هەشت كابینە‌و یەك دەرئەنجام

لە 25 ساڵ حوكمڕانيی هیچ ئیدارەدانێك بەبێ‌ ناكۆكی تێنەپەڕی
16-02-2017 03:20
كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم لەگەڵ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كابینە یەك لەدوای یەكەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەندەی پەنجەی شكستیان بۆ درێژ دەكرێت زۆر بەكەمی ستایش دەكرێن، بەبێ‌ ئەوەی هیچ حزبێك بەتەنیا بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرێت.

 

دوای 25 ساڵ لەئەزموونی حوكمڕانی‌و ئیدارەدان، كێشەكانی حكومەت‌و پرسی جارێكیتر پێكهێنانەوەی بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان‌و چاكسازی بووەتەوە بەبابەتی گەرمی گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان، دوای ئەوەی نەیانتوانی لەحكومەتێكدا ناكۆكییەكانیان وەلابنێن.

 

د.ئەمین فەرەج، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لەزانكۆی سەڵاحەدین دەڵێت؛ چوار جۆر چاكسازی هەیە‌و یەكێكیان حكومەت خۆی ئەنجامی دەدات، یان حكومەت‌و ئۆپۆزسیۆن یاخود بەگرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە‌و دوایەمیشیان لەڕێی شۆڕش‌و بەكارهێنانی هێزەوەیە.

 

"سێ جۆریان تاقیكرایەوە لەهەرێمی كوردستان‌و سەركەوتوو نەبوو، پێموایە چوارەمیش كە شۆڕشە كێشەی زۆرەو ناكرێت، چونكە حزبەكان چەكداریان هەیەو خەڵكیان هەیە"، ئەو چاودێرە سیاسیە وای بە پەرەگراف وت.

 

دەستپێكردنەوەی ئەمجارەی دانوستانی حزبەكان، لەسەر دوایین پێشنیار (20/11/2106)ی مەسعود بارزانی هات بۆ گۆڕانكاری لەسەرۆكایەتیەكانی هەرێم، حكومەت‌و پەرلەمان، بەئامانجی چارەسەری ئەو قەیرانە سیاسییەی زیاتر لەساڵێكە بەردەوامی هەیە.

 

پێنج حزبی خاوەن زۆرینەی كورسیەكانی پەرلەمان (پارتی، یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ‌و یەكگرتوو)، دوای ساڵانێك لەململانێ‌ پێكەوە كابینەی هەشتەمیان پێكهێنا لەناوەڕاستی ساڵی 2014دا، بەڵام ئەو حكومەتە تەنیا ساڵێك بەو هاوبەشییە مایەوە‌و ناكۆكییەكانیان جارێكیتر تەقییەوە.

 

گەیشتنە لوتكەی ناكۆكی حزبەكان بەتایبەت گۆڕان‌و پارتی، دوابەدوای بێ ئەنجامبوونی نۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی‌و دەیان دیداری تر بەنێوەندگیری وڵاتانی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی هات، لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم.

 

دانا عەبدولكەریم، بەرپرسی بەشی حكومەت لەژوری پەرلەمان‌و حكومەتی بزووتنەوەی گۆڕان، پێیوایە سیستمی حكومڕانی بەمشێوازەی ئێستا "شكستیهێناوە"‌و زیاتر بۆ پەرەگراف ڕونیكردەوە"لەزۆربەی كەرتەكان كەموكورتی هەیەو ئەوەی بنەمای دەوڵەتداری بێت لەم هەرێمەدا نییەو بەهەموو پێوەرێك یەكێكە لە ڕژێمە شكستخواردووەكانی بەڕێوەبردن لەهەموو دونیادا."

 

بەبڕوای ئەو، یەكەم هۆكار سەروەرنەبوونی یاسایە، چونكە "ئەوەی لە دەسەڵاتە بۆ سودی تایبەتی خۆی بەكاریدەهێنێ‌و ئەوەش دەبێتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی‌و دزی‌و كەسی شیاو لەشوێنی شیاو نییە، ئەمە ساڵ بەساڵ كەڵەكە بووە."

