پەرەگراف- كەركوك ناو
دانیشتوانی بەری ڕاستی موسڵ، ڕوبەڕوی برسێتیو گرانی دەبنەوە بەهۆی پێكدادانەكانەوە، جگە لەو هەڕەشەو مەترسییانەی داعش ڕۆژانە بەگوێیاندا دەدات، بۆیە هەموو هەوڵێكیاندا بۆ ئەوەیە بە كەمترین زیانی گیانی هەڵبێن.
ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی، لەزاری ئاوارەكانەوە ئاماژەی بە خراپی رەوشی ژیان كردووە لە ڕۆژئاوای شاری موسڵ، نیگەرانە لەو قەیرانە مرۆییەی لەناوچەكەدا هەیە لەكاتێكدا ناتوانن دەستی هاوكاری بگەیەننە خەڵك.
ئەو هاوڵاتییانەی لە بەری ڕاستی موسڵەوە ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوون، جەختدەكەنەوە لەوەی خۆراكو سوتەمەنیو دەرمانو ئاو، زۆر بە دەگمەن دەستدەكەونو نرخی شتومەكیش زۆر بەرزبۆتەوە.
دایكی مەحمود، تەمەنی 50 ساڵەو سەرەتای ئەم هەفتەیە لەبەری ڕاستی موسڵەوە گەیشۆتە كەمپەكانی گەیارە لە باشوری ئەو شارە، دەڵێت خەڵك زۆر پێویستی بە سوتەمەنی هەیە بۆ خۆگەرمكردنەوەو لێنانی چێشت.
نرخی یەك دەبە زەیتی چێشت ئێستا لە بەری ڕاستی موسڵ بە 18 هەزار دینارە، فەردەیەكی پەنجا كیلۆیی ئارد بە 12 هەزار دینارو كیلۆیەك شەكر بە 20 هەزار دینارە، ئەوەش دەیان هێندەی نرخی ئەو شتومەكانەیە لە بازاڕی شارەكانی تری عێراق.
دایكی مەحمود دەڵێت، خەڵك پوختەی ڤانێلا كە شیرینە بەكاریدەهێنن لەبری شەكر بۆ دروستكردنی شیرینی، جگە لەوەی ڕەگی ڕووكو سەوزە وەكو چێشت لێدەنێنو دەیخۆن.
"ڕەگی ڕووەكمان وەكو پەتاتە پێش كوڵاندنی لێدەناو دەمانخوارد، هەرچەندە هیچ تامێكی نەبوو، بەڵام لانیكەم سكی تێر دەكردین."
دایكی مەحمود باسی لەوەكرد كە لەترسی داعش لەناوچەكە مابوونەوە، چونكە ئەگەر هەڵاتوانی دەستگیربكردایە پیاوەكانی دەكوشتو وەكو سزایەك ژنەكانی لەبەر سەرمادا بە دەستو پێ بەستراوی جێدەهێشت.
بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی هاوڵاتی مەدەنی لە بەری ڕۆژئاوا(ڕاستی) شاری موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێتو پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.
ئەو خەڵكەی لەناوچەكانی شەڕەوە ئاوارەبوون، ئاماژەبەوەدەكەن چەندین تەرم لەسەر شەقامەكان كەوتوون، بەشێكیان چەكدارانی داعشەو بەشێكیشی ئەو مەدەنییانەیە كە بەهۆی بۆمبە چێنراوەكانەوە كوژراون، ئەوەش وەكو لە ڕاپۆرتەكەی رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتیدا هاتووە.
هەر كەسێك لەو ناوچانە هەوڵی هەڵاتن بدات، لەلایەن داعشەوە دەستبەسەر ماڵو موڵكەكانیاندا دەگیرێت، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو خۆراكو شمەكانەی خەڵكی هەبوو، لەماڵەكانیاندا هەڵیانگرتووە.
بەوتەی ئاوارەكان، داعش خەڵك ناچاردەكات دەرگای سەرەكی خانووەكانیان لێبكەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی هاتووچۆی نێوان ماڵەكان بكەن لەكاتی روبەڕوبوونەوەیاندا لەگەڵ هێزە عێراقییەكان.
