پەرەگراف- كەركوك ناو
ئێزیدییەكان ترسی پارچە پارچەبوونی پێكهاتەكەیان هەیە، بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی نێوان دوو حزبی كوردی لەناوچەكەیان، بۆیە هۆشداریی دەدەن لەوەی ئەو ئاڵۆزییانە دەبێتەهۆی جارێكی تر ئاوارەبوونیان، لەكاتێكدا ئەوان چاوەڕوانی ئاوەدانكردنەوە بوون.
ئەو ترسەی ئێزدییەكان دوای ئەوەهات، هەینی ڕابردوو شەڕ لەنێوان یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) نزیك لە پەكەكەو پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا كە لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە مەشقو پڕچەككراون لەزێدی ئێزدییەكان ڕوویداو بەهۆیەوە كوژراوو برینداری لێكەوتەوە.
شەڕەكە كاتژمێر 7ی بەیانی 3-3ی لەسنووری ناحیەی سنونێ دەستیپێكرد كە سەر بە قەزای شەنگالە.
د. دەخیل سەعید، كەسایەتییەكی ئێزدییەكان، دەڵێت ئەوان"زۆر بێزارن" لەو شەڕەی دەستیپێكردووە بە (كەركوك ناو)ی وت"ئەو خەڵكەی بەهۆی شەڕەوە ئاوارەبوونو دواتر بەشێكیان گەڕانەوە، هەڵگیرسانی شەڕ دەبێتەهۆی دووبارە ئاوارەبوونەوەیانو وێرانبوونی زێدی ئێزیدییەكان."
ئێزدییەكان ترسی خۆیان ناشارنەوە لەوەی ئەو ململانێیەی لەزێدی ئەواندا هەیە دەبێتە "لێكترازانی" پێكهاتەكەیان كە چەندین ساڵە بەیەكگرتوویی دەژین.
"ئەو شەڕەی روویدا كاریگەری لەسەر یەكڕیزی ئێزیدییەكان دەبێتو پارچە پارچەیان دەكات"، دەخیل وای وت.
پارتیو پەكەكە، كە بڕیاری شەڕو ئاشتییان لە شەنگال بەدەستە، ململانێیەكی قوڵی سیاسییان لەو قەزایە هەیە، لەوكاتەوەی داعش لەمانگی 8ی 2014 دەستی بەسەرداگرت، هەردوولا هێزی چەكداری تایبەتیان لەنێو ئێزدییەكان پێكهێناوە.
پەكەكە، پارتی تۆمەتباردەكات بەوەی بەبێ شەڕ ناوچەكەی چۆڵكردووەو ئێزدییەكانی پشتگوێخستووە، بەهۆیەوە دەیان هەزار ئێزدی ئاوارەبوونو هەزارانیان ڕوبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵو ڕفاندن بوونەوە، پارتیش ئەو حزبە تۆمەتباردەكات بە ڕێگریكردن لەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شەنگال.
عیدۆ بابەشێخ راوێژكاری پێشووی سەرۆك كۆماری عێراقو كەسایەتیەكی ئێزیدییەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت"بەهۆی ئەو ململانێ حزبییەوە، دەمێكە خەڵكی ئێمە بوەتە قوربانی، ئێستاش ململانێی هەرێمایەتی بێتە سەر!"، وەك ئاماژەیەك بۆ شەڕەكەی هەینی ڕابردوو، كە پێیوایە بەشێكە لەشەڕێكی گەورەتر لەناوچەكە.
بابەشێخ دژایەتی خۆی بۆ شەڕ راگەیاند، "چارەسەر نییە، باجەكەشی هەر خەڵكی شەنگال دەیدات"، زیاتر وتی"دەمانەوێت خەڵكی شەنگال خۆیان ئیدارەی ناوچەكەیان بكەن."
ئەو داوایەی بابەشێخ بۆ ئیدارەدانی ناوچەكەیان لەلایەن خۆیانەوە لەكاتێكدایە ڕەخنەكانیان لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان چڕتردەكەنەوەو بە "كەمتەرخەم" تۆمەتباریان دەكەن.
