پەرەگراف كۆبوونەوەیەكی پارتی‌و پەكەكە لەسەر دۆخی شەنگال ئاشكرادەكات

03-03-2017 06:11
شەڕ لەقەزای شەنگال/ ناحیەی سنونێ/3-3ی 2017، هێزەكانی یەبەشە، كە نزیكن لە پەكەكە. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد


ململانێكانی پارتی‌و پەكەكە لە شەنگال بەردەوامەو شەڕی چەكداریی لێكەوتەوە، پارتی سوورەلەسەر داوای كشانەوەی پەكەكە لەو ناوچانە، پەكەكەش ناچێتەژێرباری ئەو داوایەو مەرجەكانی بۆ كشانەوە خستوەتەڕوو كە لەلایەن پارتییەوە قبوڵكراونین، پەرەگراف كۆبوونەوەیەكی ئەو دوو حزبە لەسەر دۆخی شەنگال ئاشكرا دەكات.

 

هەریەكە لە پارتی‌و پەكەكە وەك دوو حزبی سەرەكیی لەشەنگال ناكۆكی قوڵیان هەیە، ئەوەش لەوكاتەوە سەریهەڵدا كە قەزاكە لە سەرەتای مانگی 8ی 2014 كەوتە دەست داعش‌و گەریلاكانی پەكەكە ڕۆڵیان هەبوو لە پاراستنی بەشێكی زۆر خەڵكی ئێزدی‌و دوای ڕزگاركردنی چەندین ناوچە لەدەست داعش، جێگیربوون‌و نەكشاونەتەوە.

 

پەرەگراف زانیویەتی پارتی‌و پەكەكە لەئاستی باڵادا لەسەر پرسی شەنگال كۆبوونەتەوە، پەكەكە ئامانجی چوونی گەریلاكانی بۆ شەنگال خستوەتەڕوو، تەئكیدی لەوەشكردووەتەوە هەتا ئەو ئامانجانە جێبەجێ نەبن ناكشێنەوە.

 

سەرچاوەیەكی باڵای پەكەكە بۆ پەرەگراف وتی"نزیكی دوو مانگ لەمەوبەر كۆبوونەوەكراو گفتوگۆ لەبارەی شەنگال كرا، پڕۆژەو پێشنیاری ئێمە هەبوو، بەڵام كۆبوونەوەكە ئەنجامی نەبوو."

 

ئەو سەرچاوەیەی پەكەكە وتیشی"ئامانجمان ئەوەیە ئێزدییەكان سیستمی خۆبەڕێوەبەری سەربەخۆیان دابمەزرێنن‌و ناوچەكانیان لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەببرێن، هەروەها هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان هەبێت بۆ پاراستنیان، تائەوەی داعش بەسەری هێنان دووبارە نەبێتەوە."

 

پارتی دژی ئەوداوایەی پەكەكە وەستاوەتەوەو پێیوایە هەوڵەكەی پەكەكە جۆرێكە لە دابڕینی شەنگال لەخاكی كوردستان‌و كردنی بەناوچەی جێ نفوزی خۆی، هەربۆیە لەگەڵ سوپاسكردن‌و نرخاندنی ڕۆڵی گەریلاكانی پەكەكە لەپاراستنی ئێزدییەكان، بەڵام سوورە لەسەر كشانەوەیان لە شەنگال‌و دەوروبەری.

 

مەحما خەلیل، قائیمقامی شەنگال كە سەربە پارتییە، پەكەكە تۆمەتباردەكات بەوەی كە "ڕێز لەیاسا ناگرێ‌و هۆكاری نەگەڕانەوەی خەڵكە بۆ شەنگال."

 

قائیمقامی شەنگال لە لێدوانێكیدا بۆ پەرەگراف، تۆمەتی ئەوەی خستەپاڵ پەكەكە كە نەكشانەوەیان "ئەجندایەكی دەرەكییەو لەدەرەوە ئاڕاستە دەكرێن، هەوڵدەدات شەنگال بكاتە قەندیلی دووەم، بەڵام شەنگال نابێتە قەندیل نە بۆ پەكەكەو نە بۆ هێزی دیكە، شەنگال هی شەنگالییەكانە."

 

بەڵام سەرچاوەكەی پەكەكە وتی"ئێمە ئێزدییەكانمان پاراست، زیاتر لە 230 شەهیدمانداوە هەتا ئەو ئامانجانە جێبەجێ نەبن كەبۆی هاتووین ناكشێینەوە."

