پەرەگراف
ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كە ئێستا لەژێر فشارو گەمارۆی توندی هێزە عێراقییەكاندایە لە موسڵ، ڤیدیۆی شەڕێكی لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی بڵاوكردەوە.
ئاژانسی ئەعماق كە پڕوپاگەندە بۆ داعش دەكات، دوێنێ ڤیدیۆكەی بڵاوكردەوە كە شەڕی دەستەویەخەی نێوان چەكدارانی ڕێكخراوەكەیو هێزەكانی حەشدی شەعبی پیشاندەدات كە تەنها چەند مەترێك لەیەكەوە دوورن لە نزیك قەزای تەلەعفەر سەربە موسڵ.
لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت یەكەم كەس كە لەشەڕەكەدا دەكوژرێت چەكداری داعشەو چەكدارەكانی پشت ساترەكەش حەشدی شەعبینو دەردەكەوێت بوێرانە شەڕ دەكەن.
ڤیدیۆی شەڕی نێوان داعشو حەشدی شەعبی، داعش دوێنێ ڤیدیۆكەی بڵاوكردەوە.
هەرچەندە ڕێكخراوی داعش لە 2 ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەكی خاكی ژێر دەستی لەدەستداوە لەعێراقو سوریا لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانو هێزە عێراقییەكان، بەڵام هێشتا لە عێراق بەشێكی موسڵی بەدەستەوە ماوە كە دووەم گەورەترین شاری عێراقە.
چەكدارانی داعش ئێستا لە خۆرئاوای موسڵ گەمارۆدراون كە مەزەندە دەكرێت 650 هەزار كەسی مەدەنی لێبێت، ئەوەش دوای دەركردنی رێكخراوەكە لە خۆرهەڵاتی موسڵ لەقۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی شارەكە لەسەر دەستی هێزە عیراقییەكان بە پاڵپشتی هاوپەیمانان.
ئێستا ئۆپەراسیۆن بۆ ئازادكردنی بەشی خۆرئاوای موسڵ بەردەوامە كە كەمتر لەنیوەی ڕوبەری شارەكە پێكدەهێنێتو زۆربەی بارەگا حكومییەكان لەو بەشەدان.
چاوەڕواندەكرێت ئۆپەراسیۆنی ڕزگاركردنی خۆرئاوای موسڵ، شەڕێكی سەختتر بەخۆیەوە ببینێت بەهۆی ئەوەی كۆڵانو شەقامەكانی ئەو بەشەی موسڵ باریكنو سوپای عێراق ناتوانێت بەپێی پێویست تانكو زرێپۆش بەكاربهێنێت لە شەڕەكەدا.
شەڕی موسڵ بە گەورەترین هێرشی وشكانیی دادەنرێت لەدوای ڕوخانی رژێمی سەدام لەساڵی 2003، لەسەرەتای شەڕەكەوە هێزەكانی پێشمەرگەش بەشدارییان تێداكردو دوای كۆنتڕۆڵ كردنەوەی چەند ناوچەیەك، پێشڕەوییەكانیان ڕاگرت.
كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ شكستێكی گەورە دەبێت بۆ ڕێكخراوی داعشو خەلافەتەكەی كە دووساڵ لەمەوبەر و لەیەكێك لەمزگەوتەكانی ئەو شارە لەلایەن ئەبوبەكر بەغدادی-یەوە ڕاگەیەندرا.