كێبڕكێی زانیاری لەڕێی مەرگ

میدیاكان بەبێ‌ كەرەستەی سەلامەتیی پێویست ڕۆژنامەنوسان دەنێرنە بەرەی جەنگ
28-02-2017 06:26
مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنوسان هەیە لە بەرەی پێشەوەی شەڕی موسڵ. فۆتۆ: پەرەگراف.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بەشێك لەمیدیاكانی هەرێمی كوردستان، بەبێ‌ دابینكردنی ئۆتۆمبێلی درع‌و كەرەستە پێویستەكانی تری سەلامەتی ڕۆژنامەنووسانیان ڕەوانەی بەرەكانی جەنگ دەكەن، بەوەش ژیانی كارمەندەكانیان دەخەنە مەترسییەوە لەپێناو كێبڕكێی ڕوماڵی پێكدادانەكان.

 

دوایین قوربانی ڕوماڵی شەڕ لەعێراق، شیفا گەردی ڕۆژنامەنووسی تۆڕی میدیایی ڕووداو بوو، كاتێك 25ی ئەم مانگە بەهۆی بۆمبی چێنراوەوە لەشاری موسڵ شەهید بوو، ئەوەش پەردەی لەسەر كەموكوڕییەكانی كاری ڕۆژنامەوانی جەنگ هەڵدایەوەو پرسی سەلامەتیی ڕۆژنامەنوسانی خستەبەرباس.

 

زیادبوونی ئەو مەترسییانە لەكاتێكدایە، تادێت شەڕی دژ بەداعش بەتایبەت لەسنوری پارێزگای موسڵ توندتر دەبێتەوە‌و میدیاكانیش كێبڕكێیانە بۆ گەیاندنی زۆرترین زانیاری بە بینەر‌و گوێگر‌و خوێنەرەكانیان، بۆیە دەیان ڕۆژنامەنووس لەبەرەكانی پێشەوەی ڕوبەڕوبوونەوەدا ڕوماڵ دەكەن.

 

ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنوسانی كوردستان بەرپرسیارێتی سەلامەتی پیشەیی دەخاتە ئەستۆی میدیاكان، بە پەرەگراف-ی وت"دەزگاكان كەمتەرخەمن‌و بەرپرسیارێتی یەكەم لەئەستۆی ئەوانە."

 

نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان ئەوەشی خستەڕوو، ستانداردێك هەیە بۆ گرێبەستی ڕۆژنامەنوسان‌و ئەو دەزگایەی كاری لێدەكەن، لەوێدا باسی سەلامەتی پیشەیی‌و مافەكانی ڕۆژنامەنوسان كراوە، "بەڵام دەزگاكان ئەو گرێبەستە ناهێننە سەندیكا تا پەسەند بكرێت‌و ئەگەر كەموكورتی هەبوو تێبینی خۆمانی لەسەر بدەین، بەپێی یاسا دەبێت بیهێنن، بەڵام پابەندی یاسای ڕۆژنامەگەریی نابن."

 

لەناوەڕاستی 2014وە شەڕی داعش سەریهەڵداوە‌و زیاتر لەچوار مانگیش دەبێت، دەیان ڕۆژنامەنووسی هەرێمی كوردستان‌و عێراقی‌و بیانی ڕوماڵی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ دەكەن، كە بەیەكێك لەڕوبەڕوبوونەوە توند‌و گەورەكان دادەنرێت.

 

ڕۆژنامەنوسانی میدیا بیانییەكان، تەنیا بە ئۆتۆمبێلی درع‌و لەبەركردنی جل‌و كڵاوی گوللە نەبڕ دەچنە بەرەكانی پێشەوە، تەواوی ئەو خەرجییانەش لەلایەن دەزگاكانیانەوە دابیندەكرێت.

 

محەمەد عەزۆ، خاوەنی ئۆتۆمبێلی درعەو هاتووچۆ بەڕۆژنامەنوسە بیانییەكان دەكات، ئەو تەئكید لە گرنگیی ئۆتۆمبێلی درع‌و كڵاو و هێلەكی گوللە نەبڕ دەكاتەوە بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنوسان.

 

"رۆژانە بە 200 تا 300 دۆلار هاتووچۆ بە ڕۆژنامەنوسە بیانییەكان دەكەم"، محەمەد بۆ پەرەگراف وایوت.

 

ئەو كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری فۆردی گوللەنەبڕی پێییە، چەندینجار روبەڕوی مەترسی بوونەتەوەو بەهۆی مانەوەیان لەنێو ئۆتۆمبێلەكەدا ژیانیان بەپارێزراوی ماوەتەوە، "فیشەكی قەناسی داعش زۆر بۆمان دێت، دوایینجار فیشەكێك بەر بەشی خوارەوەی ئۆتۆمبێلەكەم كەوت."

