وتەبێژی كەجەكە بۆ پەرەگراف: بەئاشكرا دەڵێم هیچ لە ئارادانییە بۆ كشانەوەی پەكەكە لە شەنگال
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
وتەبێژی كەجەكە تەئكید لەمانەوەی گەریلاكانیان لە شەنگال دەكاتەوەو دەڵێت، شەنگال نە موڵكی پارتییەو نە پەكەكەو پێویستە لەخەڵكی ناوچەكە پرسیاربكرێت چییان دەوێت، مەرجیشیان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ پارتی لەبارەی دۆخی شەنگال ئاشكرادەكات.
سەرحەد وارتۆ، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان(كەجەكە) كە پەكەكەو هەپەگە بەشێكن لێیو چەتری كۆكەرەوەی تەواوی ڕێكخراوەكانی سەربە پەكەكەیە، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف تیشكدەخاتەسەر شەڕو ئاڵۆزییەكانی دوێنێی شەنگالو لەدیدی خۆیانەوە چۆنیەتی چارەسەری كێشەكان دەخاتەڕوو.
وارتۆ كە كەسی ڕێگە پێدراوە قسە بۆ ڕاگەیاندنەكان بكاتو هەڵوێستی فەرمیی پارتەكەی ڕوونبكاتەوە، تەئكید لەوەدەكاتەوە شەڕەكەی دوێنێ دەستی توركیای لەپشتەو چەند پەیامێكیش ئاڕاستەی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكاتو ئامانجی شەڕەكە بۆ توركیاو پارتی دەخاتەڕوو.
بەرەبەیانی دوێنێ لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری ڕۆژو یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە) لەسنوری ناحیەی سنونێ لە باكوری ڕۆژئاوای شەنگال شەڕ ڕوویداو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە لەشكری ڕۆژ ویستویەتی پێشڕەوی بكات بۆ ناحیەی سنونێ، بەڵام یەبەشە ڕێگرییان لێكردوون.
لەشكری ڕۆژ هێزێكە لە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا(كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی رابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی هەرێمەوە مەشقیان پێكراوەو پڕچەككراونو نزیكن لە پارتی. یەبەشە لەئێزدییەكان پێكهێنراوەو نزیكە لە پەكەكەو هەر لەلایەن ئەوانیشەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا مەشقیان پێكراوەو هاوكاریكراون.
دەقی چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ سەرحەد وارتۆ كە لەڕێی تەلەفۆنەوە ئەنجامدراوە.
پەرەگراف: پەكەكە لەبارەی شەڕو ئاڵۆزییەكانی شەنگال چیی بە یەبەشە وتووە بۆ چۆنێتی ڕێككەوتنیان لەگەڵ لایەنی بەرامبەر؟
سەرحەد وارتۆ: لەسەر پرسی شەنگال یەبەشەو ئەنجومەنی ئێزدیان لە شەنگال خۆیان بڕیار دەدەن، هێرشێك لەدژی یەبەشە كراوەو پەیوەندی بە دەوڵەتی توركیاوە هەیەو وەزیری دەرەوەی توركیا بە ئاشكرا وتی هەندێك ئۆپەراسیۆن لەباشوری كوردستان دەكەین، دیارە ئەوەبوو ئەو ئۆپەراسیۆنە لەشەنگال دەستیپێكرد لەسەر خەڵكی ئێزدی. لەو ئۆپەراسیۆنەدا دوو ئامانج هەیە، ئامانجی دەوڵەتی تورك ئەوەیە لەباشوری كوردستان شەڕ دروستبكاتو پارتی بەكاربهێنێت بۆشەڕی ناوخۆی كوردان، بەرنامەیەكی بەوجۆرە بەڕێوەدەباتو شەنگال هەنگاوی یەكەمینە، دووەمینیش ئەوەیە لەشەنگال دوای 3ی ئابی 2014 خەڵكی ئێزدی بۆئەوەی جارێكی دیكە توشی كۆمەڵكوژی نەبێت ئیرادەیەكی سیاسیو هێزی خۆپاراستنی دروستكرد، هێرشەكەی شەنگال ئامانجێكی ئەوەیە ئیرادەی خۆپاراستنو خۆبەڕێوەبردنی ئێزدییەكان بشكێنێتو جارێكی دیكە ئێزدییەكان مەحكومی پارتی بكات، لەلایەك توركیا بۆ بەرژەوەندی خۆیو لەلایەكی دیكەش پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی ئەو هێرشەیان كرد، هێزی شەنگالیش وەڵامیان دانەوە، ئێستا ڕەوشەكە ئارامە، بەڵام پرسەكە چارەسەر نەكراوە.
