ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی ناوی ئەو كەسانە ئامادە دەكات كە پۆستی نوێ وەردەگرن
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بۆ قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكانی ناو پارتی كە سنوری سلێمانیو هەڵەبجە دەگرێتەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە لە سلێمانی ناوی ئەو كەسانە ئامادە دەكات كە لە گۆڕانكارییەكاندا پۆستیان پێدەدرێتو دەهێندرێنە پێشەوە.
ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان 8ی ئەم مانگە بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەو حزبە كۆبووەوەو كۆمەڵێك گۆڕانكاریی لە بەرپرسی لقو مەكتەبەكانی حزبەكەی پەسەندكرد.
ئەوەش قۆناغی یەكەمی گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی پارتی بوو، قۆناغی دووەم سلێمانیو هەڵەبجە دەگرێتەوەو بۆ ئەو مەبەستە ئەنجومەنی سەركردایەتی ئەو حزبە لە سلێمانی لێكۆڵینەوەی خۆی تەواو كردووەو بڕیارە لە چوارچێوەی پڕۆژە پێشنیارێكدا ئاڕاستەی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی حزبەكەی بكات بۆ پەسەند كردن.
عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانیو هەڵەبجە بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەی نوێكردنەوەی پارتییە بە خوێنی نوێو كەسایەتی نوێ.
"گۆڕانكارییەكان بە مەبەستی تۆكمەكردنی ڕێكخستنو توندوتۆڵكردنی ئۆرگانەكانە لەگەڵ جەماوەر، قۆناغەكە پێویستی بە هێنانە پێشەوەی خەڵكو دەموچاوی نوێیە." عەتا شێخ حەسەن وای وت.
لەبارەی قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكان كە سنوری ئەنجومەنەكەی ئەوان دەگرێتەوە، عەتا شێخ حەسەن وتی"ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی، پێشووتر ئاڵوگۆڕی كردووە، بۆیە گۆڕانكاری لە سنوری سلێمانیو هەڵەبجە بەجێهێڵدراوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنەكەو كاك ئەدهەم بارزانی كە خۆی خوێندنەوەو دیراسەی بۆ كاری حزب لەسنورەكە كردووە."
وتەبێژەكەی پارتی لەسلێمانی باسیلەوەشكرد، ئەوان پڕۆژە پێشنیاری خۆیان لەبارەی گۆڕانكارییەكان ئامادە دەكەنو بۆ دوابڕیار دەبرێتە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی حزبەكەیان.
عەتا شێخ حەسەن، وتی"بەڵام ئەولەویەتێك دراوە بەوەی كە بژاردەكان بخرێتەوە دەست ئەنجومەنی سلێمانیو ئەو كارەكتەرانەی بۆ هەر پۆستێك بڕیاری لەسەر دەدرێت بژاردەكە دراوەتەوە بە سلێمانی، بەڵام بڕیاری كۆتایی مەكتەبی سیاسیو ئەنجومەنی سەركردایەتی دەیدات."
پڕۆژەكەی ئەنجومەنی سەكردایەتی سلێمانی- هەڵەبجەی پارتی بۆ ئاڵوگۆڕەكان ئامادە نییە، بەڵام وەك وتەبێژەكەیان لە سلێمانی ئاماژەی بۆكرد، "ڕەنگە هەندێك كارەكتەر هەبن كە كۆدەنگییان لەسەربێت بۆ هەندێك پۆست، یاخود هەندێك كەسایەتی دۆزرابنەوە كە بۆ ئەم قۆناغە گرنگ بێت بهێندرێنە پێشەوە، دیراسەكە ئامادەكراوە، بەڵام وەك پڕۆژە ئامادە نییە."
هێشتا ژمارەی ئەو كەسانە دیارنییە كە لەسنوری سلێمانیو هەڵەبجە ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكانیاندا دەكرێتو كاتی خستنەبواری جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكانیش دیارینەكراوە، ئەوانەش پەیوەستن بە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لە سلێمانی كە دوای گەڕانەوەی ئەدهەم بارزانی ئەنجامدەدرێت، ئەدهەم بارزانی بەمەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكەی 8ی ئەم مانگە سەكردایەتی حزبەكەی چووەتە هەولێر.
لەبارەی زیادو كەم كردنی ژمارەی لقەكانی پارتی لە سنوری سلێمانیو هەڵەبجە، عەتا شێخ حەسەن وتی"لقەكان وەك خۆیان ماونەتەوەو هیچ زیادو كەم ناكەن."
وتەبێژەكەی پارتی لەسلێمانی باسیلەوەشكرد، ئەو گۆڕانكارییانە لەچوارچێوەی كاری حزبیدایەو لەچوارچێوەی لێپرسینەوەدا نییە، "گۆڕانكارییەكان لەسەر ئەوەنییە ئەوەی لادەبرێت مەلەفێكی هەبێت یاخود لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت، ڕەنگە قۆناغی دیكەشی بەدوادابێت."
پارتی بەنیازە گۆڕانكارییەكان لە ناوخۆی حزبەكەیدا نەهێڵێتەوە، بەڵكو گۆڕانكاریی لەناو حكومەتیشیدا بكات، بۆئەوەش گفتوگۆ لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا دەكاتو گەڕێكی نوێی كۆبوونەوەو سەردانی حزبەكان دەستپێدەكاتەوە.
عەلی حسێن، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حزبەكەی ئەوەی خستوەتەڕوو، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیدا باسلەوەكراوە كە گۆڕانكارییەكانیان دەبن، دەڵێت"گۆڕانكاری لە كەسەكاندا دەكرێتو هەندێكیش شوێنیان بۆ دیاری نەكراوە كە ئەوانیش شوێنیان بۆ دیاری دەكرێت و گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنیش دەكرێت، بەڵام هەمووی بەسەریەكەوە ناكرێت و بە قۆناغ دەبێت."
ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت"گۆڕانكاری نەك تەنیا لەناو حیزب، بەڵكو لەناو حكومەتیشدا دەكرێت، بەڵام بۆ حكومەت پێویستی بە تەوافوقی سیاسیو پەرلەمان هەیە، بۆیە پێویستە بە گفتوگۆ بێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا."
عەلی حسێن باسلەوەشدەكات، لەئێستادا حزبەكەی چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی یەكێتی دەكاتو دوای كۆبوونەوەكانی ئەوان، گەڕێكی دیكەی دانوستانەكان لەگەڵ لایەنەكاندا دەستپێدەكاتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی دوێنێ بە سەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵو ئامادەبوونی ئەندامانی هەردو باڵی ناوەندی بڕیارو باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كۆبووەوە، ئەوەش یەكەم كۆبوونەوەیان بوو كە ئەندامانی هەردوو باڵەكە تێیدا بەشداربن لە دوای ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار لە 1-9-2016، بڕیارە پێنج شەممەی داهاتووش جارێكی دیكە كۆببنەوەو پارتیش چاوەڕێی ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە دەكات.