پەرەگراف- سوركێو محەمەد
وتەبێژێك لە سوپای ئەڵمانیا تایبەت بە پەرەگرافی ڕاگەیاند، وڵاتەكەی داوای ڕوونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات لەبارەی ئەگەری بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەڵمانیا لە جۆری Dingo 1 IMV لەشەڕی نێوان هێزە كوردییەكان لە سنوری شەنگال.
ئەو ئۆتۆمبێلە كە دەوترێت لەو شەڕەدا لەلایەن پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا(نزیكن لەپارتی) لەدژی یەكینەكانی بەرخۆدانی شەنگال(یەبەشە كە نزیكن لە پەكەكە) بەكارهێنراوە، ئەڵمانیا ناردویەتی بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بۆ شەڕی دژی داعش.
ئەگەر ئەوە یەكلایی ببێتەوە كە ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییەی ئەڵمانیا لەو شەڕەی هێزە كوردییەكان بەكارهێنراوە، كاردانەوەی حكومەتی ئەو وڵاتەی بەدوادا دێتو كاریگەری دەكاتەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمو ئەڵمانیا، لەبەرئەوەی لەكاتی پێدانی چەكو پێداویستی سەربازیی بە هەرێمی كوردستان، حكومەتی ئەڵمانیا مەرجی ئەوەی داناوە كە تەنها بۆ شەڕ لەدژی داعش بەكاربهێنرێن، بۆئەوەش بەڵێنی لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە.
كرستیان پرسێڵ(Christiane Perthel)، وتەبێژێك بەناوی هێزە سەربازییە یەكگرتووەكانی ئەڵمانیاوە بە پەرەگرافی وت"لەكۆتایی هەفتەی ڕابردوو، ئێمە ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە كە دەڵێت شەڕێكی كورت ڕوویداوە بە بەشداریی پێشمەرگە لە باكوری عێراق لەناو هەرێمی كوردستان. ئەو زانیارییەی كە ئێستا لەبەردەستمانە دەڵێت ئەمە لە سنوری شوێنی نفوزی دوو هێزی كوردی ڕوویداوە، ئێمە هێشتا نازانین بەتەواوەتی كێ شەڕی لەگەڵ كێ كردووە."
لەوەڵامی پرسیاری پەرەگراف لەبارەی بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئەڵمانی Dingo 1 IMV لەو شەڕەدا، كرستیان پرسێڵ وتی"وەزارەتی بەرگری فیدراڵی ئەڵمانیا داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات كە زانیاریی پێبدات لەسەر ئەوەی بەتەواوی چیی ڕویداوە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕابردوودا زۆر هاوكار بووە كاتێك ئێمە داوامانكردووە ڕوونكردنەوە لەسەر پرسیارەكانمان بدات."
ئەو ئۆتۆمبێلەی لەلایەن پێشمەرگەكانی ڕۆژئاواوە بەرامبەر یەبەشە بەكارهێنرا لەشەڕەكەی سنوری شەنگال.
بەرەبەیانی 3ی ئەم مانگە لەنێوان ژمارەیەك چەكداری لەشكری ڕۆژو یەبەشە لەسنوری ناحیەی سنونێ لە باكوری ڕۆژئاوای شەنگال شەڕ ڕوویداو كوژراو و برینداری لێكەوتەوە، شەڕەكە بەهۆی ئەوەوە بووە لەشكری ڕۆژ ویستویەتی پێشڕەوی بكات بۆ ناحیەی سنونێ، بەڵام یەبەشە ڕێگرییان لێكردوون.