هەروەها بە شێوەیەكی هەڕەمەكی، ئۆتۆمبێلی خەڵك دەبەنو بۆمبڕێژی دەكەن، بە ئامانجی تەقاندنەوە بەهێزە عێراقییەكاندا.
ئەو كردەوانەی داعش، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕاستی شاری موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكردو تائێستا هێزە عێراقییەكان چەند گەڕەكو ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.
بەری ڕاستی موسڵ/ 25-2ی 2017، هەڵاتنی خێزانێك لەگەڕەكی مەئموونەوە بۆ لای هێزە عێراقیەکان. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.
ئاوارەكانی بەری ڕاستی موسڵ، باسلەوەدەكەن كە ئەو خێزانانەی هەڵدێن، تێپ لەدەمی منداڵەكانیان دەدەن، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ناگرینو دەنگی بەرز دەرناكەن، تا سەرنجی چەكدارەكان ڕانەكێشن لەكاتی هەڵاتندا، یان بەشێك لە خێزانەكان حەبی خەو دەدەنە منداڵەكانیان بۆ ئەوەی بەهێمنی بتوانن لەناوچەكە بچنە دەرەوە.
تۆماس لوسەر فایس، سەرۆكی نێردەی ڕێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی لە عێراق دەڵێت، چیرۆكی ڕزگاربووەكان زۆر غەمگینەو ڕۆژانە تیمەكانیان تراژیدیای زۆر دەبینن كە بەسەر خەڵكی موسڵدا هاتووە، بۆیە لەوپەڕی نیگەرانیدان بۆ دانیشتوانی گەمارۆدراو لە ڕۆژئاوای شارەكە.
تەنیا لەماوەی 10 ڕۆژی ڕابردوودا، 26 هەزار كەس لەناوچەكانی بەری ڕاستی موسڵەوە ئاوارەبوون، ئەوەش بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانی عێراق كە ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشكرایكرد.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، كۆتایی شوباتی ئەمساڵ لە بەیاننامەیەكدا نیگەرانی خۆی بۆ ڕەوشی ژیان لەبەری ڕاستی موسڵ دەربڕیوەو ئاماژەی بەوەداوە، كە خەڵك دەستی بە خواردنو سوتەمەنی ناگات.
هاوڵاتییەكی تەمەن 46 ساڵ كە هێشتا لەنێو شاری موسڵ ماوەتەوە، لەڕێی تەلەفۆنەوە بە تیمەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی راگەیاندووە كە دۆخەكە جێی باوەڕ نییە، خواردنو ئاوی پاك نییە، غاز نییە بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاربهێنرێت، دەرمانو خزمەتگوارزییەكان نەماون.
وەكو لەبەیاننامەكەدا هاتووە، هاوڵاتیانی بەری ڕاستی موسڵ ئاماژەیان بەوەداوە كە خێزان هەیە بەهیچ شێوەیەك خواردنی دەستناكەوێت، بەهۆی شەڕەوە خەڵك دەترسن بچنە دەرەوە، ئەوەش ئەوەندەی تر دەستكەوتنی ماددە خۆراكییە سەرەكییەكانی قورس كردووە.
سالی هیدۆك، نوێنەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە عێراق دەڵێت، ئەوان چاودێری هێڵەكانی پێشەوەی شەڕ دەكەنو هەركات ڕێگەی پارێزراو هەبێت بۆ ئەوەی دەستیان بە خێزانەكان بگات، ئەوا لەئامادەكاری تەواودان بۆ هاوكاریكردنی خەڵك.
بەرنامەی خۆراكی جیهانی تائێستا ژەمە خواردنی ئامادەكراوی پێشكەشی زیاتر لە شەش هەزار ئاوارەی بەری ڕاستی موسڵ كردووە، بەتایبەت لە كەمپەكانی گەیارەو حەمام عەلیل، خواردنی عەمباركراوی بۆ 77 هەزار كەسی تر ئامادەیە.
لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە 17ی تشیرینی دووەمی 2016 بەبەشداری هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی پێشمەرگە، بەدەیان هەزار لەدانیشتوانی شاری موسڵو دەوروبەری ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوونو تائێستاش بەردەوامی هەیە.