 

بزووتنەوەی گۆڕان، بەسەرۆكی پەرلەمان‌و چەند پۆستێكی وزاری بەشداریكرد لەكابینەی هەشتەمی حكومەت‌و دەسەڵاتی پێكهێنراوی خولی چوارەمی هەڵبژاردن، بەڵام ساڵێك زیاترە لەو پۆستانە دورخراوەتەوە‌و پارتی رێنادات سەرۆكی پەرلەمانیش بگەڕێتەوە هەولێر.

 

عەلی تەتەر، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایە پێكهێنانی حكومەتی بنكەفراوان زیان نەبووە لەكاتێكدا هەموو حزبەكان بۆ ناو حكومەت راكێشراون، بەڵام وەكو ئەو بە پەرەگراف-ی وت"جێی داخە ئەدای هەموومان لەناو حكومەتدا ئەدایەكی وانەبوو هەست بە بەرپرسیارێتی بكرێت بەرانبەر حكومەتێك كە چارەنوسی هەموومانی پێوە گرێدراوە."

 

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، چوارساڵ (2009-2013) بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنیان پێكهێنا‌و هەرپێكیشەوە، بڕیاریاندا بەشداری لە حكومەت بكەن بەپێی ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی وەكو زۆرینەی پەرلەمان.

 

عەلی تەتەر وای دەبینێت ئۆپۆزسیۆن لە هەرێم سەركەوتوو نەبووەو تائێستاش زۆریان نەیانتوانیوە خۆیان یەكلایی بكەنەوە كە ئایا لە حكومەتدان یان ئۆپۆزسیۆنن.

 

كابینەی هاوبەشی حزبەكان كە خۆیان وەكو بنكەفراوان ناوی دەبەن، هەشتەمین حكومەت بوو لەماوەی 25 ساڵی دەسەڵاتی كورددا لە هەرێم، ئەوەش دوای چەند سەردەمێكی جیاواز لەشەڕی ناوخۆ‌و دوو ئیدارەیی.

 

یەكەم كابینەی حكومەت لەساڵی 1992 بەهاوبەشی یەكێتی‌و پارتی پێكهێنرا‌و لەنیوەی تەمەنیدا شەڕی ناوخۆی بەسەرداهات، دواتر بە دوو حكومەتەوە حوكمی كوردستان كرا تا ساڵی 2006‌و كابینەی پێنجەمی یەكگرتوو كە ئەو مێژووەش بە دەسەڵاتی پەنجا بە پەنجای دوو حزبەكە ناودەبرێت.

 

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیە‌و دان بەوەدادەنێت زۆر كەم وانە لە ئەزمونەكانی حكومڕانیی ڕابردوو وەرگیراوە‌و سیستمی حكومڕانی هەڵەی زۆری تێدایەو ئامادەیی نیە بۆ چاكسازی‌و گۆڕانكاری.

 

ئەو بۆ پەرەگراف ئاماژەی بەوەدا كە هەر جۆرە گۆڕانكارییەك پێویستی بەوەیە دامودەزگاكان ئەركی خۆیان جێبەجێ بكەن، ئەوكات ئاساییە حزبێك بەتەنها یان چەند حزبێك حكوم بكەن، بەڵام دەسەڵاتەكانی یاسادانان‌و دادوەری‌و جێبەجێكردن لێك جیابن.

 

"پێویستە ڕێز لەیاسا بگیرێ‌و جێبەجێ بكرێت، ئێستا سەرپێچی كراوەو یاساكان جێبەجێ ناكرێن"، ئارێز عەبدوڵا وای وت.

 

لەچەند كابینەی سەردەمی دوای شەڕی ناوخۆ‌و دەستپێكردنی قۆناغی یەكخستنەوەی ئیدارەكان، چەند حزبێكی تر لەپاڵ یەكێتی‌و پارتی بەوەزارەتێك یان زیاتر بەشداربوون لەحكومڕانی.

 

محەمەد ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی شێوازی حكومڕانی لەئاست خواست‌و چاوەڕوانیی خەڵكدا نابینێت، دەڵێت ئەگەر بەراوردی بكەیت بە دونیا سەرەتا هەروا قۆناغ بە قۆناغ بوو، هەر قۆناغێك شتێك بچێتە پێشەوە خراپ نیە.

