یەكێتی لەنێوان دوو بەرداشدا
بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ پارتی هەڵدەبژێرێت یان فشاری نزیكبوونەوە لە گۆڕان؟
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
لەدواین كۆبوونەوەیاندا یەكێتی بە ڕوونو ڕاشكاویی بە گۆڕانی وتووە كە ئەوان ناتوانن لەگەڵ پارتی ڕێكنەكەون، چونكە چەندین بەرژەوەندی هاوبەشو گرنگیان پێكەوەهەیە، بەڵام لەبەر ڕاگرتنی دڵی گۆڕانو ڕێككەوتنەكەی نێوانیان، هەوڵی تەواو دەدەن بەو جۆرە ڕێكنەكەون كە پارتی دەیەوێت.
ئەو حزبەی لەدوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی، زۆر بە زەحمەت هێزی ئەوەی تێداماوە بڕیارێك دەربكات كە تەواوی باڵو ئاڕاستە جیاوازەكانی ناوخۆی لەسەری كۆكبن، ئێستا كەوتووەتە نێوان بەرداشی پارتیو بەرژەوەندییە ئابورییەكانی لەلایەكو گۆڕانو بەشێك لە جەماوەرەكەی لە لایەكی دیكە كە دژی خواستەكانی پارتین.
كێشەكانی نێوان پارتیو گۆڕان زیاتر لە خۆیان سەرئێشەی بۆ یەكێتی دروست كردووە، ئەو حزبە لەگەڵ هەردوو لایەنی جەمسەری كێشەكان ڕێككەوتنی تایبەتی هەیەو لەگەڵ هەریەكەیان جۆرێك لە بەرژەوەندی پێكیانەوە دەبەستێتەوە، هەربۆیە بە زەحمەت لەوە دەردەچێت خۆی بەلایەكدا ساخبكاتەوە، بەتایبەت كاتێك گۆڕانو پارتی سوورن لەسەر هەڵوێستەكانیان كە بەتەواوی دژی یەكنو بەبێ سازشكردن ناكرێت لە بۆتەیەكدا كۆبكرێنەوەو بگەنەئەنجام.
مەحمود محەمەد، وتەبێژی فەرمیی پارتی، 3 ڕۆژ لەمەوبەر ئەوەی خستەڕوو كە هێشتا لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بۆچونیان جیاوازە لەسەر چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانو ئەوەشیان بە لایەنەكان وتووە. پەرەگراف زانیویەتی جیاوازییەكەی پارتیو لایەنەكان لەسەر سەرۆكی پەرلەمانە كە هێشتا گەڕانەوەی بۆ هەولێر هێڵی سوورە بەلای پارتییەوە.
لەسەر هەمان پرس، پێشتر محەمەد تۆفیق ڕەحیم، یەكێك لە بەرپرسە باڵاكانی بزووتنەوەی گۆڕان لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پەرەگراف لەبارەی سووربوونی پارتی لەسەر نەگەڕانەوەی یوسف محەمەد بۆ پەرلەمان، تەئكیدی لە هەڵوێستی حزبەكەی كردەوەو وتی"ئێمە دەڵێین بارودۆخەكە دەبێت بگەڕێتەوە پێش 12-10-2015(ئەوڕۆژە ڕێگری كرا لە سەرۆكی پەرلەمان بۆ چوونەناو هەولێرو وەزیرەكانی گۆڕان لەحكومەت دوورخرانەوە، بە بڕیاری مەكتەبی سیاسی پارتی)."
ئەو بەرپرسەی گۆڕان بە ڕوونو ڕاشكاویی وتی، ئەگەر پارتی سووربێت لەسەر ئەو هەڵوێستەی لەكاتێكدا ئەوانیش وەك گۆڕان سوورن لەسەر هەڵوێستەكەیان ئەوا"ناگەینە هیچ ئەنجامێك" هەر ئەمەشە كە ئەركی یەكێتیی هێندەی دیكە قورس كردووە، چونكە بۆچوونەكانی پارتیو گۆڕان تەواو پێچەوانەی یەكن.
خاڵی گرنگ بۆ یەكێتی بەرژەوەندییە ئابورییەكانیەتی كە بەتەواوی گرێدراوە بە پارتیو ئەو حكومەتەی پارتی پێكیهێناوە، زۆرینە لە مەكتەبی سیاسی یەكێتی ڕێككەوتنیان دەوێت لەگەڵ پارتیو دواتر گەڕانەوە بۆلای گۆڕان، بەڵام هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كەسی كاریگەری ناو ئەو حزبە مەیلی بەلای گۆڕاندایەو دڵنیایی ئەوەیداوە كە ناكەونە ژێر كاریگەرییو داواكانی پارتیو گۆڕان بەجێناهێڵن، ئەمەش بەپێی چەند سەرچاوەیەك لە یەكێتیو گۆڕان كە لەبەر هەستیاریی پرسەكە نایانەوێت بەناوی خۆیانەوە قسەبكەن.
هەوڵەكانی ئێستا بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنە سڕبووەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕان كە زیاتر لە 8 مانگە مرەكەبی سەر كاغەزە، لەو بەڵێنەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام هێشتا پارتی بەدەر نییە لەم هاوكێشە دوولایەنەی نێوان یەكێتیو گۆڕان.
