بەوێنە؛ یەكەم سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە خولی مەشق‌و ڕاهێنانی تەواوكرد

12-03-2017 05:11
كۆتایی هاتنی یەكەم خولی مەشق‌و ڕاهێنانی سریەی بەرگری كیمیاوی وەزارەتی پێشمەرگە. فۆتۆ: لە فەیسبوكی ئیسلام چالی وەرگیراوە.

 

پەرەگراف

 

یەكەم سریەی بەرگری كیمیاوی لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ دوای 3 مانگ كۆتایی بە خولێكی مەشق‌و ڕاهینان هێنا تایبەت بە چەكی كیمیاوی، ئەڵمانیاش بەڵێنیداوە 4 ئۆتۆمبێلی گرانبەها بۆ ئەو سریەیە بنێرێت.

 

خولەكە تایبەت بوو بە چۆنیەتی خۆپاراستن لە چەكی‌ كیمیاوی‌و ئاشكراكردنی بۆمبی كیمیاوی لە ڕێی ئامێری تایبەتەوە، هەروەها پوچەڵكردنەوەی بۆمبی كیمیاوی‌و پاككردنەوەی پاشماوەی ‌چەكی كیمیاوی لە بەرەكانی جەنگ، بە سەرپەرشتی 2 ئەفسەر‌و 4 مامۆستای بەشی كیمیاوی وەزارەتی بەرگری عێراق ئەنجامدرا.

 

 

دوای ئەوەی داعش لە چەند میحوەرێك چەكی كیمیاوی بەكارهێنا، وەزارەتی پێشمەرگە سریەی بەرگری كیمیاوی دامەزراند، مەڕاسیمی كۆتایی هاتنی یەكەم خولی سریەی كیمیاوی بە ئامادەبوونی شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق‌و وەزارەتی پێشمەگەری هەرێم لە سلێمانی بەڕێوەچوو.

 

 

ئیسلام چالی، فەرماندەی سریەی بەرگری كیمیاوی لە وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پەرەگراف باسیلەوەكرد بەشداربووانی خولەكە بوونەتە خاوەنی بڕوانامەی بەشی كیمیاوی ئەوەش هەنگاوێكی سەرەتاییەو پێویستە هەنگاوی دیكەی بەدوادابێت، وتی"ئەم خولە بەس نییە، بەشی كیمیاوی لەچەند پسپۆڕییەك پێكدێت‌و پێویستە ئەو پێشمەرگەو ئەفسەرانەی خوێندەواری باشیان هەیە بەشداری خولی دیكەی پێشكەوتوو بكەن، بۆئەوەش كارمان كردووە."

 

 

وڵاتانی ئەڵمانیاو ئەمەریكاو سوپای عێراق هاوكاریی ئەو سریەیەی وەزارەتی پێشمەرگەیان كردووە، هەرچەندە ئیسلام چالی دەڵێت هاوكارییەكان بەپێی پێویست نین، بەڵام وەك هەنگاوی یەكەم هاتوونەتەپێشەوە.

 

 

"ئەڵمانیا بەڵێنیداوە 4 ئۆتۆمبێلی تایبەت بە دۆزینەوەو ئاشكراكردنی چەكی كیمیاوی بۆ پێشمەرگە بنێرێت، كە زۆر گرانبەهاو بەنرخن‌و تائێستا سوپای عێراقیش نییەتی، دوای گەیشتنی ئەو ئۆتۆمبێلانە مەشق‌و ڕاهێنانیان لەسەر دەكەین." ئیسلام چالی وای وت.