لەشكری ڕۆژ هێزێكە لە پێشمەرگەكانی رۆژئاوا(كوردستانی سوریا)، لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن هێزەكانی زێرەڤانی هەرێمەوە مەشقیان پێكراوەو پڕچەككراونو نزیكن لە پارتی. یەبەشە لەئێزدییەكان پێكهێنراوەو نزیكە لە پەكەكەو هەر لەلایەن ئەوانیشەوە لەچەند ساڵی ڕابردوودا مەشقیان پێكراوەو هاوكاریكراون.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی شەڕەكەی شەنگالدا كە میدیاكانی پەكەكە بڵاویان كردەوە، دوو گەریلای هەپەگە دەردەكەون كە دەچنە بەردەم ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی كە پێدەچێت لە جۆری Dingo 1 IMVی ئەڵمانی بێت كە چەكدارانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای تێدایە.
هەپەگە لە بەیاننامەیەكدا ناسنامەی ئەو دوو گەریلایەی خستوەتەڕوو كە لەو شەڕەدا شەهید كراونو باسلەوەدەكات ئەو دوو گەریلایەیان بۆئەوە چوونەتە بەردەم ئەو ئۆتۆمبێلەی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا هەتا ڕێگریی بكەن لە ڕوودانی شەڕ.
هەریەكە لە چەكدار سینان خەڵكی باكوری كوردستانو ئۆرهان باران خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستان، ئەو دوو گەریلا شەهیدەی هەپەگەن، هەپەگە دەڵێت، ئەوان بۆ شەڕی دژ بە ڕێكخراوی داعش چوونەتە شەنگالو لەسەنگەرەكانی پێشەوەی شەڕ دژی ئەو ڕێكخراوەدا خەباتیان كردووە.
گەریلاكانی هەپەگە(باڵی سەربازیی پەكەكە) لە ناوچەكانی كەركوك، مەخمورو شەنگال لە هەرێمی كوردستانو ئەو هێزە چەكدارانەی دیكەی نزیكن لە پەكەكە ڕۆژئاوای كوردستان، ڕۆڵی كاریگەریان هەبووە لەشەڕی دژی داعش لەماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا.
ئەڵمانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین هاوكاریی پێشمەرگەی كردووە لەشەڕی دژ بە داعش، هەرلەناردنی چەكو پێداویستی سەربازیی تا ڕاهێنان بە هێزەكانی پێشمەرگە، ساڵی ڕابردووش كاتێك حكومەتی ئەڵمانیا بۆی دەركەوت لەبازاڕەكانی هەرێم كڕینو فرۆشتن بەو چەكانەی وڵاتەكەیەوە دەكرێت كە بۆ پێشمەرگەی ناردووە، فشارێكی توندی خستەسەر حكومەتی هەرێم.
عەقید قادر شێخ مەمی، ئامرهێزی لەشكری ڕۆژی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا كە ڕۆژی شەڕەكە خۆی لە خانەسۆری سنوری شەنگال بووە كە شەڕەكە تێیدا ڕوویدا، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد ئەوان سەربە هێزەكانی زیرەڤانینو خەڵكی هەرێمی كوردستانو ڕۆژئاوای كوردستانیش لەنێو ڕیزەكانیاندایە.
وەك ئەو بەرپرسەی پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوا وتی، مەشقو ڕاهێنانو چەكو پێداویستی سەربازییان لەلایەن زێرەڤانییەوە بۆ دابینكراوە، لەبارەی ئەوە ئایا لەو چەكو ئۆتۆمبێلانەیان وەرگرتووە كە ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگەی هەرێمی كوردستانی ناردووە، عەقید قادر شێخ مەمی وتی"بۆ ئەو زانیارییە پرسیار لەفەرماندەیی زێرەڤانیو وەزارەتی پێشمەرگە بكە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆئێمە هاتووە هەمووی ژمارەی زێرەڤانی پێوەیەو ئەوان بۆ ئێمەیان هێناوە، ئیتر نازانم لەكوێ هێناویانەو چۆن هێناویانە، هەموو سەیارەكان یان نیسانن یان تۆیۆتاو یابانین."
پەرەگراف بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاترو لێدوانی فەرمیی حكومەتی هەرێم، پەیوەندیكرد بە سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەت، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.