یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دەكات

14-02-2017 04:54
2015/ كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ئەندامانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە لیستی برایەتی كەركوك، هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بە پێویست دەزانن، وەك فشارێك بۆ سەر حكومەتی ناوەندی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی دیموكرات كە زۆرینەی لیستەكە پێكدەهێنێت دژی ئەو هەوڵەیە.

 

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان 6-2-2017 دوورخستنەوەی هەردوو پارێزگای نەینەواو كەركوكی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ڕاگەیاند، ئەوەش ناڕەزایی بەشێك لە پێكهاتەكانی كەركوكی بەدواداهات.

 

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە شەش ئەندامی لە لیستی برایەتی كەركوكدا هەیە لە كۆی 26 ئەندام، چەند جۆرێك لە فشار پێشنیار دەكات بۆ ناچاركردنی حكومەتی ناوەندی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو پارێزگایە.

 

ئەحمەد عەسكەری، ئەندامی یەكێتی لە لیستی برایەتی بە (كەركوك ناو)ی وت"یەكێك لە فشارەكان ئەوەیە هەموو ئەندامانی ئەنجومەن بە تایبەت لیستی برایەتی داوای دەستلەكاركێشانەوە بكەین، ئەوكات ئەنجومەن هەڵدەوەشێتەوە، بەوەش ناچاردەبن هەڵبژاردن بكرێت."

 

عەسكەری پێیوایە ئەو مژارە لە"هەموویان ئاسانترە، بەڵام بەو مەرجەی هەموو ئەندامانی لیستی برایەتی پێكەوە ئەو بڕیارە بدەن."

 

2005/ لایەنگرانی یەكێتی‌و پارتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق‌و ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركوك. فۆتۆ: فەریق هەڵەبجەیی.

 

لیستی برایەتی كەركوك 26 ئەندامی هەیە لە كۆی 41 ئەندامی ئەنجومەن‌و زۆرینەیان لە پارتی دیموكراتی كوردستانن، بەڵام ئەو پارتە لەگەڵ ئەو داوایەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا نییە.

 

محەمەد كەمال، ئەندامی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگا‌و لێپرسراوی لقی كەركوكی ئەو حزبە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵناوەشێتەوە، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناتوانێت ئەنجومەن دابخات، پارێزگار‌و پارتی‌و حكومەتی هەرێمیش ناتوانن ئەنجومەن دابخەن، بۆیە لیستی برایەتی شتی واناكات‌و كێشەی یاسایی ناهێنێتە سەرخۆی."

 

یەكێتی كە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عیراق لە ساڵی 2014 لە كۆی 13 كورسی شەش كورسی پارێزگای كەركوكی بەدەستهێنا، لە ئێستادا پێیوایە ئەندامێتی لە ئەنجومەندا كەمترە لە قەبارەی جەماوەرەكەی.

 

ئەحمەد عەسكەری وتی "دەمێكە وەك یەكێتی داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەن دەكەین، بەڵام ناكرێت هەموو شتێك باسبكەین، زۆر هێز لەگەڵماندا نییە بۆ ئەم بابەتە، ئێمەش وەك یەكێتی پێنج بۆ شەش ئەندامین."

 

لە ساڵی 2005ەوە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجامنەدراوە، بەهۆی ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە لەسەر شێوازی هەڵبژاردن.

 

بە پێی ماددەی 37ی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا‌و قەزاكان، كەركوك بەشداری هەڵبژاردن دەكات بەو مەرجەی چاوبخشێنرێتەوە بە تۆماری دەنگدەران‌و بە میكانیزمێك پۆستەكان بەسەر لایەنەكاندا دابەشبكرێت، بەڵام تائێستا ئەو هەنگاوانە نەگیراوەنەتەبەر.

 

ئەحمەد عەسكەری وتی"سێ حزبی كوردی هەیە زەرەرمەندن لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن، لەوانە گۆڕان كە ئەوكات (ساڵی 2005) نەبووەو نوێنەری نییە، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی نوێنەری نییەو یەكێتیش پشكی خۆی وەرنەگرتووە، بۆیە ئەم هێزانە لەبەرژەوەندییاندایە هەڵبژاردن بكرێت‌و پێداگریش دەكەن."

 

وتیشی"ئەو هێزانەی كە بەرژەوەندییان نییە هەڵبژاردن بكرێت لەوانە پارتی، یەكگرتووی ئیسلامی، شیوعی."

 

ئەحمەد عەسكەری، كە هاوكات ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتییە (پەرلەمانی حزب) وتی "پارتی‌و شیوعی‌و یەكگرتووی ئیسلامی، بە بیانوی ئەوەی دۆخەكە ئاڵۆزدەبێت ئامادەنین لەئەنجومەن دەستلەكاربكێشنەوە."

 

یەكگرتووی ئیسلامی سێ ئەندامی لە لیستی برایەتی هەیە، حزبی شیوعیش دوو ئەندام، ئەوە لەكاتێكدایە ئەو دوو حزبە لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراقدا نەیانتوانی كورسی پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن.

 

ئیبراهیم خەلیل، ئەندامی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئەنجومەنی پارێزگا، نەیویست قسە لەسەر ئەو بابەتە بكات‌و داوای لێبوردنی كرد.

 

2016/ ژمارەیەك ئەندامی لیستی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك. فۆتۆ: وریا كاكەیی.

 

ئیدارەی كەركوك بڕیاریداوە چەند فشارێكی تر بكات، بۆ ناچاركردنی حكومەتی عێراق بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركوك، لەوانە هەڕەشەی ڕێگەنەدان دەكات لە دانانی سندوقی هەڵبژاردن بۆ ئاوارەكان.

 

ڕەوەند مەلا مەحمود، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی 2ی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە لەگەڵ عەرەب، توركمان، نوێنەری پێكهاتەكانی تریش، كۆمەڵێك بژاردەمان لەبەردەمدایە بۆ فشاركردن لەسەر حكومەتی بەغدا، لەوانە ڕێگەنادەین لە كەركوك سندوق دابنرێت‌و ئەوەندەی پێمانبكرێت هەوڵدەدەین هەڵبژاردنەكە لەسەر ئاستی عێراق سەركەوتوو نەبێت."