فەرماندەیەكی لەشكری ڕۆژ: شەڕ لەشەنگال وەستاوە

03-03-2017 12:23
قەزای شەنگال/ ناحیەی سنونێ/3-3ی 2017، شەڕی نێوان لەشكری رۆژ‌و هێزەكانی یەبەشە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

عەقید قادر شێخ مەمی، ئامرهێزی لەشكری ڕۆژ ڕایدەگەیەنێت كە شەڕی نێوان هەردوو لایەنە كوردییە شەڕكەرەی شەنگال وەستاوە، ئەوەش دوای گفتوگۆی نێوانیان لەئاستی باڵادا.

 

عەقید قادر كە وەك خۆی وتی ئێستا لە خانەسۆرە لە سنوری شەنگال – ئەوشوێنەی شەڕەكەی لێبووە- بە (كەركوك ناو)ی وت"لەئاستی باڵای هەردوولا گفتوگۆ هەبووە بۆ ڕاوەستانی شەڕەكە، لەئێستادا شەڕ نییە"، بەبێ ئەوەی وردەكاری ئەو گفتوگۆیە ئاشكرابكات.

 

كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 3-3-2017 لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری ڕۆژ‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال(یەبەشە) لەسنووری ناحیەی سنونێ‌ لەقەزای شەنگال دەستیپێكرد، دوای ئەوەی ئێوارەی پێنجشەممە هەردولا لەدژی یەكتر هێزیان كۆكردەوە.

 

بەپێی وتەی هەردوولایەن كە بۆ (كەركوك ناو) قسەیانكرد، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە  لەشكری ڕۆژ كە هێزێكە لە پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان(كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشقیان پێكراوە‌و پڕچەككراون، بە نزیك لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەژماردەكرێن، ویستویانە پێشڕەوی بكەن‌و بۆ ناحییەی سنونێ، بەڵام یەبەشە كە هێزێكی پێكهاتووە لە پێكهاتەی ئێزیدی‌و بەنزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەژماردەكرێت‌و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە، لەچەند ساڵی رابردوودا مەشقیان پێكراوە‌و هاوكاریكراون، رێگریی لێكردوون‌و بەهۆیەوە ئەمڕۆ هەینی شەڕ دروستبووە.

 

لەو شەڕەدا، هەردوولا چەكی سوك‌و مامناوەندیان دژ بەیەك بەكارهێناوە، هەرچەندە كوژارو و بریندار لەنێویاندا هەیە، بەڵام ئامارەكە جارێ دیار نییە.

 

شەڕەكە لە ناحیەی سنونێ‌‌و خانەسورێ روویداوە كە خەڵكی مەدەنی لێییەو پێشتر داعش كۆنترۆڵیكردبوو، سنونێ دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای شەنگال، ئەو قەزایەش لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە (بەدووری 120 كیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای موسڵ)، زۆرینەی دانیشتوانەكەی

 

لەپێكهاتەی ئاینی ئێزیدیە‌و یەكێكە لە "ناوچەی جێناكۆك"ی نێوان هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان.

 

ئەو كێشەیە لەكاتێكدایە، پەكەكە‌و پارتی دیموكراتی كوردستان كە بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، وەكو دوو حزبی سەرەكی كوردی لە شەنگال ناكۆكیی قوڵی سیاسییان هەیە، لەوكاتەوەی قەزاكە لە مانگی 8ی 2014وە كەوتە دەست داعش.

 

پارتی‌و پەكەكە، هێزی تایبەتیان لەنێو ئێزدییەكان پێكهێناوە‌و لە شەنگال‌و دەوروبەری جێگریان كردوون، لەكاتێكدا قەزاكە هێشتا لەرووی ئیداری‌و ئەمنیشەوە یەكلانەكراوەتەوە.

 

پێشتر ئێزدییەكان لە ڕاپۆرتێكی (كەركوك ناو)دا جەختیانكردەوە كە ناكۆكی ئەو دوو لایەنە هۆكارێكی نەگەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەكانە بۆ قەزای شەنگال‌و داوای زەمانەتی ئەمنییان كرد لەكاتی گەڕانەوەیاندا.

 

قەزای شەنگال، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدیی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.