ئێزدییەكان جارێكیتر ئاوارەبوونەوە
بەهۆی شەڕی هێزە كوردییەكانەوە دەیان خێزان ماڵەكانیان جێدەهێڵن
پەرەگراف- كەركوك ناو
دەیان خێزان لە چەند ناوچەیەكی شەنگال، بۆ جاری دووەم ماڵەكانیان چۆڵكردو ئاوارەبوونەوە، بەهۆی پێكدادانی ئەو هێزە كوردییانەی لە قەزاكەدا ململانێی توندیان هەیە.
ئاوارەبوونی ئەو خێزانانە دوای ئەوە هات، هەینی ڕابردوو شەڕ لەنێوان یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال(یەبەشە) نزیك لە پەكەكەو پێشمەرگەكانی رۆژئاوا (نزیك لەپارتی دیموكراتی كوردستان) لەزێدی ئێزدییەكان ڕوویداو بەهۆیەوە، كوژراوو برینداری لێكەوتەوە.
شەڕەكە كاتژمێر 7ی بەیانی 3-3ی لەسنووری ناحیەی سنونێ دەستیپێكرد سەر بە قەزای شەنگال.
نایف سەمیر، خەڵكی خانەسۆری قەزای شەنگالەو دوای هاتنی داعش ئاوارەی كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بووە، هەرچەندە مانگی تەمموزی ساڵی ڕابردوو گەڕاوەتەوە زێدی خۆی، بەڵام جارێكیتر ئاوارەبووەتەوە.
"بەهۆی هەبوونی ئارامییەوە خەڵك هێدی هێدی دەگەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، بەڵام ڕووداوەكە (شەڕی هێزە كوردییەكان) وایكرد جارێكی دیكە منو خەڵكی ناوچەكەش ئەمجارە لەسەر دەستی كورد ئاوارە ببینەوە"، ئەو هاوڵاتییە ئێزیدییە بۆ كەركوك ناو وایوت.
بەوتەی ئەو "زیاتر لەهەزارو دووسەد خێزان ئاوارە بوونەتەوە."
نایف سەمیر لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەیكردو باسی لەوەكرد كە ئەمجارە ئاوارەی چیاو ناوچەكانی دەوروبەری خانەسۆر بووەو نەگەڕاوەتەوە بۆ كەمپەكان، داواشی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كرد هاوكارییان پێبگەیەنن.
ئەو هاوڵاتیە ڕووی ڕەخنەی زیاتر لە پێشمەرگەكانی ڕۆژ بوو، وتی"ئەوان هەمیشە ترسو دڵەڕاوكێ بڵاودەكەنەوە، لەجیاتی ئەوە بۆ ناچن شەڕی داعش بكەن لەباشووری شەنگال."
ناحیەی سنونێو خانەسۆر، لە شەنگال، زێدی مێژوویی ئێزدییەكانە، لەئێستادا بەشێك لەئاوارە گەڕاوەكانی دەستی داعش لێی نیشتەجێن، مەترسی هەبوو پریشكی شەڕی هێزە كوردییەكانیان بەربكەوێت.
5ی ئازاری 2017، قەزای شەنگال، خێزانە ئێزیدییەكان بەهۆی شەڕەوە ناوچەكانیان جێهێشتووە. فۆتۆ: مەروان رەسام.
دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزەی نزیك لە پەكەكەو پارتی لەشەنگال، لەكاتێكدایە هێشتا تەواوی سنووری قەزاكە لەژێردەستی داعش دەرنەهێنراوەو چەكدارانی ئەو رێكخراوە 10كیلۆمەتر لەناوەندی قەزاكەوە دوورن.
حسام عیدو، جێگری سەرۆكی ڕێكخراوی ئێزدی بۆ بەدیكۆمێنتكردن لەلێدوانێكدا بۆ (كەركوك ناو) وتی "زیاتر لە سێ هەزار كەس لەسنونێو خانەسۆر جارێكی دیكە ئاوارەی چیاكان بوونەتەوە."
بەبڕوای ناوبراو ئەوەی لەو دوو ناوچەیە ڕوودەدات هەڕەشەیەكی ڕوونو ئاشكرایە لەسەر دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكان، ئەوەش بەهیچ شێوەیەك لای ئێزدییەكان جێی قبوڵكردن نییە.
