پەرەگراف هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لەسەر كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكرا دەكات

پەرەگراف- سوركێو محەمەد
بەرهەم ساڵح سوورە لەسەر بەشدارینەكردن لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی كە ئەندامانی هەردوو باڵی ناوەندی بڕیارو زۆرینەی یەكێتی بەشداریی تێدادەكەنو پێیوایە "ئەنجامیان نابێت"، وەك گرتنەبەری هەنگاوێكی نوێش بڕیاریداوە پەیوەندییەكانی لەناوخۆو دەرەوەی حزبەكەی ئاسایی بكاتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەمڕۆ بۆ جاری سێیەم لەدوای ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیار، بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو باڵی ناوەندی بڕیارو زۆرینە لە سلێمانی كۆبووەوەو چەند پرسێكی ناوخۆیی حزبەكەی تاوتوێ كرد.
هەرچەندە ئەو سێ كۆبوونەوەیە بەسەرپەرشتی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی ئەنجامدران، بەڵام بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ پێكەوە ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، بەشداریی لەو كۆبوونەوانەدا نەكردو تاكاتێكی نادیار بەشداریی ناكات.
بەوتەی دوو سەرچاوەی نزیك لە بەرهەم ساڵح، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی زۆر پێیانوتووە كە بەشداربێت لەگەڵیان، بەڵام ئەو ڕەتیكردوەتەوەو وتویەتی"بەشدارنابم چونكە پێموایە بەمجۆرە كێشەكان چارەسەر نابن، بەڵام نابمە ئاستەنگو ڕێگریش نابم لە كۆبوونەوەكان."
یەكێك لەو سەرچاوانە كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف وتی"لەبەرئەوەی پێشتر ڕێكنەكەوتوون لەسەر چارەسەری كێشەكان بەبڕوای كاك بەرهەم ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامیان نابێت، پێشتریش زۆر كۆبوونەوە كراوەو ئەنجامی نەبووە."
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو"دیارنییە تاكەی بەشداری ناكات لە كۆبوونەوەكان" هەرچەندە زۆریان پێوتووە كە ئەو كۆبوونەوانە ئەنجامی باشیان دەبێت، بەڵام بەرهەم ساڵح لەو بڕوایەدا نییە.
هاوكات سەرچاوەیەكی دیكەی نزیك لە بەرهەم ساڵح كە بەهەمانشێوە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، ئەو زانیارییانەی لەبارەی هۆكاری بەشدارینەكردنو هەڵوێستی بەرهەم ساڵح لەسەر كۆبوونەوەكان پشتڕاست كردەوە.
وەك گرتنەبەری هەنگاوێكی نوێش، ئەو سەرچاوەیە وتی"د.بەرهەم بڕیاریداوە پەیوەندییەكانی ئاسایی بكاتەوە لەناوخۆی یەكێتی بە ماڵی مام جەلالیشەوە، لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش بەهەمانشێوە، چونكە پێیوایە بەو شێوازە ململانێیەی كە لەڕابردوودا كراوە دەستكەوتیان نابێت."
ئامادەبوونی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دوای ئەوەدێت لەماوەی ڕابردوو لێكنزیك بوونەوە هەبووە لەنێوان كۆسرەت ڕەسوڵو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە كەسی یەكەمی باڵەكەی دیكەیەو خۆیان بە "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی" ناودەبەن، ئەوەش بەنێوەندگیری بافڵ تاڵەبانی كوڕی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.
بەوتەی سەرچاوە نزیكەكانی بەرهەم ساڵح، ڕێككەوتنێك لەنێوان كۆسرەت ڕەسوڵو بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدراوە بۆ چارەسەری كێشەكان، "كاك بەرهەم نەچووەتە ژێرباریو پێی باش نییە." یەكێك لە سەرچاوەكان وای وت.
كێشەی سەرەكی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیانە كە لەدوای نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتیو دوركەوتنەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ناكۆكی قووڵیان.
"كاك بەرهەم دەیەوێت كە مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی بڕیارێكیان دەركرد ئەوە ببێتە بڕیاری یەكێتیو جێبەجێ بكرێت، نەك بڕیار دەربچێتو شتێكی دیكە جێبەجێ بكرێت، پێیوایە بەمشێوازەی ئێستا یەكێتی بەڕێوەناچێت." سەرچاوەكە وای وت.
جەلال تاڵەبانی لەمانگی 12ی 2012وە توشی نەخۆشی بوو، لەوكاتەوە لە سیاسەت دوركەوتووەتەوەو بەوهۆیەوە كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی یەكێتی پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی رەخنەو تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكەیان.
لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لەڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی "زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان" ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوەو بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.
سەرچاوە نزیكەكانی بەرهەم ساڵح ئەوەدەخەنەڕوو كە ناوبراو ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی سەرپشك كردووە كە نزیكن لێیەوەو لە ناوەندی بڕیارن بۆ بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی.
یەكێك لە سەرچاوە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵح وتی"برادەرانی سەرپشك كردووە كە بچنە كۆبوونەكەو پێی وتوون من وەكو شەخسیی خۆم بەشداری ناكەم، ئەگەر كێشەكانتان چارەسەركرد شتێكی باش دەكەن." لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان بەرهەم ساڵحو كۆسرەت ڕەسوڵ لە ئێستادا، وتی"پەیوەندی لەگەڵ كاك كۆسرەت باشەو وەكو برا سەیری یەك دەكەن، بەڵام تێڕوانینیان جیاوازە ئەوەش ئاساییەو ئێستا كەمێك جیاوازییەكەیان زیاتربووە."
وەك كەسانی نزیكی دەڵێن، ئێستا بەرهەم ساڵح چاوەڕێی ئەنجامی ئەو كۆبوونەوانە دەكات تابزانێت هەنگاوی جددیو كرداریی تێدا دەنرێت بۆ چارەسەری كێشەكانی ناو حزبەكەی یخود نا.
"كاك بەرهەم بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت، دەیەوێت یەكێتی بكەوێتە دەست مەكتەبی سیاسیو سەركردایەتی تاكاتی كۆنگرە، نەك بكەوێتە دەست گروپو تاقمی جیاواز، ئەو چارەسەری دەوێت نەك پلەو پۆستو شتی لەوجۆرە." یەكێك لە سەرچاوە نزیكەكان لە بەرهەم ساڵح وای وت.