پەرەگراف: چارەسەری پرسی شەنگال چییە بەڕای ئێوە؟
سەرحەد وارتۆ: چارەسەر ئەوەیە پێویستە پارتی واز لەو سیاسەتە بهێنێت كە خزمەتی ئەردۆغانو ئاكەپەو دەوڵەتی توركیا دەكات، پێویستە ئیرادەی خەڵكی شەنگالو هێزی خەڵكی شەنگال بناسێنێت، بەناو پێشمەرگەی ڕۆژ چ ئیشێكی هەیە لەو ناوچەیە؟ پارتی دەڵێت بۆچی پەكەكە لەوێیە؟ ئەو هێزەی هەپەگە(باڵی سەربازی پەكەكە) كە لەوێیە بە بەرچاوی دونیاوە خەڵكی شەنگالی لە كۆمەڵكوژی ڕزگاركردو بەرپرسیارێتی هەیە لەو ناوچەیە، بەڵام پارتی دەیەوێت ئەوهێزە لەوێ جێگیربكات كە هەندێك چەتەی ڕۆژئاوان، ئامانجی ئەو هێزە هاوكاری ئێزدییەكان نییەو ئامانجی بردنیان بۆ ئەوناوچەیە بۆ هێرشكردنەسەر ئێزدییەكانە، ئەوانە هێرش بۆسەر داعش ناكەن، بەڵام هەزاران چەكداریان بۆسەر ئێزدییەكان بردووە، دیارە لەبەرنامەی پارتیدا ئامانج شكاندنی ئیرادەی خەڵكی ئێزدییە، پێوستە پارتی وازلەوە بهێنێت.
پەرەگراف: بەدەر لە لێدوانەكانی بەرپرسانی توركیا كە باستكرد، هیچ بەڵگەیەكی دیكەتان لەبەردەستە ئەو شەڕو ئاڵۆزییە دەستی توركیای لەپشتەوەبێت؟
سەرحەد وارتۆ: بەرپرسانی توركیا خۆیان ڕۆژانە بە ئاشكرا ئەوەدەڵێن، هاوكاری پارتیو دەوڵەتی توركیا شاراوە نییەو دەرگایان كراوەیە، چەند سەربازگەی توركیا لەباشوری كوردستانە، لەباشیك هەتا بامەڕنێو هەتا هەریر هەمووی سەربازی توركیا جێگیركراوە، سەربازی توركیا چ ئیشێكی لەباشوری كوردستانە؟ ئەگەر هێزێكی نامەشروع لەباشوری كوردستان بێت ئەوەهێزی توركیایە ئەگەر پێویست بكات هێزێك لەباشوری كوردستان دەربچێت ئەوە هێزی دەوڵەتی توركە، بەڵام لەبری ئەوەی پارتی دەوڵەتی توركیا لەباشور دەربكات دەچێت هێزی ئەو دەهێنێت بۆ باشور.
پەرەگراف: پەكەكە بۆ ناكشێتەوە لەشەنگال؟ لەچ حاڵەتێكدا دەكشێنەوە؟
سەرحەد وارتۆ: بەئاشكرا دەڵێم هیچ بابەتێكی لەوجۆرە لەئارادا نییە، پرسی شەنگال پرسی هەبوونی پەكەكە نییە لەو ناوچەیەو كەس نابێت بەوجۆرە لێی بڕوانێت، وەختێك شەنگال ڕوبەڕوی مەترسی بوەوەو هەزاران ئێزدی ڕوبەڕوی كۆمەڵكوژی بوونەوە پەكەكە چووە ئەوێو خەڵكی ڕزگاركردو 300 شەهیدیدا، ئێستاش مەترسی لەسەر ئێزدیەكان هەیەو پرسی شەنگال پرسی پاشەڕۆژی شەنگالە نەك نێوانی پارتیو پەكەكە، شەنگال نە موڵكی پارتیەو نە پەكەكە، موڵكی خەڵكی شەنگالەو دەبێت بزانین خۆیان چییان دەوێت، پێویستە لەخەڵكی شەنگال بپرسرێت چیتان دەوێت؟ شەنگال پرسی هەموو كوردە، پێویستە هەموو كورد قسەی لەسەر بكات كە پرسی شەنگال چۆن چارەسەر دەبێت بۆئەوەی جارێكی دیكە ڕوبەڕوی كۆمەڵكوژی نەبنەوە، ئەوە پرسی عێراقیشە، كە پێویستە لەناو سنوری سیاسی عێراقدا ئەو پرسە چۆن چارەسەر بكرێت؟ پرسێكی جیهانیشە، شەنگال ویژدانی ڕای گشتی جیهانی ئازاردا، پێویستە نەتەوەیەكگرتووەكان ڕۆڵی هەبێت.
