شیفا گەردی ڕۆژنامەنوسی دیاری كەناڵی ڕووداو لە موسڵ شەهید بوو

25-02-2017 04:47
شیفا گەردی

 

پەرەگراف

 

شیفا گەردی ڕۆژنامەنوسی دیاری كەناڵی ڕووداو لەمیانی ڕووماڵی ئۆپەراسیۆنەكانی موسڵ شەهید بوو، وێنەگرەكەشی بریندار بوو.

 

تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند"ئەمڕۆ شەممە 25/02/2016، بەداخەوە لەكاتی رووماڵی رووداوەكانی شاری موسڵ، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو، شیفا گەردی، رۆژنامەنووسی لێهاتووی رووداو شەهید بوو، وێنەگرەكەشی یونس مستەفا بریندار بوو."

 

تەرمی شیفا گەردی دەخرێتەناو ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن‌و دەیگەڕێننەوە بەرەو هەولێر.

 

ئەو ئۆتۆمبێلەی تەرمی شیفا گەردی دەگەڕێنێتەوە بەرەو هەولێر.

 

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار، بە پەرەگرافی وت"شیفا گەردی لەنزیك گەڕەكی حەی مەئمون لە موسڵ گیانی لەدەستداوە."

 

كاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەرمی شیفا گەردی دەگەڕێننەوە بەرەو هەولێر. 


ئەو ناوچەیەی شیفا گەردی تێدا شەهیدبووە شەڕی قورسی تێدایە لەنێوان سوپای عێراق‌و چەكدارانی داعش.

 

كاروانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تەرمی شیفا گەردی دەگەڕێننەوە بەرەو هەولێر. 

 

پەرەگراف زانیویەتی هەر ئەمڕۆ ژمارەیەك ڕۆژنامەنوسی دیكە ویستویانە لەهەمان شوێنی شیفا گەردی‌و تیمەكەیەوە بچنە پێشەوە بۆ ڕووماڵی شەڕ، بەڵام بەهۆی سەختی شەڕەكەوە گەڕاونەتەوە. 

 

وێنەی ئەمڕۆی گەڕەكی حەی مەئمون لە دوورەوە. فۆتۆ: وەرزێر جاف.

 

وەك كەناڵەكەی دەڵێت"شیفا گەردی، یەكێك بوو لە كادیرە هەرە چالاك و كاراكانی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دامەزراندنی تەلەڤزیۆنی رووداوەوە، ئەستێرەیەكی دیاری شاشەی رووداو و میدیای كوردی بووە، جگە لەوە بەڕێوەبەڕێكی كارا و كاریگەری تۆڕی میدیایی رووداو بوو."

 

شیفا، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی موسڵ، بەرنامەی تایبەتی بەو شەڕە بە ناوی فۆكس موسڵ هەبووە، بەشێوەیەكی مەیدانی وەك ڕۆژنامەوانێكی جەنگی لە میحوەرەكانی جەنگ ئامادە دەبوو، ڕاپۆرتی دەكرد.

 

وێنەی ئەمڕۆی ئاوارەبوونی خەڵك لە نزیك گەڕەكی حەی مەئمون. فۆتۆ: وەرزێر جاف.

 

خەڵك لە گەڕەكی حەی مەئمونەوە بەرەو ناوچە ئارامەكان دێن. فۆتۆ: وەرزێر جاف.

 

ژیاننامەی شیفا گەردی:

 

- شیفا زکری ئیبراهیم، ناسراو بە شیفا گەردی

- لە 1-7-1986 لە ئاوارەیی لە ئێران لەدایکبووە.

- لە ساڵی 2006 پەیمانگای تەکنیکی بەشی کۆمپیوتەری تەواوکردووە.

- لە ساڵی 2013 بەشی راگەیاندنی لە کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین تەواوکردووە.

- لە ساڵی 2007 تاوەکو ساڵی 2010 لەگەڵ کاری رۆژنامەنووسی کاری مامۆستایەتی کردووە.

- لە ساڵی 2006 دەستی بە کاری راگەیاندن کردووە.

- لە سەرەتای دامەزاردنی تۆڕی میدیایی رووداو، وەک ئەستێرەیەکی دیاری شاشەی رووداو دەرکەوتووە.

- بەڕێوەبەری بەشی ئاوتپووتی رووداو بوو.

- لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بەرنامەی فۆکەس موسڵی پێشکەش دەکرد.

بەشێوەیەکی مەیدانی وەک رۆژنامەوانێکی جەنگی لە میحوەرەکانی جەنگ ئامادە دەبوو و راپۆرتی دەکرد.