پەرەگراف- سوركێو محەمەد
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئەو ڕاپۆرتەی ڕێكخراوی هیومان ڕایست ۆوچ پشتڕاست دەكاتەوە كە حكومەتی هەرێمی تۆمەتبار كردبوو بە ئەشكەنجەدانی توندی ئەو منداڵانەی كە بەگومانی تێوەگلانیان لەگەڵ داعش دەستگیركراون.
سەرۆكی دەستەكە كە خۆی دوێنێ بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی منداڵەكانی كردووە لە چاكسازی ژنانو منداڵانی هەولێر، باسلەوەدەكات منداڵەكان شوێنەواری ئەشكەنجەدان بە جەستەیانەوە دیارە، ڕەخنەش لەو ڕەفتارەی ئاسایشی هەرێم دەگرێت كە بۆ ناوبانگی هەرێمی كوردستان باش نییە.
ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆوچ كە یەكێكە لەڕێكخراوە بەناوبانگەكانو چاودێری ڕەوشی مافەكانی مرۆڤ دەكات لەسەر ئاستی جیهان، لە ڕاپۆرتێكیدا كە 29ی مانگی ڕابردوو بڵاویكردەوە حكومەتی هەرێمی تۆمەتباركردووە بە ئەشكەنجەدانی توندی چەندین منداڵ كە بە گومانی تێوەگلانیان لەگەڵ ڕێكخراوی داعش دەستگیركراون.
توێژەرانی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ ئەو منداڵانە كردووە لە سەنتەری چاكسازی ژنانو منداڵان لە هەولێر، منداڵەكان چیرۆكی ئەشكەنجەدانیان گێڕاوەتەوە، بەپێی ڕاپۆرتەكە "نۆ لە منداڵەكان ووتیان تەزووی كارەبایان لێدراوە. یەكێك لە منداڵەكان كە تەمەنی زۆر كەم بوو ووتی، 'هەستیكردوە چاوەكانی دێنە دەرەوە' كاتێك لێكۆڵەرێك بە 'ئامێرێكی كارەبایی' ئەشكەنجەیداوە."
هەرچەندە حكومەتی هەرێم پێشتر ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردەوەو گومانی خستەسەر بێلایەنیی كارەكانی ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە، بەڵام زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم كە دوێنێ سەردانی منداڵەكانی كردووە، ئەشكەنجەدانی ئەو منداڵانە لەلایەن ئاسایشی هەرێمەوە پشتڕاست دەكاتەوە.
زیا پترۆس بۆ پەرەگراف باسلەوەدەكات ئەو منداڵانە كە لە چاكسازی ژنانو منداڵانەی هەولێر ڕاگیراون 215 منداڵنو لەسەردانەكەی دوێنێیدا ئەو زیاتر لە نیوەیانی بینیوەو قسەی لەگەڵ كردوون، منداڵەكان شێوازی ئەشكەنجەدانیان بۆ سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ گێڕاوەتەوە.
"زۆریان شوێنەواری ئەشكەنجەدان بە جەستەیانەوە دیاربوو، وەك كوژانەوەی جگەرە لەسەر دەستو جەستەیان، یەكێكیان باڵی دەرچوبوو وتمان بەچی وات لێهاتووە وتی ئاسایش وەكو دووپشك كەلەپچەی كردوومو باڵم دەرچووە، یەكێكی دیكەیان شوێنەواری ئەشكەنجەدان بە قاچیەوە بوو وتی كارەبایان لێداوە بۆیە وای لێهاتووە، ئەمانە بەوتەی خۆیان لەلایەن ئاسایشی گشتییەوە ئەشكەنجەدراون."سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وای وت.
سەردانی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆلای منداڵانی ڕاگیراو لە چاكسازی هەولێر. فۆتۆ: پەیجی دەستەكە لە فەیسبوك.
زیا پترۆس داوادەكات لیژنەیەكی پزیشكی لە وەزارەتی تەندروستییەوە سەردانی ئەو منداڵانە بكاتو لە ئەشكەنجەدانو ئاسەوارەكانیان بكۆڵێتەوەو پشكنینیان بۆ ئەنجامبدات، چونكە دەستەكەی ئەوان پسپۆڕیی نییە لەو بوارەدا.
ئەو سەردانەی دەستەكە بۆلای ئەو منداڵانە دوای ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ دێت، زیا پترۆس نایشارێتەوە كە ئەوان سەرەتا گومانیان لە زانیارییەكانی هیومان ڕایتس ۆوچ هەبووە، ئێستاش دوای بینینی منداڵەكان لەدوو خاڵدا ڕەخنەو سەرنجەكانی دەستەكەیان لەسەر ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ باسدەكات.
"ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ ڕاستە، بەڵام كەموكورتیشی هەیە، باسی ئەوەناكات منداڵەكان زیاتر لەلایەن حەشدی نیشتمانیو حەشدی عەشایەری ئەشكەنجەدراون كاتی دەستگیركردنیان، هەروەها بەجۆرێك باسی منداڵەكان دەكات كە پەیوەندییان بە داعشەوە نییەو بێبەری كردوون لەوەی كاریان لەگەڵ داعش كردبێت، بەڵام ئەوە هەڵەیەو زۆربەیان لەگەڵ داعش بوون."زیا پترۆس وای وت.