 

ئەوەشی بە پەرەگراف وت "ئێستا لەگەڵ ئەو هەموو ناكۆكییەی هەیە مادەم نەگەیشتووەتە شەڕی ناوخۆ ئەمە زۆرباشترە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆ، هەرچەندە خەڵك چاوەڕوانیی زۆر لەوە زیاترە."

 

تائێستا هیچ حكومەتێك بەزۆرینەی یەك حزب لەهەرێمی كوردستان پێكنەهێنراوە، ئەوەی هەبووە لەنێوان دوو حزب یان زیاتر یاخود وەكو دواترینیان كە بنكەفراوان بووە.

 

مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین باسی مێژووی حوكمڕانی كرد لەهەرێم، لەدەسەڵاتی یەك ساڵەی بەرەی كوردستانییەوە لەساڵی 1991وە‌و پاشان یەكەم حكومەت تا دواترینیان، گەیشتوە بەیەك ئەنجام "ئەمانە هیچی سەركەوتوو نەبووە" وەكو ئەو دەڵێت.

 

د.ئەمین فەرەج فرەحزبی لەهەرێم بەشكڵی دەبینێت، چونكە هێشتا دەستاودەستی ئاشتییانەی دەسەڵات نەبووە، بەبڕوای ئەو هۆكاری ئەوەش ئەوەنەبووە كە هێزی دیكە لە گۆڕەپانەكەدا نەبووە، نمونەی ئەوەی هێنایەوە "لەسلێمانی گۆڕان بووە هێزی یەكەم، بەڵام یەكێتی ئیدارەی ڕادەستنەكرد، تەنانەت یەكێتی‌و پارتیش ئامادەنەبوون دەسەڵات ڕادەستی یەك بكەن."

 

هێشتا گفتوگۆی لایەنەكان، لەسەر ئەو بنەمایەیە كام جۆر لەحكومەتداری سەركەوتوو دەبێت، ڕوونیش نییە چەند لایەن كابینەیەكی نوێ‌ پێكدەهێننەوە.

 

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی پێیوایە شێوازی حكومڕانی لەهەرێم هەریەكەیان بۆ كاتی خۆی گونجاو بووە‌و بۆ ئێستاش، بۆچوونیان وایە تاپێیانبكرێت لایەنی زیاتر بەشداریی حكومەت بن باشترە، بەڵام ئەگەر هەندێك لایەن ئامادەنەبوون دەتوانن ئۆپۆزسیۆن بن.

 

عەلی تەتەر دەڵێت ئەوەی بەلایانەوە گرنگە كوردستان لەم قەیرانەو قۆناغە چەق بەستووە ڕزگاربكرێت، ئیدی چۆن دەكرێت دەكەوێتە سەر گفتوگۆكان.

 

گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكان تازە نین، لەماوەی یەك ساڵی رابردووشدا دەیان كۆبوونەوەی جیاواز كراوە سەرباری چەندین دەستپێشخەری‌و نێوەندگیری، بەڵام دەرەنجامەكان بەرهەمیان نەبووە.

 

محەمەد ئەحمەد لەبارەی تێڕوانینیانەوە بۆ ئایندەی حوكمڕانی وتی"لایەنەكان واز لە یەكتر نەخوێندنەوە بێنن‌و تەوافوقی نیشتمانی دروستبكەین لەسەر بنەمای شەراكەتی هەقیقی بەپێی بنەمای ئیستحقاقی هەڵبژاردن."

 

سەبارەت بەو رەخنانەی هەیە لەسەر ئەو حزبانەی لەیەككاتدا لەحكومەت‌و ئۆپۆزسیۆنیشدا ماونەتەوە، بەرپرسەكەی یەكگرتوو وتی"گلەییەكی زۆر بێ جێیە، چونكە دەسەڵات ئەوەنییە شێوازێكی زۆرجوانی پیادەكردبێ تا خەڵك بەتەواوی تەسلیمی واقیعەكە ببن‌و بەدڵیان بێت، ئیجابی ئەوەیە تۆ بەشداریش بیت، بەڵام كۆڵ نەدەیت لە چاكسازی."

 

لەسەروبەندی پێكهێنانی دوایین كابینەی حكومەتی هەرێم، لایەنەكان زۆر جەختیان لەسەر شەراكەتی ڕاستەقینەوە دەكردەوە‌و هەر ئەو خاڵەش، لەسەرەتای دەستبەكاربوونی حكومەتەكەوە زۆرترین مشتومڕی هەڵگرت‌و تائێستاش، یەكێكە لە تەوەرەكانی گفتوگۆ.

