یوسف محەمەد لە وتارێكدا ڕۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا ڕووندەكاتەوە

09-02-2017 01:43
یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان.

 

پەرەگراف

 

یوسف محەمەد لە وتارێكدا ڕۆڵی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەچارەسەری پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا ڕووندەكاتەوەو وەڵامی سەڵاحەدین بەهادین‌و ئەو كەسانە دەداتەوە كە لەماوەی ڕابردوودا قسەیان لەسەر ئەوپرسە كردووەو دروستبوونی كێشەكانیان بۆ "هەڵەی" سەرۆكی پەرلەمان گەڕاندوەتەوە.

 

ڕۆڵی پەرلەمان لەپرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم لەماوەی ڕابردوودا زۆرترین قسەی لەسەر كراوەو سەرۆكی پەرلەمان ڕوبەڕوی ڕەخنەی توندی پارتی‌و چەند لایەنێكی دیكە بووەتەوە لەسەر ئەنجامدانی كۆبوونەوەی 19ی ئابی 2015ی پەرلەمان كە بەهۆیەوە كێشەكانی نێوان گۆڕان‌و پارتی گەیاندە ئەوپەڕی ئاڵۆزی‌و پەكخستنی پەرلەمانی بەدواداهات.

 

19ی ئابی 2015 هەرچەندە پێنج حزبەكە بە نێوەندگیری ئەمەریكاو نەتەوەیەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەیەكی چەند كاتژمێریدا ڕێككەوتن كۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەی پەرلەمان لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم دوابخرێت، بەڵام سەرۆكی پەرلەمان كۆبوونەوەكەی ئەنجامداو بەهۆی تەواونەكردنی ڕێژەی یاسایی ئامادەبووانەوە كۆبونەوەكە دواخرا، ئەوەش یوسف محەمەدی ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند كردەوە.

 

ڕەخنەكان لەسەر ئەوپرسە دواینیان قسەی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو بوو كە دوو ڕۆژ لەمەوبەر یوسف محەمەدی بە "كەم ئەزموون" ناوبردو پێیوابوو "هەڵەیەكی زۆر ڕوون بوو" كۆبوونەوەی 19ی ئابی كردووە، سەرۆكی پەرلەمان پێشتریش چەندجارێك ئەوەی ڕاگەیاندووە كە كۆبوونەوەی 19ی ئاب یاسایی بووەو بۆ چارەسەركردنی پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم بووە كە لەوڕۆژەدا وادەكەی كۆتایی دەهات.

 

سەرچاوەیەكی نزیك لەسەرۆكی پەرلەمان بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، لەوتارێكدا یوسف محەمەد"وەڵامی هەموو ئەو قسانە دەداتەوە كە لەماوەی ڕابردوودا كراون لەبارەی ڕۆڵی پەرلەمان لەپرسی سەرۆكایەتی هەرێم‌و بەئامانجگرتنی پەرلەمان‌و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشكردنی ئەوەی ڕویداوە بەبیانوی ئەوەی پەرلەمان هەڵەی كردووە."

 

كاتی بڵاوكردنەوەی وتارەكەی سەرۆكی پەرلەمان هێشتا دیارنییەو بەوتەی سەرچاوەكە"ڕەنگە ئەمڕۆ یان سبەی‌و دووسبەی بێت."

 

پەرلەمانی كوردستان نەیتوانی پرسی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم چارەسەر بكات‌ مەسعود بارزانی تائێستاش لەپۆستەكەیدا ماوەتەوە، لەكاتێكدا لە 19ی ئابی 2015وە وادەی یاسایی كۆتایی هاتووە، بارزانی  لەسەرەتای دانانی سەرۆك بۆ هەرێمی كوردستان لەساڵی 2005ەوە لەو پۆستەدایە.

 

سەرۆكی پەرلەمان لەوتارەكەیدا "باسی ئەو ڕێكارانە دەكات كە پەرلەمان گرتویەتییەبەر بۆ چارەسەركردنی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم."

 

بەهۆی كێشەكانی نێوان پارتی‌و گۆڕان ساڵێك‌و 4 مانگە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوە، دوای ئەوەی لە 12ی ئۆكتۆبەری 2015 بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی لە بازگەی پردێ ڕێگریكرا لە یوسف محەمەد بچێتە شاری هەولێرو هەمان ڕۆژ وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دوورخرانەوە، لەوكاتەوە پەرلەمان كۆبوونەوەی نەكردووەو چەندین هەوڵ دراون بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام هیچیان ئەنجامی نەبووە.

 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان یەكێكە لەو حزبانەی لەماوەی ڕابردوودا چەندجارێك هەوڵی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی داوەو سەركەوتوو نەبووە، لەناو هەوڵەكانی یەكگرتوودا دەستپێشخەریی‌و هەوڵی خودی سەڵاحەدین بەهادینیش هەبووە.

 

"هەرچەندە لەوتارەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان ناوی كەسی نەهێناوە وەكو شەخس، بەڵام وەڵامە بۆ سەڵاحەدین بەهادین‌و هەموو ئەوكەسانەی لە ڕابردوودا قسەیان لەسەر ئەو پرسە كردووە." بەوتەی سەرچاوەكەی نزیك لە یوسف محەمەد.

 

كۆتایی هاتنی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم‌و چارەسەكردنی ئەو پرسە لە ساڵی 2015 مشتومڕی زۆری لەسەربوو، بەرلەكۆبوونەوەی 19ی ئاب، پەرلەمانی كوردستان لەدانیشتنێكدا لە 23ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لەكۆبوونەوەیەكی ئاساییدا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژە یاسایەك كرد لەبارەی هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، لەكۆبوونەوەكەدا هەریەكە لە گۆڕان، یەكێتی، كۆمەڵ‌و بەشێك لە یەكگرتووی ئیسلامی بەشداربوون‌و پارتی بەتوندی دژی ئەو كۆبوونەوەیەش وەستایەوە.