لەگەڵ هەڵمەتی دژە گەندەڵیی عەلی زەیدی، بەشێک لە هاوپەیمانەکانی دەبنە نەیار بەرلە کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ

12-07-2026 11:40

پەرەگراف- لەگەڵئەوەی هەڵمەتی دژە گەندەڵییەکەی عەلی زەیدی پشتیوانیی جەماوەریی و میدیایی بەدەستهێنا، بەڵام لە پشتی پەردەوە ناکۆکیی تووندو دژایەتی لێکەتەوە لەناو ماڵی ئەو شیعانەی زەیدییان کرد بە سەرۆکوەزیران، ئەوەش وایکرد بە مەبەست کابینەکەیان بۆ تەواو نەکردو بە ٩ وەزارەتی بێوەزیرەوە گەشتەکەی دەکات بۆ واشنتۆن و کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ.

هەڵمەتی فراوانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی گرێدراوی بەڵێنی چەککردنی گروپە چەکدارەکانەو هەردووکیان داواکاریی ئەمەریکان و بوونەتە گەورەترین تەحەدا لەبەردەم زەیدی کە هەوڵدەدات سووربوونی خۆی لەسەر جێبەجێکردنیان پیشان بدات.

سەردانەکەی سبەینێی زەیدی بۆ واشنتۆن بە پلەی یەکەم جەخت لەسەر فراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان دەکاتەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوان ئەمریکا و عێراق، بڕیارە هەردوولا تاوتوێی وەبەرهێنان، وزە، بازرگانی، تەکنەلۆژیا و پڕۆژەکانی گەشەپێدان بکەن، لەگەڵ تاوتوێکردنی هاوکارییە ئەمنییەکان، هاوکاری سەربازی و هەوڵەکانی عێراق بۆ خستنەژێرکۆنترۆڵی هەموو چەکەکان لەژێر سایەی دەوڵەتدا.

واشنتۆن بەردەوام جەختی لەسەر دوو لە پێشینە (ئەولەویەت) کردووەتەوە لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ بەغداد: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دڵنیابوونەوە لەوەی هەموو چەکەکان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بن لەڕێگەی سنووردارکردنی هەژموونی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

یەکێک لە سەرچاوەکانی پەرەگراف وتی: "ئەم دوو پرسە لێک جیاناکرێنەوە. زۆرێک لە گرووپە چەکدارەکان هێزی ئابووری خۆیان لە گەندەڵییەوە بەدەست دەهێنن. ناتوانیت بە جیدی کار لەسەر یەکێکیان بکەیت بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەویتریان."

هەڵمەتێک کە بەغدادی هەژاند

حکومەتەکەی زەیدی زنجیرەیەک دەستگیرکردنی بێپێشینەی دەستپێکردووە کە پەرلەمانتاران، بەرپرسانی باڵای حکومەت و ئەو کەسانەی کردووەتە ئامانج کە تۆمەتبارن بە تێوەگلان لە گەندەڵی گەورە لە دەوری دۆسیەی عەدنان ئەلجومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت.

لێکۆڵینەوەکان بوونەتە هۆی دەستبەسەرکردنی دەیان ئەندامی پەرلەمان و بەرپرسی باڵا، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی ١٤١ ملیار دیناری عێراقی لەگەڵ ٢٤ ملیۆن دۆلار، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی خانوو، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و زێڕ کە پەیوەندییان بە دۆسیەکەوە هەیە.

بەرپرسان دەڵێن ئەگەری دەستگیرکردنی زیاتر لە ئارادایە بەهۆی ئەوەی لێکۆڵەران بازنەی لێکۆڵینەوەکانیان فراوانتر دەکەن.

لە ٤ی تەمموزدا، زەیدی بەڵێنیدا کە حکومەتەکەی بە ئیرادەیەکی نەگۆڕەوە "بەردەوامە لە ڕاونانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی مافەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوە و دادپەروەری، هەرچەند ئاستەنگی و فشارەکان گەورە بن لەم ڕێبازە پاشەکشە ناکات".

زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان لەناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتداردا

لە پشت پەردەی هەڵمەتە گشتییەکەدا، کەسایەتییە باڵا سیاسییەکان باس لە زیادبوونی تووڕەیی لەناو "چوارچێوەی هەماهەنگی" دەکەن، کە ئەو هاوپەیمانییەی شیعەکانە کە زەیدییان دوای چەندین مانگ لە ململانێ کاندید کرد بۆ سەرۆکوەزیران وەک کاندیدی چارەسەرو نەگەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر کەسێکی دیکە.

بەپێی سەرچاوەکان، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی پێشوەختە ئاگاداری وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی دژە گەندەڵی یان بڕیاری بەکارهێنانی هێز بۆ دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران نەبوون. هەندێک لەوان بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و یەکەی سەربازی لە بەغداد وەک نمایشێکی هێزی سیاسی دەبینن نەک پێویستییەکی یاسایی.

سەرچاوەیەکی باڵا بە پەرەگرافی ڕاگەیاند کە سەرکردەکانی شیعە ئۆپەراسیۆنەکە وەک "نمایشێک" دەبینن بۆ جوانکردنی وێنەی سەرۆکوەزیران لەناو خەڵکدا.

سەرچاوەیەکی دیکە وتی، یەکێک لە سەرکردە کاریگەرەکانی شیعە ڕووبەڕووی زەیدی بووەتەوە و پێی وتووە: "تۆ مافی ئەوەت نییە پەرلەمانتارەکانی من دەستگیر بکەیت. ئەگەر کێشەیەکت هەیە، وەرە و ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆم باسی بکە."

هەمان سەرچاوە وتی سەرکردەیەکی دیکە پرسیاری ئەوەی کردووە بۆچی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "سەبەتەی خۆراک" ناکات، کە ئاماژەیە بۆ تۆمەتەکانی پەیوەست بە کۆمپانیایەک کە دەوترێت پێش ئەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران هی زەیدی بووە. پەرەگراف نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ڕاستی ئەو تۆمەتانە پشتڕاست بکاتەوە و هیچ تۆمەتێکی فەرمیش لەو بارەیەوە دژی زەیدی ڕانەگەیەندراوە.

سنوورەکانی دەسەڵاتی دەوڵەت

سەرچاوەکان هەروەها باس لەوە دەکەن کە دەسەڵاتی حکومەت لە واقیعدا هەندێک سنوور و هێڵی بۆ کێشراوە، چەند پەرلەمانتارێک کە ناویان لە لێکۆڵینەوەکانی گەندەڵیدا هاتووە، لە دەرەوەی دەستی یاسان، چونکە لەلایەن گرووپە چەکدارە بەهێزەکانەوە دەپارێزرێن. سەرچاوەکان دەڵێن پەرلەمانتارێکی داواکراو، سەرەڕای ئەوەی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە، هێشتا بەشداری کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەکات.

بۆ ڕەخنەگرانی هەڵمەتەکە، ئەم حاڵەتانە سەلمێنەری ئەوەن کە یاسا بە شێوەیەکی "هەڵبژێردراو" جێبەجێ دەکرێت. ئەوان پرسیار دەکەن بۆچی لێکۆڵینەوەکان تەنها جەختیان لەسەر دۆسیەیەکی وەزارەتی نەوت و کەسایەتییەکانی دەوروبەری ئەلجومەیلی کردووەتەوە، لە کاتێکدا تۆمەتی گەندەڵی گەورە لە زۆرێک لە وەزارەت و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا هەیە.