لایەنگریی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بۆ گۆڕان، وەك سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، بەشێكی پەیوەندی بە ڕێككەوتنەكەیان لەگەڵ گۆڕان هەیەو بەشەكەی دیكەی بە پەیوەندییەكانی خۆیەتی لەگەڵ پارتی، بەتایبەت كاتێك حزبەكەی بارزانی لەهەوڵەكانی ڕازیكردنی بەرپرسانی یەكێتی قسەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەودا نەكردووە، بەشێكی دیكەشی باشیی پەیوەندییەكانیەتی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا.
یەكێتی ڕازی بووە بە هەوڵەكانی پارتی بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستەكەی تاكاتی هەڵبژاردنی داهاتوو كە هێشتا بەفەرمی دیارنییە كەی دەكرێت، هەروەها ڕازیشە بە گۆڕینی سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕانە، بەڵام یەكێتی ئامادەنییە ئەمەی دووەمیان ڕابگەیەنێتو بچێتەژێرباری جێبەجێكردنی تەنها بەو مەرجەنەبێت كە گۆڕان پێش یەكێتی بەهەرجۆرێك بێت ڕەزامەندی لەو پرسە پیشان بدات.
ئەوەش بۆ دورخستنەوەی سەرئێشەی گۆڕانو ئەو جەماوەرەی یەكێتییە كە لە پارێزگاكانی سلێمانیو هەڵەبجەنو دژی تەنیاخستنی گۆڕانو چوونەژێر هەژموونی پارتین، ئێستاش هەوڵەكان بە ئاڕاستەی دۆزینەوەی میكانیزمێكە كە تێیدا كەمێك لە داواكانی گۆڕان جێبەجێ ببنو ئەو حزبە ڕازیی بكرێت كە ئاڵوگۆڕەكە بەبێ سەرئێشە بكرێت.
هەربۆیە هەوڵێك هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەویش كاركردن لەسەر كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم، یەكێتی ئەمە بەڕێگاچارەی گونجاو دەزانێت، پرسێك كە 5 حزبە سەرەكییەكە دوو ساڵ لەمەوبەر دوای ئەنجامدانی 9 كۆبوونەوە نەگەیشتنە ئەنجام لەسەری.
یەكێتی دەیەوێت پارتی ڕازیی بكات كەمێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كەمبكرێنەوە، لەبەرانبەرئەوەی گۆڕان دەستبەرداری یوسف محەمەد ببێت، ئەم هاوكێشەیە ئەگەر گۆڕانی لەسەر ڕازی بكرێت بۆ یەكێتی باشترینەو سوودمەندی سەرەكی دەبێت تێیدا، چونكە لەلایەك پارتی ڕازیكردووە بە مانەوەی بارزانیو گۆڕینی یوسف محەمەد، لەلاكەی دیكەش گۆڕانی ڕازیكردووە بە كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
پارتی كە هەژموونی تەواوی هەیە بەسەر كۆی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستانەوە، زەحمەتە بچێتە ژێرباری كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی بارزانی، چونكە بارزانی بۆ خۆی سەرۆكی ئەو حزبەو كەسایەتییەكی كاریگەرو بەهێزەو پۆستی كارتۆنی قبوڵ ناكات، پێشتریش لەئاستی باڵادا پارتی ئەم قسەیەیان كردووە.
بەهەمانشێوەی پارتی، بزووتنەوەی گۆڕانیش زەحمەتە ڕازی ببێت بە لابردنی یوسف محەمەد بەبێ گۆڕانكاریی لە دوو سەرۆكایەتییەكەی دیكە كە بەدەست پارتییەوەن(بەپێی پەیامەكەی بارزانی 20-11-2016)، گۆڕان ماوەی دووساڵە سوورە لەسەر "گەڕانەوەی بۆ پێش 12ی ئۆكتۆبەر" ئێستا چۆن لەوداوایەی دەكشێتەوە بەبێ دەستكەوتێكی هاوتای داواكارییەكەی.
ئەم هاوكێشانە یەكێتی خستوەتە دۆخێكەوە كە زەحمەتە خۆی بەلایەكدا بخات هەرئەوەشە چارەنوسی ئەو نەخشە ڕێگایەی بە ناڕوونی هێشتوەتەوە كە بۆ ساڵی 2017 ئامادەیان كردووە، هەرچەندە لەئەگەری سووربونی پارتیو گۆڕان لەسەر داواكانیان، هەنگاوێكی یەكلایی كەرەوە بۆ یەكێتی ئەگەری زۆرە مەترسییەكان لەسەر یەكڕیزی ناوخۆیی ئەو حزبە زیاتر بكات، بەڵام ئەگەر دۆخەكە بگاتە قۆناغێك كە پێویست بكات یەكێتی بە ڕوونی خۆی یەكلایی بكاتەوە، وەك سەرچاوەكان دەڵێن، بەئەگەری زۆر بەلای پارتیدا دەڕوات، ئەمەش ناڕاستەوخۆ گەیەندراوەتە گۆڕان.
ئەوەی ماوەتەوە كاتە، ڕۆژانی داهاتوو وەڵامی ئەو پرسیارە لە واقیعدا دەبینرێت كە ئایا یەكێتی لەنێوان بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ پارتیو فشاری نزیكبوونەوە لە گۆڕان كامیان هەڵدەبژێرێت؟.