داعش ڤیدیۆی شەڕی كۆڵان بە كۆڵانی لە موسڵ بڵاوكردەوە

28-02-2017 01:57
داعش ئاگری بەردایە كارگەی شەكر لە موسڵ، 23-2-2017. فۆتۆ: كوینتین سۆمێرڤیڵ- بی بی سی.


پەرەگراف

 

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە ئێستا لەبەری خۆرئاوای شاری موسڵ لەژێر فشارو گەمارۆی توندی هێزە عێراقییەكاندایە، ڤیدیۆی شەڕی كۆڵان بە كۆڵانی یەكێك لە گەڕەكەكانی موسڵی بڵاوكردەوە.

 

ئاژانسی ئەعماق كە پڕوپاگەندە بۆ داعش دەكات، دوێنێ ڤیدیۆكەی بڵاوكردووەتەوە كە شەڕی نێوان چەكدارانی ڕێكخراوەكەی‌و هێزە عێراقییەكان پیشاندەدات لە گەڕەكی حەی تەیران لە نزیك فڕۆكەخانەی موسڵ.

 

 

 

فڕۆكەخانەكە 23ی ئەم مانگە لەلایەن هێزە عێراقییەكانەوە بەتەواوی كۆنتڕۆڵكرا، ئەوەش لە پێنجەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری خۆرئاوای موسڵدا بوو.

 

هەرچەندە ڕێكخراوی داعش لە 2 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی خاكی ژێر دەستی لەدەستداوە لەعێراق‌و سوریا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانان‌و هێزە عێراقییەكان، بەڵام هێشتا لە عێراق بەشێكی شاری موسڵی بەدەستەوە ماوە كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە.

 

پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ لەلایەن هێزە عێراقییەكان، شەش هەزار چەكداری داعش لەو شارەبوون، تا ئێستا هەزاریان كوژراون‌و پێنج هەزاری دیكەشیان ماون كە ئێستا لەبەشی خۆرئاوای موسڵن.

 

چەكدارانی‌ داعش ئێستا لە خۆرئاوای موسڵ گەمارۆدراون كە مەزەندە دەكرێت 650 هەزار كەسی‌ مەدەنی‌ لێبێت، ئەوەش دوای‌ دەركردنی‌ رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی موسڵ لەقۆناغی‌ یەكەمی‌ ئۆپەراسیۆنی‌ ڕزگاركردنی‌ شارەكە لەسەر دەستی‌ هێزە عیراقییەكان بە پاڵپشتی‌ هاوپەیمانان.



ئێستا ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادكردنی بەشی‌ خۆرئاوای‌ موسڵ بەردەوامە كە كەمتر لەنیوەی ڕوبەری شارەكە پێكدەهێنێت‌و زۆربەی‌ بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدان.

 

چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی خۆرئاوای موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵان‌و شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكن‌و سوپای عێراق ناتوانێت بەپێی پێویست تانك‌و زرێپۆش بەكاربهێنێت لە شەڕەكەدا.

 

شەڕی‌ موسڵ بە گەورەترین هێرشی‌ وشكانیی دادەنرێت لەدوای‌ ڕوخانی‌ رژێمی‌ سەدام لەساڵی‌ 2003، لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشدارییان تێداكردو دوای كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند ناوچەیەك، پێشڕەوییەكانیان ڕاگرت.