تۆڵەسەندنەوەی سیاسی

ئەم ململانێیە کاریگەری کردووەتە سەر تەواوکردنی کابینەی حکومەت. بەپێی سێ سەرچاوەکە، دەبوو پەرلەمان پێش سەردانەکەی زەیدی بۆ واشنتۆن دەنگ لەسەر ٩ وەزیرە ماوەکەی کابینەکەی بدات بۆ ئەوەی حکومەتە ٢٣ وەزیرییەکەی تەواو ببێت. بەڵام سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هەڵمەتی دژە گەندەڵی، دەنگدانەکەیان پەکخست و وایانکرد سەرۆک وەزیران تەنها بە کابینەیەکی ١٤ وەزیرییەوە بەرەو ئەمەریکا بەڕێ بکەوێت.

زەیدی سەرۆکایەتی پارتێکی سیاسی ناکات و خاوەنی کوتلەیەکی پەرلەمانی نییە. ئەو بازرگان و ملیاردێرێکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٦ـە، وەک کاندیدێکی "سازان" دوای ململانێیەکی زۆری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی هاتە پێشەوە. ئەم پاشخانە سیاسییە وای لێکردووە ناچارە پشت بەو لایەنانە ببەستێت کە کردیان بە سەرۆکوەزیران و ئێستاش دژی هەڵمەتەکەی دەوەستنەوە.

پشتیوانی جەماوەری و پاڵپشتی دادوەری

سەرەڕای پەرچەکردارە سیاسییە شاراوەکان، هەڵمەتەکە لەلایەن زۆرێک لەو عێراقییانەوە دەستخۆشی لێکراوە کە بەدەست گەندەڵی درێژخایەنەوە دەناڵێنن. سووربوونی حکومەت لەسەر دەستگیرکردنی کەسایەتییە دیارەکان، ئەو وێنایەی لای خەڵک دروست کردووە کە دواجار دەسەڵات هەنگاوی جیدی دەنێت.

دەسەڵاتی دادوەریش بە هەمان شێوە پاڵپشتی یاسایی هەڵمەتەکەی کردووە. ڕۆژی هەینی، ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند کە دادگاکانی تایبەت بە گەندەڵی کار لەسەر دوو ئامانج دەکەن: سزادانی گەندەڵکاران و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان.

ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە یاسای عێراقی ڕێگە دەدات بە کەمکردنەوەی ڕێکارەکان یان سوککردنی سزا بۆ ئەو تۆمەتبارانەی کە بە ئارەزوومەندانە پارە دزراوەکان دەگەڕێننەوە. ئەم سیاسەتە پێشتر لە دۆسیەی "دزی سەدە"دا بەکارهات و ئەگەری هەیە لە دۆسیەی ئەلجومەیلیشدا پەیڕەو بکرێت.

مانەوە و بەردەوامیی هەڵمەتەکەی زەیدی، ڕەنگە کەمتر بەند بێت بە ڕای گشتییەوە و زیاتر بەند بێت بەوەی ئایا دەسەڵاتی سیاسی عێراق تا چەند ئامادەیە ڕێگە بدات لێکۆڵینەوەکان لەسەر گەندەڵیی بگەنە ناو ڕیزەکانی خۆیان. لە کاتێکدا ئەو بەرەو واشنتۆن دەچێت بۆ داوای هاوکاری ئابووری و هاوبەشی ستراتیژی، لە هەمانکاتدا لەژێر فشاردایە بۆ نیشاندانی پێشکەوتن لەو دوو پرسەی ئەمریکا جەختی لێ دەکاتەوە: شەڕی گەندەڵی و کۆنتڕۆڵکردنی چەک. بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەم دوو پرسە بە قووڵی پێکەوە گرێدراون؛ تا ئەو کاتەی پەرلەمانتار و بەرپرسە باڵاکان بەهۆی پاراستنی گروپە چەکدارەکانەوە لە دەستگیرکردن ڕزگاریان بێت، هەڵمەتەکەی حکومەت ڕووبەڕووی تۆمەتی "دادپەروەریی هەڵبژێردراو" دەبێتەوە.