پەرەگراف
مەسعود بارزانی بۆ دووەمین جار لەماوەی هەفتەیەكدا لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی توركیا كۆدەبێتەوەو بڕیارە گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێكی گرنگ بكەن.
بڕیارە سبەینێ مەسعود بارزانی سەردانی شاری ئەستەنبوڵی توركیا بكاتو لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆببێتەوەو ڕۆژی دواتر بەرەو ئەنقەرەی پایتەخت بەڕێبكەوێت بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بینالی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا.
ماڵپەڕی حوڕییەتی توركی لەزاری بەرپرسە كوردەكانەوە ئاشكرای كردوە كە بارزانیو سەركردە توركەكان باس لە وزە، پەیوەندی ئابوری دوولایەنە، ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش لەعێراقو شەڕی دژی پەكەكە دەكەن.
بەپێی حوڕییەت، یەكێك لەباسە گرنگەكانی نێوان بارزانیو بەرپرسە توركییەكان بریتی دەبێت لەو ئۆپەراسیۆنەی بڕیارە لەدژی داعش لەسوریاو بۆ سەر شاری ڕەققەی پایتەختی خەلافەتی داعش بەڕێوەبچێت.
"پلانەكە چەكدارە كوردەكانی سوریا لەخۆدەگرێت، كە ناودەبرێن بە (پێشمەرگەی ڕۆژئاوا)و پێشتر لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕاهێنانیان پێكراوە بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی سوریا." ئەوەش بەوتەی بەرپرسێكی تورك كە نەیویستوە ناوی بڵاوبكرێتەوە.
"بەشێك لەو هێزە كوردییانەی سوریا لەلایەن هێزەكانی سوپای توركیاوە لەكەمپی بەعشیقەی باكوری عێراق ڕاهێنایان پێكراوەو لەلایەن ئەنقەرەوە بە لایەنی دۆست وەسفكراون." حوڕییەت وا دەڵێت.
پرسێكی دیكەی گرنگی نێوان بارزانیو بەرپرسانی توركیا، ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنەی هەفتەی ڕابردووی نێوان ئێرانو عێراق دەبێت كە لەبارەی هەناردەی نەوتی كەركوكبۆ ئێران واژۆكرا.
بەپێی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە، هەریەك لە بەغداو تاران لیژنەیەكی هاوبەشیان پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لەهەناردەكردنی نەوتی كەركوك لەڕێی بۆرییەوە بۆ ئێرانو دواتر بۆ بازاڕەكانی جیهان، ئەگەر ئەو بۆرییەش دروست بكرێت، دەبێت بەخاكی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدا تێبپەڕێت.
لەئێستادا نەوتی كەركوك لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمدایەو لەڕێی بۆری نەوتیی سەربەخۆی هەرێمەوە دەنێردرێتە بەندەری جەیهان لە توركیا.