 

هەریەكە لە پارتی‌و پەكەكە هێزی چەكداری تایبەت بەخۆیان لە ئێزدییەكان دروستكردووە، ئەوەش جێبەجێ بوونی داواكەی پارتی بۆ كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال قورستركردووە، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ لایەنێكی شەڕەكە بوو (یەبەشە) خەڵكانی ئێزدین‌و لەناوچەكانی خۆیانن، بەڵام نزیكن لە پەكەكە.

 

پارتی ترسی لە هەژموونی پەكەكە هەیە، ئەوەش تەنها لە باشووری كوردستان نییە، بەڵكو هێزەكانی نزیك لە پارتی لە باكورو بەتایبەت لە خۆرئاوای كوردستان لەگەڵ هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لەناكۆكی قووڵدان.

 

پەكەكە مەترسییەك دەخاتەڕوو لە ئەگەری كشانەوەی گەریلاكانیان لە ناوچە ئێزدی نشینەكان، "ئەگەری هەیە شەنگال لە كوردستان داببڕێت‌و خەڵكەكەی داوای ئەوەبكەن بچنەسەر بەغدا، چونكە كۆمەڵگەی ئێزدی متمانەی بە پێشمەرگەو حكومەتی هەرێم نەماوە دوای هێرشەكانی داعش." سەرچاوەكەی پەكەكە وای وت.

 

پارتی چەندجارێك ئەوەی بەنمونە هێناوەتەوە كە چۆن پێشمەرگە لە كۆبانی كشایەوەو ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە نەكەوتنی ئەوشارە بۆ دەست داعش، ئاوەهاش سەرباری سوپاس‌و نرخاندنی ڕۆڵی گەریلا لە شەنگال، بەڵام دەبێت بكشێنەوە.

 

پەكەكە پێشمەرگەكانی سەربە پارتی تۆمەتباردەكات بە ڕادەستكردنی ناوچەكانی شەنگال‌و دەوروبەری بە داعش، هەرچەندە سۆزی بەشێك لە خەڵكی ئێزدی لەگەڵدایە بەهۆی پاراستنیانەوە، بەڵام جڤاتی باڵای ڕۆحانیی ئێزدی هاوشانی پارتی داوای كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال دەكات.

 

ئێستا كە زیاتر لە ساڵێك‌و سێ مانگە شەنگال ڕزگاركراوەو مەترسی داعشی لەسەر نەماوە، بەڵام ململانێكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە مەترسی بۆسەر كۆمەڵگای ئێزدییەكان دروستكردووە، وەك ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویداو شەڕی چەكداریی لێكەوتەوە.

 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری ڕۆژ‌و یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال(یەبەشە) لەسنوری ناحیەی سنونێ‌ لە باكوری ڕۆژئاوای شەنگال شەڕ ڕوویداو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە لەشكری ڕۆژ ویستویەتی پێشڕەوی بكات‌ بۆ ناحیەی سنونێ، بەڵام یەبەشە ڕێگرییان لێكردوون.

 

لەشكری ڕۆژ هێزێكە لە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا(كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی هەرێمەوە مەشقیان پێكراوە‌و پڕچەككراون‌و نزیكن لە پارتی. یەبەشە لەئێزدییەكان پێكهێنراوەو نزیكە لە پەكەكە‌و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا مەشقیان پێكراوە‌و هاوكاریكراون.

 

قائیمقامی شەنگال باسلەوەدەكات شەوی ڕابردوو تاكاتژمێر 3ی بەرەبەیان گفتوگۆیان لەگەڵ پەكەكە كردووە كە ئەو هێزانەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا دژی ئەوان نین‌و بۆپاراستنی زیاتری ئەو سنورانە لەداعش دەچنە ئەو ناوچەیەو ئاڵوگۆڕی ئاسایی هێزەكانە.

 

مەحما خەلیل، وتی"بەڵام بەداخەوە پەكەكە كاتژمێر 6:30 خولەك هێرشیكردەسەر بنكەی پێشمەرگەكان‌و تەقەیان كردو پێشمەرگەش وەڵامیان دانەوە، دواتر لەسەرداوای پەكەكە شەڕ ڕاوەستا، دوای ئەوەی كە بینی بەتوندی بەرپەرچ درایەوە." زیاتر وتیشی"باوەڕمان نەدەكرد خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، قسەی پەكەكە لە ڕاگەیاندن‌و گفتوگۆ جیاوازە لە واقیع."