 

ئارێز عەبدوڵا لەوبارەیەوە نمونەی حزبەكەی خۆی هێنایەوە "یەكێتی بەشدارەو هاوبەش نیە، ئێمەش گلەییمان هەیە، ڕاستە یەكێتی لەناو حكومەتە، بەڵام ئەوەنییە لەگەڵ پارتی نیوەبەنیوە بن یەكێتی سەدا 25یشی نییە... ئۆباڵی سەرشانی هێندەی هێزیەتی لەناو حكومەت."

 

بەشێكی سەرەكی لەقەیرانی حوكمڕانی‌و دەسەڵات ئێستا لەهەرێم، پرسی سەرۆكایەتی هەرێمە‌و تا ساڵی رابردووش، چوار حزب داوایاندەكرد سیستم پەرلەمانی‌و دەسەڵاتی سەرۆكیش ڕەمزیی بێت، لەبەرانبەردا بەشێكیی تر لەلایەنەكان بەپێچەوانەوە بوون، بۆیە هێشتا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.

 

ئەندامەكەی سەركردایەتی یەكێتی بەپێویستی زانی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لەناو حزبەكان یەكلایی بكرێتەوە، دواتر پەرلەمان بخرێتەوە گەڕو دواتریش پرسی حكومەت، چونكە قۆناغەكە گرنگەو گۆڕانكاری دێنەپێش.

 

پەرلەمانی كوردستان، لەمانگی 10ی ساڵی 2015وە هیچ كۆبوونەوەیەكی نەكردووە‌و پەكخراوە، دوایین دەرفەت گفتوگۆی ئێستای لایەنەكانە، بەڵام هێشتا پارتی‌و گۆڕان وەكو دوو جەمسەری سەرەكی ناكۆكییەكان لەسەر هەڵوێستە دژ بەیەكەكانی خۆیان سورن.

 

چارەسەری ڕیشەیی بەلای دانا عەبدولكەریم-وە ئەوەیە، شێوازی حكومڕانی گۆڕانكاریی بەسەردابێت لە ڕێی سیستمی پەرلەمانیەوە‌و پەرلەمان كارابكرێتەوە، ئەوكات لایەنەسەرەكییەكان لەناو پەرلەمان بگەنە ڕێككەوتن‌و حكومەتێك بۆ قۆناغی گواستنەوە پێكبهێنن تا هەڵبژاردنی داهاتوو.

 

"دەبێت هەڵبژاردنی داهاتوو لە كەشێكی ئاساییدابێت‌و حزبەكان بەپێی دەرەنجامی هەڵبژاردن حكومەتی نوێ پێكبهێنن، بەڵام لەهەموو حاڵەتێكدا تاوەكو شێوازی حكومڕانی‌و ئەقڵییەتی حكومڕانی نەگۆڕین بڕواناكەم باشبوون لە بارودۆخی حكومڕانی هەرێمدا ڕووبدات"بەرپرسەكەی گۆڕان وای وت.

 

وادەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەمساڵە، بەڵام تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ ئەنجامدان یاخود دواخستنی ئەو پڕۆسەیە نییە، هەرچەندە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئامادەیی بەڕێوەبردنەكەی دەربڕیووە.

 

بەبڕوای د.ئەمین فەرەج، بۆ قۆناغی ئێستای هەرێم باشترین چارەسەر دروستكردنی حكومەتێكە تا قۆناغی هەڵبژاردن، دوای ئەوە بەپێی ڕێژەی دەنگ هاوكێشەی نوێ بۆ دروستكردنی حكومەت دروست دەبێت.

 

هەرێمی كوردستان، زیاتر لەدوو ساڵە لەقەیرانی دارایی‌و شەڕی دژ بەداعشدایە، خەڵك لەپاڵ ئەو كێشانەدا هێشتا چاوەڕێی دەرئەنجامی گفتوگۆ درێژخایەنەكانی حزبەكانن، بۆئەوەی دۆخەكە لەوەی هەیە بەرەو خراپتر نەڕوات لەسایەی ململانێكاندا.