هەروەها وتیشی "ماوەی دووساڵە ئەو ناوچانە ئازادكراونو ئێزدییەكان چاوەڕێ بوون ناوچەكانیان ئاوەدان بكرێتەوەو بگەڕێنەوە، بەڵام ئەو هێزانە ململانێیان هەیەو بەرانبەر یەكتری وەستانەوە… ئەمەش هۆكار بووە بۆ نەگەڕانەوەی خەڵكی زیاتر."
دوای كۆبوونەوەیەكی فەرماندەكانی پارتی لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە ناحیەی سنونێ، شەڕ بەشێوەی كاتی وەستاوە، بەڵام هێشتا هەردوو لایەنی شەڕكەر داوای كشانەوە لەیەكتر دەكەن.
پارتیو پەكەكە، كە بڕیاری شەڕو ئاشتیان لە شەنگال بەدەستە، ململانێیەكی قوڵی سیاسیان لەو قەزایە هەیە، لەوكاتەوەی داعش لەمانگی 8ی 2014 دەستی بەسەرداگرت، هەردوولا هێزی چەكداری تایبەتیان لەنێو ئێزدییەكان پێكهێناوە.
خودەیدا جوكێ، خەڵكی ناحیەی سنونێیەو وەك خۆی دەڵێت جارێكیتر بەهۆی شەڕی نێوان دوو هێزی كوردی ئاوارەبووەتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "جاری یەكەم پێشمەرگە ئێمەی جێهێشت بۆ داعش، بەڵام ئەمجارە بەهۆی شەڕی كوردو كورد ئاوارە بووینەوە."
ئەو هاوڵاتییە ئێزدییە لەڕێی تەلەفۆنەوە قسەیكردو وتی"ناحیەی سنونێ ئاوەدان ببوەوە، خزمەتگوزاری و ئارامی باش هەبوو، بەڵام بەداخەوە… دۆخی ناوچەكە تێكچوو، هەردوو هێزی كوردی نەیانتوانی بەیەكەوە ئیدارەی ناوچەكە بدەنو هەمیشە ململانێیان لەنێواندا هەبوو."
خودەیدا پێیوایە چارەسەر ئەوەیە ناوچەكە لەلایەن خەڵكی ئێزدییەوە ئیدارە بدرێت نەك هێزی دیكەی.
شەنگال، ناحیەی سنونێ، 3-3ی 2017، هێزەكانی یەبەشە بەرامبەر پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا وەستاونەتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو.
پێكهاتەی ئاینی ئێزدی، هاوشانی كریستیانی، كاكەییو توركمانەكان زۆرترین پێشێلكارییان بەرامبەر كراوە لەلایەن داعشەوەو روبەڕوی كوشتنی بەكۆمەڵ بوونەوە، زیاتر لە 400 هەزاریان ئاوارەبوون.
بەپێی راپۆرتێكی تۆڕی هاوپەیمانی كەمینەكانی عێراق كە مانگی ڕابردوو بڵاویكردەوە، داعش شەش هەزارو 255 ئێزدیی رفاندووەو سەدا 59ی ئەو ژمارەیە رزگارییان نەبووە، كە هەزارو 940یان ژننو لەناو ئەو ڕێكخراوەدا وەكو كەنیزەك مامەڵەیان لەگەڵدا كراوە.
خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری كاروباری ئێزدییان لەوەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (كەركوك ناو) ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە خەڵك لەو ناوچەیە جارێكیتر ئاوارە بوونەتەوە.
"ئەوە دووساڵە لەو دەڤەرە شەڕە پەڕۆیە لەنێوان هەردوو هێزەكەدا، بۆیە ئەوەی روویدا شتێكی چاوەڕوانكراو بوو، هەر كەسێك ڕۆژێك سەردانی ئەو ناوچەیەی بكردبایە دەیزانی ئەوە روودەدات."
بۆزانی ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو ناوچانە ناوچەیەكی جەنگیینو هێشتا خزمەتگوزاری بۆ نەگەڕاوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكەكەی گەڕابوونەتەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان ئەو دوو هێزەوە ناچار ئاوارە دەبنەوە.
ئێزدییەكان ترسی خۆیان ناشارنەوە لەوەی ئەو ململانێیە لەزێدی ئەواندا هەیە ببێتە "لێكترازانی" پێكهاتەكەیان كە چەندین ساڵە بەیەكگرتوویی دەژین.
قەزای شەنگال (بەدووری 120 كیلۆمەتر دەكەوێتە ڕۆژئاوای موسڵ)، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرتو لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە، ئەوەش لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو شەڕڤانانی ئێزدییو گەریلاكانی پەكەكە بەهاوكاری فڕۆكەكانی هاوپەیمانان.