 

لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی شەنگال لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدی‌و گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان، ئەوە یەكەمجارە شەڕی كوردو كورد لەو ناوچەیە ڕووبدات.

 

مەحما خەلیل، تەئكیدی لەوەشكردەوە، داخوازی ئەوان‌و هەموو لایەنەكان ئارامی‌و ئاشتییەو شەڕ لەبەرژەوەندی كەس نییە، "پێشمەرگەكان خزمەتێكی باشی ئەو ناوچانەیان كردووە."

 

ئێزدییەكان هێشتا نایانەوێت بەم دۆخەی ئێستای ناوچەكەیانەوە بگەڕێنەوە، سەرەڕای ناكۆكی سیاسی‌و ئاوەداننەكردنەوەی قەزاكە، ترسی دوبارەبوونەوەی مەینەتییەكانی ڕابردووشیان هەیە.

 

شەنگال زێدی زۆرینەی ئێزدییەكان هێشتا لە وێرانە دەچێت، تەنها هێزو بارەگای حزبی‌و بەشێك فەرمانگەی حكومی گەڕاونەتەوە، تارماییەكانی داعش بە سیمای شارەكەوەیە، هەوڵەكان بۆ ئاوەدانی‌و گەڕانەوەی خەڵكەكەی بێئەنجام بووە.

 

قەحتان لوقمان، 33 ساڵ لەگەڵ 29 كەسی خێزانەكەی لە خانویەكی كرێدان لە هەولێر، ئەو بە كەركوك ناوی وتووە"ترسمان لە دووبارە بوونەوەی كۆمەڵكوژی هەیە، ململانێی سیاسی ئاوەدانكردنەوەی قەزاكەی راگرتووە، بۆیە تا ژیانمان پارێزراونەبێت نامانەوێت بگەڕێینەوە."

 

ڕاستی ئەو ململانێیانەی نێوان پارتی‌و پەكەكە هەرچییەك بێت، بۆ قەحتان لوقمان یەك مانای هەیە "ناكۆكییەك كە تیایدا ئێزدییەكان باجەكەی دەدەن"، بەدەنگێكی بەرزتر وتی"ئەوان بەرژەوەندی خۆیان دەوێت‌و ناكۆكییەكانیان كاریگەری لەسەر ئاوەداننەكردنەوەی هەیە… دۆسییەی ئێزدییەكان بازرگانی پێوەدەكرێت."

 

پێكهاتەی ئاینی ئێزدی، هاوشانی كریستیان، كاكەیی‌و توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەركرا‌و روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە لەسەر دەستی داعش، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون.

 

بەهۆی ئەو دۆخەی بەسەر ئێزدییەكاندا هاتووە، قەحتان لوقمان كە كرێكاری دەكات لە هەولێر وتی "نامانەوێت بگەڕێینەوە تا دڵنیانەبین لە پاراستنی ژیانمان."

 

قەزای شەنگال لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای نەینەوایە (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، یەكێكە لە "ناوچەی جێناكۆك"ی نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێمی كوردستان‌و بەپێی ماددەی 140ی دەستوری عێراق چارەنوسی لەنێوان عێراق‌و هەرێم یەكلایی دەكرێتەوە، ئەوەش بەچەند قۆناغێك كە خەڵكی ناوچەكە ڕۆڵی سەرەكییان دەبێت تێیدا.

 

هەرچەندە شەڕەكەی ئەمڕۆی سنوری شەنگال لە نێوان یەبەشە(نزیك لە پەكەكە)‌و پێشمەرگەی ڕۆژئاوا(نزیك لە پارتی) كوژراو و برینداری لێكەوتەوەو چەند كاتژمێرێكی خایاند، بەڵام هێشتا مەترسیی پێكدادانی دیكە لەداهاتوودا هەیە بەتایبەت كە ناكۆكییەكان بەردەوامن‌و چەندین هێزی جیاوازی چەكدار لەناوچەكەدا هەن.

 

پەرەگراف هەوڵیدا لێدوانی بەرپرسانی پەكەكە لە شەنگال وەربگرێت، بەڵام بەردەست نەبوون‌و هەوڵەكان ئەنجامیان نەبوو.