ئەو منداڵانە كە عەرەبی سوننەن خەڵكی ناوچەكانی پارێزگای نەینەوان، بەشێكیان دوای پڕۆسەی ڕزگاركردنی ناوچەكانیان لەژێر دەستی داعش لەلایەن حەشدی نیشتمانیو حەشدی عەشایەرییەوە دەستگیركراونو ڕادەستی هێزە ئەمنییەكانی سەربە حكومەتی هەرێم كراون، هەندێكیشان خۆیان چوونەتە كەمپەكانی ئاوارەكان لەهەرێمو دواتر دەستگیركراون.
سەردانی سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ بۆلای منداڵانی ڕاگیراو لە چاكسازی هەولێر. فۆتۆ: پەیجی دەستەكە لە فەیسبوك.
"لەسدا 90ی ئەو منداڵانە كاریان لەگەڵ داعش كردووە، لە هۆڵێك كە 22 منداڵی تێدابوو پرسیارم لێكردن 20یان خۆیان دانیان بەوەدانا كاریان لەگەڵ داعش كردووە، كارەكانیان جۆراوجۆر بووە هەیانە بە زۆرەملێ یاخود لەناوچارییەوەو بۆ پارە كاریان لەگەڵ كردوون". سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤ وای وت.
منداڵەكانیان تەمەنیان لەنێوان 12 بۆ 17 ساڵدایە، بەپێی یاسای عێراقی منداڵ لە تەمەنی 9 ساڵییەوە بەرپرسیار دەبێت بۆ سزادان، بەڵام لەهەرێمی كوردستان لەتەمەنی 11 ساڵییەوە، تەواوی ئەو منداڵانەش لەسەروی ئەو تەمەنەوەن، وەك سەرۆكی دەستەی مافی مرڤ وتی.
حكومەتی هەرێم وەك پیشاندانی جدییەتی خۆی بۆ پاراستنی مافەكانی مرۆڤو دەستگیركراوان لیژنەی بەدواداچونو وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتیەكانی پێكهێناوە كە نزیكەی 30 بەرپرسی حكومیی تێدایەو نامەو گلەییو ڕەخنەی ڕێكخراوەكان ئاڕاستەی ئەو لیژنەیە دەكرێتو وەڵامیان دەدرێتەوە.
دیندار زێباری، سەرۆكی ئەو لیژنەیە، پێشتر بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد، سەرچاوەو ئامارو زانیارییەكانی ڕاپۆرتەكەی هیومان ڕایتس ۆوچ ڕوون نییەو "تۆمەتەكانی دروستكراون" هەربۆیە ڕاپۆرتەكە ڕەتدەكاتەوەو گوماندەخاتەسەر بێلایەنیی ڕێكخراوەكە.
"كە ڕەتمانكردۆتەوە زمانی نوسینی ڕاپۆرتەكەمان ڕەتكردۆتەوە كە دژی هەرێمەو یەك لایەنەیە، بەڵام لەسەر پرسی ئەشكەنجەدان ئامادەین بەدواداچوونو لێكۆڵینەوە بكەینو داواشمان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە هاوكاریمان بكەن."دیندار زێباری بۆ پەرەگراف وای وت.
تائێستا نزیكەی 500 كەس لە هێزەكانی ئاسایشو چاكسازییەكان بەهاوكاری نەتەوەیەكگرتووەكان ڕاهێنانیان پێكراوە لەسەر پرسی پاراستنی مافی دەستگیركراوانو مامەڵە لەگەڵكردنیان بەپێی یاسا، لەئێستاشدا حكومەت داوای هاوكاری زیاتری لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە.
ئەوە یەكەمجارنییە هێومان ڕایتس ۆوچو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكە هەرێمی كوردستان تۆمەتباردەكەن بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤو ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان، بەڵام حكومەتی هەرێم بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ڕەتكردووەتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دەرەوەوە بەردەوام ستایش دەكرێت بەهۆی لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە كە بەهۆی شەڕی داعشەوە ئاوارەبوون.
سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم ڕەخنە لە ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان دەگرێتو داوادەكات مافەكانیان پارێزراوبێتو یاساییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، چونكە ئەشكەنجەدانی دەستگیركراوان بۆ ناوبانگی هەرێم باش نییەو پێشێلكارییە، "ئەوانە منداڵنو قوربانیی كێشەی سیاسیو مەزهەبین، ڕەنگە لەدادگایی كردنیشیاندا زۆربەیان ئازاد بكرێن."
منداڵەكان قۆناغی لێكۆڵینەوەیان تەواو كردووەو دادوەری لێكۆڵینەوەیان بینیوە، ئێستا چاوەڕوانی دادگایی كردنیانن، وەك زیا پترۆس وتی هیچ مەترسییەكان لەسەر نەماوە بۆ ئەشكەنجەدانو لەوكاتەشەوە كە براونەتە چاكسازییەكە ئەشكەنجە نەدراون.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم ڕاپۆرتێك لەبارەی ئەو منداڵانەو ڕاگیراوانی دیكەی ناو چاكسازییەكەو ڕەوشی چاكسازییەكەو كەموكورتییەكانی لەڕوی خزمەتگوزاریو تەندروستییەوە ئامادە دەكاتو ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانو دەزگا ئەمنییەكانی دەكات، بۆئەوەی چارەسەر بكرێنو دەستگیركراوان ئەشكەنجە نەدرێنو مافەكانیان پارێزراوبێت.