بافڵ تاڵەبانی هەوڵی گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح دەدات بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی

05-03-2017 04:53
سەردانی بەرهەم ساڵح‌و خێزانەكەی بۆلای جەلال تاڵەبانی بە دەستپێشخەریی بافڵ تاڵەبانی 3-3-2017.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

بافڵ تاڵەبانی هەوڵەكانی خستوەتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی بەرهەم ساڵح بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەڵام بەرهەم ساڵح تائێستا سوورە لەسەر هەڵوێستەكانی.

 

لەوچوارچێوەیەدا ڕۆژی 3ی ئەم مانگە بەرهەم ساڵح لەگەڵ خێزانەكەی سەردانی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتییانكرد لە دەباشان لەشاری سلێمانی، پەرەگراف زانیویەتی ئەو سەردانە بە دەستپێشخەریی بافڵ تاڵەبانی بووە.

 

سەرچاوەیەكی نزیك لە بەرهەم ساڵح بە پەرەگرافی وت"سەردانەكەی كاك بەرهەم بۆ هەواڵپرسین بووە لە ڕەوشی تەندروستی مام جەلال‌و بە دەستپێشخەریی كاك بافڵ بووە لەچوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو یەكێتی."

 

بەدەر لەوسەردانەش، بافڵ تاڵەبانی‌و بەرهەم ساڵح زیاد لەجارێك كۆبوونەتەوەو بافڵ تاڵەبانی داوای گەڕانەوەی بەرهەم ساڵحی كردووە بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەڵام وەڵامێكی ئەرێنی دەستنەكەوتووە.

 

هەوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی لەچوارچێوەی نێوەندگیرییەكانیدایە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی‌و نێوانی باڵی ناوەندی بڕیارو زۆرینەی حزبەكەی، پێشتریش توانی لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ ڕێكبكەوێت.

 

"كاك بەرهەم چاوەڕێی جێبەجێ كردنی ئەو بڕیارانەیە كە لەكۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی دراون، ئەگەر بڕیارەكان جێبەجێ كران ئەو كات قسەیەكی دیكەی دەبێت، بەپێچەوانەوە بەشداریی كۆبوونەوەكان ناكات، هەرئەمەشی بە كاك بافڵ وتووە."سەرچاوەكەی نزیك لەبەرهەم ساڵح كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت وای وت.

 

هەرچەندە هێشتا بەرهەم ساڵح ڕازی نەبووە بە گەڕانەوە بۆ كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی حزبەكەی، بەڵام وەك كەسانی نزیكی دەڵێن هەوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی"جۆرێكن لەبەرەو پێشچوون بۆ چارەسەری كێشەكان."

 

لەدوای گەڕانەوەی كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ ناو كۆبوونەوەكانی حزبەكەی، تائێستا سەرپەرشتی چەند كۆبوونەوەیەكی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی كردووە، بەڵام بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتی كە لەگەڵ كۆسرەت ڕەسوڵ پێكەوە ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، بەشداریی لەو كۆبوونەوانەدا نەكرد كە چەند بڕیارێكیان تێدا دراوە.

 

سەرچاوەكەی نزیك لە بەرهەم ساڵح وتی"كاك بەرهەم دەیەوێت لە مەكتەبی سیاسی چ بڕیارێك درا ئەوە جێبەجێ بكرێت، مەرجیش نییە بڕیارەكان بەدڵی ئەوبن، بەڵام ناكرێت بڕیار بدرێ‌و لەدەرەوە پێچەوانەی بڕیارەكە جێبەجێ بكرێت، لەڕابردوودا شتیوا هەبووە، ئەمەش بەبڕوای كاك بەرهەم قابیلی قبوڵ نییە."

 

ئامادەبوونی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكەیان دوای ئەوەدێت لەماوەی ڕابردوو لێكنزیك بوونەوە هەبوو لەنێوان كۆسرەت ڕەسوڵ‌و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كە كەسی یەكەمی باڵەكەی دیكەیەو خۆیان بە زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناودەبەن، ئەوەش بەنێوەندگیری بافڵ تاڵەبانی كوڕی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد.

 

كێشەی سەرەكی باڵە جیاوازەكانی یەكێتی، چۆنێتی بەڕێوەبردنی حزبەكەیانە كە لەدوای نەخۆش كەوتنی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی‌و دوركەوتنەوەی لەگۆڕەپانی سیاسی بووەتە جێی ناكۆكی قووڵیان.

 

جەلال تاڵەبانی لەمانگی 12ی 2012وە توشی نەخۆشی بوو، لەوكاتەوە لە سیاسەت دوركەوتووەتەوەو بەوهۆیەوە كێشەو ناكۆكی نێوان باڵەجیاوازەكانی یەكێتی پەرەی سەند، تا گەیشتە ئەوەی ڕۆژی 1-9-2016 جێگرانی تاڵەبانی، بەپاڵپشتی ژمارەیەك لەئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتی‌ حزبەكەیان ناوەندی بڕیاریان لەناو یەكێتی ڕاگەیاند، ئەوەش بەهۆی ڕەخنە‌و تێبینییەكانیان لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی حزبەكە‌یان.

 

لەوەڵامی ئەوانیشدا، ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتی لەڕونكردنەوەیەكدا ڕۆژی دواتر بەناوی زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، ڕاگەیاندنی ناوەندی بڕیاریان بەتوندی ڕەتكردەوە‌و بە ناشەرعی لەقەڵەمیاندا.