 

ڕۆژنامەنوسانی كەناڵە كوردییەكان، بەتایبەت لەئێستادا كوردستان 24و ڕووداو، پێشتریش ئێن ئاڕ تی بەئۆتۆمبێلی ئاسایی‌و بەبێ درع هەندێكجار بەبێ كڵاوی گوللەنەبڕ نێردراون بۆ بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، ئەوەش ئەو میدیایانەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردۆتەوە.

 

پەرەگراف زانیویەتی ژمارەیەك لە ڕۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵانە، نیگەرانن لەوەی ئۆتۆمبێلی درعیان بۆ دابین نەكراوە هەرچەندە چەندینجار داوایان كردووە، هەروەك كەناڵەكانی كوردستان 24ی ڕووداو ئۆتۆمبێلەكانیان پارچەی تەقەمەنییان بەركەوتووە.

 

ڕۆژنامەنوسی یەكێك لەو كەناڵە كوردییانەی ڕووماڵی شەڕەكان دەكات‌و بۆئەوەی ڕوبەڕوی كێشە نەبێتەوە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، میدیاكەی خۆی بە كەمتەرخەم زانی‌و بە پەرەگراف-ی وت "بەردەوام داوای ئۆتۆمبێلی درعمان كردووە، كەناڵەكەمان نییەتی‌و كۆمپانیایەك ئەو ئۆتۆمبێلەی هەیەو بەرپرسانی كەناڵەكەمان دەڵێن خەرجیی زۆرە، بۆیە دابینی ناكەن."

 

گلەیی ئەو ڕۆژنامەنووسە بەبێ‌ هۆكار نییە، چونكە وەكو ئەو دەڵێت چەندینجار بۆمبە چێنراوەكانی داعش لەمەرگی نزیككردونەتەوە لەبەرنەبوونی كەرەستەكانی سەلامەتی، "تەنیا خوا" پاراستوونی.

 

جگە لە ئۆتۆمبێلی درع‌و كەرەستەكانی سەلامەتی، ڕوماڵی جەنگ پێویستی بە ڕاهێنان‌و ئامادەكاری پێویست هەیە، ئەوەش لەمیدیای كوردیدا وەك پێویست نییە.

 

ئاوات عەلی، بەڕێوەبەری گشتی كەناڵی ئێن ئاڕ تی بە پەرەگراف-ی وت"زۆرجار لەنوسینگەی سەرەكییەوە پەیامنێرو بێژەرمان ڕۆیشتووە بۆ ڕوماڵی شەڕ، وەك تیمێكی تایبەت كە كڵاوی گوللەنەبڕ و درعیان پێبووە."

 

ئەو كەناڵە كە چەند مانگێكە بەتایبەت لە ڕوماڵی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دورخراوەتەوە، وەكو بەرێوەبەرەكەی باسیكرد ڕۆژنامەنوسانیان لەچەند ساڵی ڕابردوودا زیاد لەجارێك ڕاهێنانیان وەرگرتووە لەسەر چۆنێتی ڕوماڵی بەرەكانی شەڕو فریاگوزاریی سەرەتایی.

 

ئێن ئاڕتی ئۆتۆمبێلی درعی نییە بۆ هاتوچۆی بەرەكانی شەڕ، ئاوات عەلی دەڵێت "ئەوانەی لەگەڵ پێشمەرگە بوون زۆركات لەگەڵ هامەرەكانی پێشمەرگە چوونەتە پێشەوە، سەیارەی ئێس ئێنجیش(گواستنەوەی ڕاستەوخۆ) درع نییە."

 

تائێستا تەنها یەك پەیامنێری ئێن ئاڕتی برینداربووە لەمیانی ڕوماڵی شەڕەكاندا ئەویش لە سنوری كەركوك بووە بەهۆی بۆمبەوە.

 

ڕۆژنامەنوسە بیانییەكان لەگەڵ دابینكردنی پێداویستییەكان سەلامەتیی، هاوكات لەسەر ئەركی كەناڵەكانیان شارەزای سەربازیشیان بۆ دابینكراوە، ئەمەش لە میدیا كوردییەكاندا بوونی نییە، تەواوی ئەو میدیا جیهانییانەی ڕووماڵی شەڕی موسڵ دەكەن، وەك: ڕۆیتەرز، فرانس پرێس، ئەسۆ شیەیتدپرێس، بی بی سی‌و سی ئێن ئێن، كاتێك ڕۆژنامەنوسەكانیان دەچێتە بەرەی شەڕ شارەزای سەربازیی لەگەڵدایە بۆ ئاگاداریی ڕەوشی سەلامەتییان.

