"پشتمان لە مردن کرد، ڕووی تێناکەینەوە"

08-03-2017 05:45
موسڵ، گەڕەكی تەیەران، 4-3-2017، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە لەژێر دەستی داعش. فۆتۆ: فازڵ هۆرامی.

 

پەرەگراف- کەرکوک ناو


سەمیر شاكرو خانەوادە 25 كەسییەكەی، نێو چادرەكانی كەمپی ئاوارەكان لە خازر بە باشتر دەزانن بۆ ژیان، لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە نێو ماڵێكی وێرانە لە موسڵ كە ژیانیان “بەردەوام لە مەترسیدابێت”.


سەمیر خەڵكی گەڕەكی سۆمەرە، لە بەری چەپی موسڵ‌و دوو مانگێك لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عیراقەوە كۆنترۆڵكرایەوە.


“لە موسڵ هێزی چەكدار هەیە شەوان هەڵدەكوتنە سەر خەڵك‌و بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی بەداعشەوە دەیانبەن‌و دەیانكوژن… جگە لەمەش كارو كاسبی نەماوەو خزمەتگوزاریی نییە، بگەڕێینەوە بۆ كوێ؟ لێرەبین باشترە”، سەمیر بەمشێوەیە لەناو كەمپی خازرەوە بۆ (كەركوك ناو)، قسەیكرد.


وتەكانی سەمیر دوای چەند هەفتەیەك بوو لە سەردانیكردنی ماڵەكەی خۆی لەبەری چەپی موسڵ، تاوەكو بزانێت لە كەمپی ئاوارەكان بمێننەوە، یان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

 

“خانووەكەمان بەر تۆپ كەوتبوو و بەشێكی رووخاوەو پێویستی بەنۆژەنكردنەوە هەیە”، عەبدوڵڵا عەلی، خەڵكی گەڕەكی زەهرایە‌و وای وت، بۆیە دوای گەڕانەوەی لە موسڵ، بەخانەوادە 25 كەسییەكەی وتووە باجارێ لێرەبمێنینەوە.


سەمیر هەروەها وتی “كەس لەوێ دڵنیانییە لە ژیانی خۆی، چونكە ئەوەی من بیستم شەوان گروپی چەكداری نەناسراو هەڵدەكوتنە سەر خەڵك لەناو ماڵەكانیان”.


چیرۆكی سەمیر، چیرۆكی دەیان هەزار ئاوارەی تری موسڵە، كە سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان، بەڵام هێشتا ئامادەنین بگەڕێنەوە.


عەبدوڵڵا عەلی، خەڵكی گەڕەكی زەهرایە‌و ماوەی سێ مانگە لەگەڵ دایك‌و باوك‌و براو خوشكەكانی ئاوارەی خازر بوون، یەكێكی ترە لەو خێزانانەی هێشتا نەگەڕاونەتەوە، “خزمەتگوزاریی نییە، مامەڵەی سوپاو بازگەكان لەگەڵ خەڵكی ناوچەكە خراپە، شەوان هەڵكوتانە سەر ماڵان هەیەو خەڵك دەكوژرێت، خانەی نووستووی داعشیش لەناو گەڕەكاندا ماون”، عەبدوڵلا وای وت، بۆیە ترسی هەیە بكوژرێت لەكاتێكدا ئەو و خێزانەكەی لە ترسی مردن ئاوارەبوون.

 

نەگەڕانەوەی ئەو خێزانانە، لەكاتێكدایە ژمارەی ئەو خێزانانە لەزیادبووندایە كە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی‌ كۆنترۆڵكردنەوەی‌ بەری‌ راستی‌ شاری‌ موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكرد ئاوارەبوون.


بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزار كەس دەكرێت لە بەری‌ رۆژئاوا (راستی)‌ شاری‌ موسڵ كە كۆی ژمارەی دانیشتوانەكەی بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێت.


رزگار عوبێد، سەرپەرشتیاری كەمپی خازر لەڕێكخراوی خێرخوازی بارزانی، بە (كەركوك ناو)ی وت “تەنانەت بەشێك لەو ئاوارانەی دوای كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكانیان گەڕاوەنەتەوە، جارێكی تر ئاوارەبوونەتەوە بۆ كەمپەكان”.


