بە دەستپێشخەری ڕێكخراوێكی مەدەنی لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان

12-03-2017 02:44

 

پەرەگراف

 

لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە دوای 41 كۆبوونەوە ئەمڕۆ ڕێككەوتن لەسەر دابەشكردنی كورسییەكانی ئەنجومەنی پارێزگاو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان، ئەوەش بە دەستپێشخەریی ڕێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی.

 

بەپێی ڕێككەوتنەكە لیستی خزمەت كە لە كۆمەڵ‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكدێت زۆرترین كورسیی ئەنجومەنەكەیان دەبێت كە 7 كورسییە، دوای ئەوانیش یەكێتی 6 كورسی‌و گۆڕان 5 كورسی‌و پارتی 3 كورسی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی 2 كورسی‌و لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی كە لە حزبی شیوعی‌و سۆسیالیست پێكدێت یەك كورسییان دەبێت‌و كورسییەكی كۆتاش بۆ كاكەییەكان دانراوە.

 

لەبارەی دابەشكردنی پۆستی بەڕێوەبەرایتییە گشتییەكانی پارێزگاكە لایەنەكان ڕێككەوتن لەسەر ئەوەی، یەكێتی‌و لیستی خزمەت هەریەكەیان 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی‌و گۆڕان‌و پارتی هەریەكەیان 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتی دەبێت‌و بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەبەرایەتییەكی گشتی بەخشیوە كە پشكی خۆی بووە لەپێناو گەیشتنی لایەنەكان بەڕێككەوتن، لیستی هاوپەیمانی نیشتیمانی‌و كاكەییەكان بەڕێوەبەرایەتی گشتییان نابێت.

 

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەڵەبجە لەبارەگای بزوتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەچووە، بە ئامادەبوون‌و دەستپێشخەریی ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەموان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی كە نێوەندگیری لایەنەكانی كردووە بۆ گەیشتنە ڕێككەوتن.

 

لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا لایەنە سیاسییەكانی هەڵەبجە سوپاسی تایبەتی ئەو ڕێكخراوەیان كردووە كە هەوڵەكەیان بە ئەنجام گەیشتوە‌و "بێلایەنانە ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕا لە نزیككردنەوەی ئێمە لە خاڵە هاوبەشەكانمان تێپەڕاندنی خاڵە جیاوازەكانمان."

 

هەروەها سوپاسی تایبەتی بزووتنەوەی ئیسلامی كراوە كە "ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی هەبوو لەم رێككەوتنەدا" ئەوەش بە بەخشینی پۆستێكی بەڕێوەبەری گشتی كە پشكی خۆیان بووە.

 

ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەموان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی پڕۆژەیەكیان هەیە لەگەڵ ڕێكخراوێكی ئەمەریكی بۆ كاركردن لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەپڕۆژەی ساڵی ڕابردوویاندا ناوی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجەشیان نووسیوەو ئومێدیان بەوەهەبووە ئەو ئەنجومەنە دروستبكرێت تاوەكو كاری لەگەڵدا بكەن.

 

ئارام كەمال، بەڕێوەبەری پڕۆژە لە ڕێكخراوی كوردستان بۆ هەموان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی كە بەشداربووە لە كۆبوونەوەی لایەنەسیاسیەكانی هەڵەبجە، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد مانگی 2ی ئەمساڵ كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنە كاندیدكراوەكانی حزبەكان كردووەو تەنها پارتی ئامادە نەبووە، دواتر لە ناوەڕاستی ئەو مانگەدا چوونەتەلای پارتی‌و پێشنیاری كۆبوونەوەیان بۆ لایەنەكان كردووە بە نێوەندگیری ڕێكخراوەكەیان.

 

"لایەنەكان نێوەندگیرییەكەیان بەلاوە باش بوو، ئێمەش پلانمان وابوو لە 2 كۆبوونەوە زیاتر نەكەین، چونكە نزیكی 40 كۆبوونەوە كرابوو وتمان با خەڵك ئەوەندە چاوەڕێ نەكات، كۆبوونەوەی یەكەم لێكمان نزیك كردنەوەو ئەمڕۆش لەكۆبوونەوەی دووەمدا گەیشتنە ڕێككەوتن." ئارام كەمال وای وت.

 

وەك بەڕێوەبەری پڕۆژە لەڕێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان بۆ پەرەپێدانی دیموكراسی دەڵێت"بزووتنەوەی ئیسلامی كلیلی چارەسەر بووە" بۆ گەیشتنە ڕێككەوتنی لایەنەكان‌و لەكۆبوونەوەكەدا وتویانە"ئەگەر كێشەكە بە بەڕێوەبەرێكی گشتی چارەسەر دەبێت ئێمە واز لەو پۆستەی خۆمان دەهێنین لەپێناو ڕێككەوتن‌و دروست بوونی ئەنجومەنەكە."

 

ئێستا دروستبوونی ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە ڕێككەوتنی حزبەكانی تێپەڕاندوەو چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ دروستكردنی، حزبەكانیش لە ڕاگەیەندراوەكەیاندا داوایان كردووە، حكومەت بڕیاری لەبارەوە بدات‌و ئەنجومەنەكە لە 16-3ی ئەمساڵدا بە فەرمی بكرێتەوە.