پەرەگراف: لەدوای شەڕو ئاڵۆزییەكانی دوێنێ، هیچ پەیوەندییەك لەنێوان پارتیو پەكەكە هەبووە؟
سەرحەد وارتۆ: نەخێر ڕاستەوخۆ هیچ پەیوەندییەك لەنێوان ئێمەو پارتی نەبووە.
پەرەگراف: لەڕۆژانی داهاتوودا كۆدەبنەوە لەگەڵ پارتی، ئێوە داوای كۆبوونەوەو گفتوگۆدەكەن بۆ چارەسەری ئەو كێشانە؟
سەرحەد وارتۆ: شتێكی لەوجۆرەش لەئارادانییە كە كۆببینەوە، پێش هەرشتێك مەرجی كۆبوونەوە ئەوەیە هێرشێك لەسەر خەڵكی ئێزدی هەیە كە بەهیچ جۆرێك قبوڵناكرێتو پێویستە پارتی وازلە هەڵوێستی هێرشكاری بهێنێتو واز لەو پەیوەندییانەشی بهێنێت لەگەڵ توركیا كە ناچێتە خزمەتی كوردان، تاوەكو دەرفەتی گفتوگۆ هەبێت، تائەو مەرجانە نەبن دەرفەتی گفتوگۆ نییە.
پەرەگراف: پەكەكە تۆمەتباردەكرێت بە دەستخستنە كاروباری هەرێمی كوردستان، لەكاتێكدا حكومەتو پەرلەمانو یاسای خۆی هەیە، بوونی ئێوە شەنگالیش بە نمونە دەهێنرێتەوە، ئێوە بۆ دەستوەردان دەكەن؟
سەرحەد وارتۆ: ئێمە هیچكاتێك دەستمان نەخستووەتە كاری هەرێمی كوردستانەوە، لەشەنگال ڕەوشێكی نائاسایی دروست بوو ئێمە تەداخولمان كرد، وەختێك ئێمە چوینە ئەوێ نە حكومەتی هەرێم هەبوو نە پارتی هەبوو نە عێراق، هیچ كەسێك نەبوو كە تەداخولمان كرد، ئەوەش بەمانای دەستێوەردان نایەت لەكاری هەرێم، لەدەرەوەی ئەوە هیچ تەداخولمان نەبووە، ئەوە ڕەوشێكی نائاسایی بوو، ئێستا ئێمە دەڵێین پێویستە ئەو ڕەوشە بەجۆرێك چارەسەربكرێت جارێكی دیكە خەڵك ڕوبەڕوی كارەساتێكی لەوجۆرە نەبنەوە.
پەرەگراف: پەیامتان چییە بۆ هەردوولایەنی شەڕەكە؟
سەرحەد وارتۆ: بەڕاستی ئەو هێرشەی كراوەتەسەر شەنگال هیچ خزمەت بە كورد ناكات، ئێمە بەڕەوشێكی هەستیاردا دەربازدەبین، پێویستە بەرلەهەرشتێك پارتی واز لەهەڵوێستی هێرشكاری بهێنێتو ئەو هێزانەی بردوویەتی ئەو ناوچەیە بكشێنێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە پرسەكە چارەسەر بكرێت، ئەگەر ئەو ڕەوشە بەردەوامبێت مەترسی هەیە زیانی گەورەبكەوێتەوەو هەموولایەكان زیان بكەن، پێویستە بەزوترینكات پارتی واز لەو هەڵوێستەی بهێنێت، شتەكە دوولایەنەیە، بەڵام لایەنێك هێرشی كراوەتەسەر، یەبەشە هێرشی نەكردووەو پارتی هێرشیكردووەو دەیەوێت تەجاوزی ئەو ناوچانە بكات كە یەبەشەی تێدایە.