“گەڕاوەكان دەڵێن ناوچەكەیان ئارام نییە، بەهۆی هەبوونی چەندان گروپی چەكداری جیاواز كە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبووە”، رزگار عوبێد وای وت.


بەڵام هەزاران خێزانی تر گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان سەرەڕای مەترسییەكان، لەوانە لەكۆی ئاوارەبوونی 286 هەزار كەس لە سەرەتای شەڕی ئازادكردنی موسڵەوە، زیاتر لە 65 هەزار كەس گەڕاونەتەوە، بەپێی ئاماری وەزارەتی كۆچ‌و كۆچبەرانی عیراق.


فەواز ئیبراهیم، خەڵكی ناوچەی گەراجی باكوورە كە دوو مانگ زیاترە كۆنترۆڵكراوەتەوە، وتی “جارێ ناگەڕێینەوە، چونكە رەوشی گەراجی باكوور بەهۆی تۆپبارانی داعش زۆر خراپەو بڕیارمانداوە سێ مانگێكی تر لەكەمپ بژین”.


فەواز دەڵێت ئاگادارە كە حكومەتی خۆجێی موسڵ لە هەوڵدایە بۆ گەیاندنی ئاوو خزمەتگوزاری بۆ شاری موسڵ، “بەڵام بارودۆخی ئەمنی موسڵ هیچ ئارام نییە”.

 

یەكشەممەی رابردوو 5-3، سەرۆكی تۆڕی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە موسڵ، بە (كەركوك ناو)ی وت “رەوشی مافەكانی مرۆڤ لە شارەكە باش نییە، بەهۆی هەبوونی چەندان هێزی جۆراوجۆر كە بڕیار لە ناوەندی جۆراوجۆر وەردەگرن، خەڵكی بەهەرەمەكی دەستگیردەكرێت‌و ماڵەكانیان دەبڕدرێت… ئەوەی ئێستا روودەدات پێماندەڵێت كە موسڵ بەكەڵكی ژیان نایەت، بۆیە بێگومان خەڵكی دیكەش ئاوارەدەبن…”.


وتیشی “نەبوونی خزمەتگوزاریی‌و ئاوی خواردنەوەو زۆر شتی دیكە، وادەكات خەڵكی لە كەمپەكان بمێننەوە”.


نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە مەترسی دەزانرێت، چونكە لەسەرهەڵدانی شەڕی داعشەوە لەعیراق (ناوەڕاستی 2014 تائێستا) زیاتر لە چوار ملیۆن هاوڵاتی لە سەرتاسەری وڵاتدا ئاوارەبوون، لەو ژمارەیەش تەنها ملیۆنێك‌و 650 هەزار كەسیان گەڕاونەتەوە، هەر بەپێی وەزارەتی كۆچ‌.

 

تەنها شەممەی رابردوو 4-3، دەزگای خێرخوازی بارزانی كە سەرپەرشتی بەشێك لە كەمپی ئاوارەكان دەكەن لە خازر بڵاویكردەوە كە لە ماوەی 72 كاتژمێردا حەوت هەزار ئاوارەی نوێ خۆیان گەیاندۆتە كەمپی خازر.


ترسی ئاوارەكانی موسڵ لە گەڕانەوەیان، لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، سەرەتای مانگی یەكی ئەمساڵ بڕیاریدا بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەپێشێلكارییەكان لە موسڵ، بەڵام تائێستا هیچ ئەنجامێكی رانەگەیەنراوە.


بەڕای عەبدوڵڵا عەلی، كە خەڵكی گەڕەكی زەهرایە، چارەسەر ئەوەیە چەك لەدەستی گروپە چەكدارەكان نەبێت، “بەڵكو هەمووی بەدەست سوپاوە بێت، جگەلەمەش پێویستە حكومەتی خۆجێی موسڵ هەوڵەكانی زیاتر بكات بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە ئازادكراوەكان”.