشتی ناوەندی بڕیار دەكەن، بڕیاری نەداوە بەشداریی كۆبوونەوەكە بكات.

 

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بۆ پەرەگراف وتی"بە دڵنیاییەوە كاك كۆسرەت بەشداریی دەكات، بەڵام كاك بەرهەم هێشتا یەكلایی نەبووەتەوەو بڕیاری ئەوەی نەداوە بەشداریی بكات یان نا." سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی گەڕاندەوە.

 

هاوكات جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەناوەندی بڕیار بە پەرەگرافی وت"ڕۆژی شەممە دەچین بۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی."

 

شێخ جەعفەر بێئاگایی خۆی پیشاندا لە بەرنامەی كۆبوونەوەكەو ئەوەی خستەڕوو كارگێڕی مەكتەبی سیاسی دەزانێت بەرنامەی كۆبوونەوەكە چییە.

 

لایخۆیەوە قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەناوەندی بڕیار، ئامادەنەبوو قسەلەسەر ئەو كۆبوونەوەیە بكات، هەروەها پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر چەندجارێك پەیوەندیكرد مەریوان عەلی سكرتێری ڕۆژنامەوانی مەلا بەختیار، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانی نەدایەوە.

 

ئامادەبوونی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دوای ئەوەدێت لەماوەی ڕابردوو لێكنزیك بوونەوە هەبووە لەنێوان كۆسرەت ڕەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە كەسی یەكەمی باڵەكەی دیكەیەو خۆیان بە "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی" ناودەبەن.

 

لەدوای نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دووركەوتنەوەی لە گۆڕەپانی سیاسی لە مانگی 12ی 2012، كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی ئەو حزبە پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌ حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی رەخنە‌و تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە‌یان.

 

لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لەڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوە‌و بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.