 

یەكێك لەوكەسانەی وەك شارەزای سەربازیی‌و وەرگێڕ لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنوسانەدایە بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد ڕۆژنامەنوس كە دەچێتە بەرەی شەڕ جیاوازی نییە لەگەڵ سەرباز، بەڵام ڕۆژنامەنوسەكان شاڕەزای شەڕ نین‌و پێویستیان بە شارەزای سەربازییە تاوەكو ئاگای لە سەلامەتییان بێت.

 

"لەكوێوە هاتووچۆ بكەیت‌و شوێنی وەستان كوێ بێت؟ بۆنمونە نابێت لای پەنجەرەو دەرگاو سەرسوچی كۆڵانەوە بوەستیت، ڕۆژنامەنوس ئەمانە نازانێت، ئەو سەرقاڵی ڕووماڵی هەواڵەو نایپەرژێتەسەر ئەوە، دەبێت شارەزا سەربازییەكە ئاگاداری سەلامەتیی بێت."ئەو شارەزایە وای وت.

 

ئەو كەسە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، لە سەرەتای شەڕی موسڵەوە ئۆتۆمبێلێكی درعی بۆ هاتووچۆ بە ڕۆژنامەنوسە بیانییەكان كڕیوە، وتی"مەترسیدارە بە سەیارەی ئاسایی بچیتە بەرەس شەڕ، تەنانەت ئەگەر زۆر نەشچیتە پێشەوە ئەگەری هەیە هاوەنێك یان فیشەكێكت ئاڕاستە بكرێت‌و ژیانت بكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە ئۆتۆمبێلێكی مۆدێل كۆنی درعم كڕی بە 13 هەزار دۆلار بۆ هاتووچۆ."

 

بەپێی ئامارەكانی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان، لەشەڕی دژ بەداعش هەشت ئەندامی سەندیكا شەهید بوون‌و 20ی دیكە برینداربوون، دواینیان شیفا گەردی رۆژنامەنوسی رووداو بووە.

 

بەرپرسانی كەناڵی ڕووداو ئامەدەنەبوون قسە بكەن، هەروەها پەرەگراف پەیوەندیكرد بە كەناڵی كوردستان 24 هەرچەندە وتیان وەڵام دەدەنەوە بۆ دیاریكردنی كەسێك كە بەناوی كەناڵەكەوە قسەبكات، بەڵام دوای تێپەڕبوونی 48 كاتژمێر لە پەیوەندییەكە وەڵامیان نەدایەوە.

 

نەقیبی سەندیكای ڕۆژنامەنوسان پێیوایە لەپاڵ مەترسیداریی پیشەی ڕۆژنامەوانی، ئەو كەرەستانەی بۆ سەلامەتیش لەبەردەستدان بەكەڵك نایەن، "ئەو گوللەنەبڕە حسابی گوللەیەكی كردووە كە بەرسنگی بكەوێت، پێویستە دەزگاكان هەموو كەرەستەیەكی سەلامەتی دابین بكەن، بەجۆرێك تەواوی جەستە دابپۆشرێت بەگوللەنەبڕ"، وەكو ئەو دەڵێت.

 

سێ ساڵە سەندیكای رۆژنامەنوسان نوسینگەی سەلامەتی پیشەیی كردووەتەوە، كە تائێستا 37 خولی هەبووە لەڕێی كەسانی پسپۆڕەوە بۆ 851 كەس لە وێنەگرو پەیامنێری میدیاكان، ئەوەش بەپێی گرێبەستێك لەگەڵ فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنوسانی نێودەوڵەتی.

 

ئازاد حەمەئەمین ئەوەشی وت كە بەوپێیەی ڕۆژنامەنووسان تابلۆی سەركەوتنەكانی شەڕ تەواو دەكەن، وەزارەتی پێشمەرگە ئەركی دەكەوێتە سەرشان لەدابینكردنی پێداویستییەكانی سەلامەتی، جگە لەوەش لەگەڵ لایەنی تری ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بۆ ئەو هاوكارییە گفتوگۆیان كردووە.

 

سەندیكا هەوڵیداوە بە هەماهەنگی لەگەڵ زانكۆكان سەلامەتی پیشەیی بخاتە پڕۆگرامی خوێندنەوە، بەشی ڕاگەیاندن لەكۆلێژی ئادابی زانكۆی سەڵاحەدین ئەو هەنگاوەی جێبەجێكردووە، هەرچەندە نەكراوەتە ماددەی سەرەكی‌و خوێندنی ئیختیارییە.