پەرەگراف- كەركوك ناو
بەشێكی زۆر لە دانیشتوانی بەری ڕاستی موسڵ، لەنێوان مردن بەهۆی برسێتیو ڕێگای مەرگدا دووەمیان هەڵدەبژێرن، چونكە ئەوە تەنیا ئومێدیانە تا بگەنە كەناری ئارامی.
بەوتەی ئەو عێراقییانەی بەمدواییە ئاوارەبوون، كەمی خۆراكو شەڕو پێكدادانەكان ناچاری كردوون ژیانیان بخەنە مەترسییەوەو بەرەو ناوچە ئارامەكان هەڵبێن، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێكی كۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران.
عادل-ی تەمەن 34 ساڵ دەڵێت"بۆ ماوەی ساڵێك زۆر برسی بووین، منداڵەكانمان تەنیا ئاردو ئاویان دەخوارد، هەندێك كات ئەگەر گۆڕانكاریمان لە سیستمی خۆراكی خۆمان دروستبكردایەو شتێكی باشمان بخواردایە ئەوا دۆشاوی تەماتەمان بەكاردەهێنا."
ئەو هاوڵاتییە لەگەڵ هاوسەرو شەش منداڵەكەیان، لە ناوچەی تەل ڕومان-ی بەری ڕاستی شاری موسڵەوە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئاوارەبوون.
"پێویست یان بمرین، یاخود ڕێگای مەرگ هەڵبژێرین، بۆیە برسێتی هۆكاری سەرەكی هەڵاتنمان بوو"، عادل وای وت.
ئەو هاوڵاتییانەی لە بەری ڕاستی موسڵەوە ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوون، جەخت دەكەنەوە لەوەی خۆراكو سوتەمەنیو دەرمانو ئاو، زۆر بە دەگمەن دەستدەكەونو نرخی شتومەكیش زۆر بەرزبۆتەوە.
عادلو هاوسەرەكەی، لەشەوێكی باراناوی لەگەڵ منداڵەكانیان بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ڕێگایان بڕی، تا گەیشتنە لای هێزە عیراقییەكان.
"كاتژمێری 1ی شەومان هەڵبژارد بۆ هەڵاتن، چونكە لەوكاتەدا چەكدارەكانی داعش پشوو وەردەگرنو چەند چەكدارێكی كەم دەسوڕێنەوە، كاتێكمان زانی لە پشتمانەوە بوو بە تەقە، دواتر زانیم چەكدارانی داعش چەند كەسێكیان دەستگیركردووە، ئاواڕمان لەدوای خۆمان نەدایەوە تا گەیشتینە كەناری ئارامی."
عادل وتیشی"ئەگەر بماینایەتەوە، دەبوو لە برسا بمرین یان بەهۆی بۆردومانەوە."
دوای گەیشتن بە ناوچە ئارامەكان، خانەوادەكەی عادل گواسترانەوە بۆ كەمپی حەسەن لە ڕۆژهەڵاتی موسڵو خێمەیەكیان پێدرا، دوای چەند مانگێكیش لەبرسێتی توانییان یەكەم ژەمە خۆراك بە ئارەزووی خۆیان بخۆن.
لەچەند هەفتەی ڕابردوودا، زیاتر لە 89 هەزار كەس لە بەری ڕاستی موسڵەوە ئاوارەبوون، بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی كۆچو كۆچبەرانی عێراق.
زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان، هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی بەری ڕاستی شاری موسڵ، كە 19-2 دەستیپێكردو تائێستا هێزە عێراقییەكان چەند گەڕەكو ناوچەیەكیان كۆنتڕۆڵكردۆتەوە.
شەهاب، تەمەنی 39 ساڵەو كاری باخەوانی كردووە لە موسڵ، چەند رۆژێك لەمەوبەر لە گەڕەكی تەل ڕومان-ەوە گەیشتۆتە كەمپی حەسەن شامو چیرۆكی هەڵاتنی خێزانە شەش كەسییەكەی لەدەست چەكدارانی داعش، دەگێڕێتەوە.
"بە كۆمەڵ ڕۆیشتین، چونكە پێمانوابوو كە ڕاگرتنمان لە بازگەكان قورستر دەبێت، ئەوەش مەترسییەكی گەورەبوو، بەڵام لەئەگەری هەڵبژاردنی مانەوەدا، ئەوا لە برسا یان بەهۆی بۆردوومانەوە دەمردین."
شەهاب دەڵێت لەگەڵ بوونی ئەو مەترسییانەشدا كەمی خۆراك ناچاریكردن ڕێگای هەڵاتن هەڵبژێرن.
تائێستا زیاتر لە 195 هەزار ئاوارە، لە 21 كەمپی لە تەواوی سنوری موسڵ جێكراونەتەوەو كۆمسیۆنی باڵای پەنابەران سەرقاڵی بنیاتنانی چەند كەمپێكی دیكەیە، بە ئامانجی لەخۆگرتنی هەزاران كەسی تر.
بەپێی ئامارێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، ژمارەی هاوڵاتی مەدەنی لە بەری ڕۆژئاوا(ڕاستی) شاری موسڵ بە 750 بۆ 800 هەزار كەس دەخەمڵێنرێتو پێشبینی ئاوارەبوونی 250 هەزاریان دەكرێت، هۆشداریش دەدرێت لەوەی ژیانیان لەمەترسیدایە بەهۆی پێكدادانەكانەوە.
لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ، لە 17ی تشیرینی دووەمی 2016 بەبەشداری هێزە عێراقییەكانو هێزەكانی پێشمەرگە، بەدەیان هەزار لەدانیشتوانی شاری موسڵو دەوروبەری ئاوارەی ناوچە ئارامەكان بوونو تائێستاش بەردەوامی هەیە.