عیدۆ بابەشێخ وتی "لەكاتێكدا شەنگال وەك ناوچەیەكی وێرانكاری جەنگی ناوبراوە، دەبوایە ئەوانەی شەڕ لەشەنگال دەكەن كاریان بۆ ئاوەدانكردنەوەی بكردایە، نەك هەڵگیرسانی شەڕێكی دیكە كە ئێزدییەكان زیانمەندی سەرەكین."
دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزەی نزیك لە پەكەكەو پارتی لەشەنگال، لەكاتێكدایە هێشتا تەواوی سنووری قەزاكە لەژێردەستی داعش دەرنەهێنراوەو چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە 10 كیلۆمەتر لەناوەندی قەزاكەوە دوورن.
عیدۆ بابەشێخ وتی "دەڤەری ئێزدییەكان پێویستی بەهاوكاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ دووبارە ئاوەدانكردنەوەی، نەك شەڕ."
حسام عەبدۆ، چالاكوانی ئێزیدی لەڕێكخراوی ئێزیدی بۆ بەدیكۆمێنتكردن، بە (كەركوك ناو)ی وت"ئەو ناوچەیە فرە هێزو لایەنی سیاسی تێدایە… ئەو هێزانە لەیەك تێناگەنو یەكڕیزنین، لایەنە ئێزدییەكانیش خزانە ناو ئەو ململانێیە."
ناحیەی سنونێ/ 3-3ی 2017، هێزەكانی یەبەشە بەرامبەر پێشمەرگەكانی رۆژئاوا وەستاونەتەوە. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو.
پێكهاتەی ئاینی ئێزیدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەییو توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون.
بەپێی ڕاپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عێراق كە گرنگی بە كەمینە ئاینیو نەتەوەییەكانی عێراق دەدات، داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی ڕفاندووەو سەدا 59 ئەو ژمارەیە ڕزگاریان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژننو لەناو ئەو رێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
ئێزدییەكان داوای چارەسەری سیاسی دەكەن بۆ ناوچەكانیان، چونكە پێیانوایە بەوشێوەیەی ئێستا ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.
دوای كۆبوونەوەیەكی فەرماندەكانی پارتی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە ناحیەی سنونێ، شەڕ بەشێوەی كاتی وەستاوە، بەڵام هێشتا هەردو لایەنی شەڕكەر داوای كشانەوە لەیەكتر دەكەن.
حسام عەبدۆ وتی "ڕاگرتنی ئەو شەڕە بەشێوەی كاتی چارەسەری كێشەكان ناكات، ئەوەی ڕوودەدات باكگراواندی ململانێی ئیقلیمیو ناوخۆیی هەیە كە شەڕی بەوەكالەت دەكرێتو وڵاتانی ئیقلیمیش سوودمەندن."
وتیشی"زەرەرمەندی سەرەكی خەڵكی ئێزدی ناوچەكەیە، چونكە ئەوەی ئەمڕۆ بەرانبەر ئەوی دیكە دەوەستێتەوە ئێزدییەكان بەكاردەهێنێت، بۆیە ئەگەر تەماشابكەین بەشێك لەسەركردەكانی ناو ئەو هێزانە خەڵكی ئێزدین ئەوەش زۆر مەترسیدارە لەسەر دابەشبوونی پێكهاتەی ئێزدییەكان."
ئێزدییەكان ڕۆڵییان هەبووە لەڕاگرتنی شەڕەكە، وەك بابەشێخ دەڵێت، بەڵام چەند تێبینییەكیان هەیە لەسەر هۆكاری ڕوودانی شەڕەكە، "ئەو هێزەی چووەتە شەنگالو داوای دەركردنی یەبەشە دەكات خۆشیان هی رۆژئاوای كوردستانن (كوردستانی سوریا)، جگە لەمەش هێزی دیكەی بیانیش هەن لە كوردستان بۆ داوای دەركردنی ئەوان ناكرێت."
هەروەها بەڕای د.دەخیل چارسەری سیاسی گرنگە لەوانە خەڵكی شەنگال خۆیان پارێزگاری لە ناوچەكانی خۆیان بكەن، داوای لە هەردوو حكومەتی هەرێمو عێراق كرد پشتیوانی لەئێزدییەكان بكەن بۆ پاراستنی ناوچەكانی خۆیان.