پەرەگراف
هێزە عێراقییەكان تەواوی فڕۆكەخانەی موسڵ-یان كۆنتڕۆڵكردەوە، ئەوەش بەپێی ڕۆیتەرز كە لە كەناڵی عێراقییەی فەرمی وەریگرتووە .
ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری خۆرئاوای موسڵ پێینایە پێنجەمین ڕۆژو هێزە عێراقییەكان توانییان بەتەواوی فڕۆكەخانەی موسڵ لە دەست داعش ڕزگار بكەن كە بەپێگەیەكی ستراتیژی دادەنرێت بۆ چڕتر كردنەوەی هێرشەكان بۆسەر داعش.
ڕێگای فڕۆكەخانەی موسڵ. فۆتۆ: كوینتین سۆمێرڤیڵ- بی بی سی.
هەرچەندە ڕێكخراوی داعش لە 2 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی خاكی ژێر دەستی لەدەستداوە لەعێراقو سوریا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانو هێزە عێراقییەكان، بەڵام هێشتا لە عێراق بەشێكی شاری موسڵی بەدەستەوە ماوە كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە.
پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەكان، شەش هەزار چەكداری داعش لەو شارەبوون، تا ئێستا هەزاریان كوژراونو پێنج هەزاری دیكەشیان ماون كە ئێستا لەبەشی خۆرئاوای موسڵن.
هێرشی ئەمڕۆی هێزە عێراقییەكان بۆسەر فڕۆكەخانەی موسڵ. ڤیدیۆ: ڕۆیتەرز.
چەكدارانی داعش ئێستا لە خۆرئاوای موسڵ گەمارۆدراون كە مەزەندە دەكرێت 650 هەزار كەسی مەدەنی لێبێت، ئەوەش دوای دەركردنی رێكخراوەكە لەقۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شارەكە لەسەر دەستی هێزە عیراقییەكان بە پاڵپشتی هاوپەیمانان.
پێشتر لە رۆژی 8ی ئەم مانگەدا، جەنەڕاڵ ستیڤن تاونسێند فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی دژ بە داعش لە عێڕاقو سوریا رایگەیاندبوو چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی شەش مانگی داهاتوودا سەرجەم ناوچە گرنگەکانی ژێر دەستی داعش لە عێراقو سوریا کۆنتڕۆڵبکرێنەوە، "پێموایە کۆتایی هەردوو ئۆپەراسیۆنی رەققەو موسڵ لەو ماوەیەدا دەبینین."
قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لەژێر دەستی داعش لە 17ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو دەستیپێكردو مانگی ڕابردوو بە دەركردنی داعش لە خۆرهەڵاتی شارەكە كۆتایی هات، ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری خۆرئاوای موسڵ سەرلەبەیانی 19ی ئەم مانگە دەستیپێكردو هێزەكانی سوپاو پۆلیسو حەشدی شەعبی بەشدارن تێیدا.
هێزە عێراقییەكان بە بلدۆزەر ڕێگای فڕۆكەخانەكە پاكدەكەنەوە. فۆتۆ: كوینتین سۆمێرڤیڵ- بی بی سی.
ئێستا ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادكردنی بەشی خۆرئاوای موسڵ بەردەوامە كە كەمتر لەنیوەی ڕوبەری شارەكە پێكدەهێنێتو زۆربەی بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدان.
چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی خۆرئاوای شاری موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵانو شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكنو سوپای عێراق ناتوانێت بەپێی پێویست تانكو زرێپۆش بەكاربهێنێت لە شەڕەكەدا.
هێزە عێراقییەكان لەمیانی هێرشی كۆنتڕۆڵكردنەوەی فڕۆكەخانەكە. فۆتۆ: كوینتین سۆمێرڤیڵ- بی بی سی.
شەڕی موسڵ بە گەورەترین هێرشی وشكانیی دادەنرێت لەدوای ڕوخانی رژێمی سەدام لەساڵی 2003، لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشدارییان تێداكردو دوای كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند ناوچەیەك، پێشڕەوییەكانیان ڕاگرت.