عێراق هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی تورکیاوە بۆ چەند هێندە زیاد دەکات؛ ڕێکەوتنێکى نوێ لەڕێیە و وەزیری وزەی تورکیا وردەکاری ئاشکرا دەکات
پەرەگراف - ئاڵپئەرسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، عێراق داوای گواستنەوەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی کردووە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی کاتیی یەک ساڵەدا. ئەم هەنگاوە بە ئامانجی بەردەوامبوونی هەناردەى نەوتە لە ڕێگەی بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا، دوای ئەوەی لە ٢٧ی تەمووزدا وادەی ڕێککەوتنە کۆنەکە بەسەر دەچێت. ئەم بڕە داواکراوەش لە چوارچێوەی توانای گواستنەوەی بۆرییەکەدایە و لە کاتێکدایە کە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیرتر بەردەوامن.
بایراکتار پێش کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە کۆمەڵگەی سەرۆکایەتی لە ئەنقەرە، بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ڕێککەوتنی ئێستای بۆرییەکە کە لە ساڵی ٢٠١٠ بۆ ماوەی ١٥ ساڵ واژوو کرابوو، بەشێوەی ئێستای نوێ ناکرێتەوە. وتیشی، تورکیا نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە نایەوێت ڕێککەوتنەکە درێژ بکاتەوە، چونکە ئەو ڕێککەوتنە کێشەی "ناوبژیوانی (Arbitratio) " لێ کەوتووەتەوە. بایراکتار وتی "ئەم ڕێککەوتنە کارا نییە و ئێمەی لەناو دۆسیەی ناوبژیوانی و کێشە یاساییەکاندا گیرۆدە کردووە". هەروەها ئاشکرای کرد کە ئەنقەرە ڕەشنووسێکی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ و فراوانتر بۆ بەغداد ناردووە.
وەزیری وزەی تورکیا ڕایگەیاند تەواوکردنی گفتوگۆکان لەسەر ڕێککەوتنی نوێی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا (ITP) تا پێش وادەی ٢٧ی تەمووز، کارێکی واقیعی نییە، ئەمەش بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حکومەتی نوێی عێراق بەمدواییانە پێکهاتووە. وەک هەنگاوێکی کاتی، تورکیا پێشنیازی کردووە کە کۆمپانیای (بۆتاش) ـی تورکی کە کارپێکەری بۆرییەکانە، نەوتی عێراق بگوازێتەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی یەک ساڵەدا، تا ئەو کاتەی گفتوگۆکان بۆ ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی دەگەنە ئەنجام.
بە وتەی بایراکتار، بەرپرسانی عێراق پێیان ڕاگەیاندووە کە پێویستیان بە گواستنەوەی ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەیە، لە کاتێکدا ئێستا ڕۆژانە تەنیا نزیکەی ١٨٠ بۆ ٢٠٠ هەزار بەرمیل لەو بۆرییەوە دەگوازرێتەوە. تورکیاش ڕەزامەندیی بۆ دابینکردنی ئەو بڕە دەربڕیوە. توانای دیزاینکراوی بۆریی کەرکووک-جەیهان بە ١. ٤ بۆ ١. ٦ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنرێت، ئەمەش واتە بڕی ٧٥٠ هەزار بەرمیلەکە لە چوارچێوەی توانای ئەندازیاریی هێڵەکەدایە و پێویستی بە فراوانکردن نییە.
سەبارەت بە درێژکردنەوەی بۆرییەکە بۆ باشوور تا دەگاتە بەسرە، بایراکتار وتی ئەم بابەتەی لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تاوتوێ کردووە، کە لە ئایاری ٢٠٢٦دا وەک کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی دەستبەکار بووە. هەردوولا باسیان لە بەرزکردنەوەی توانای بۆرییەکە کردووە بۆ ٢. ٥ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەیان پێویستی بە فراوانکردنی جەستەیی بۆرییەکە هەیە و دەکرێت کوێت و وڵاتانی تری کەنداویش بۆ گواستنەوەی نەوتەکەیان بەکاری بهێنن.
جگە لەوەش، بایراکتار ئاماژەی پێ کرد کە تورکیا و عێراق باسیان لە دروستکردنی هێڵێکی هاوتەریبی گازی سروشتی کردووە لە هەمان ڕێڕەودا، کە دەکرێت لە داهاتوودا گازی قەتەر یان سەرچاوەکانی دیکە بگوازێتەوە. ئەم پلانەی بە "قۆناغێکی سەرەتایی تێگەیشتن" وەسف کرد و تا ئێستا هیچ کاتێکی دیاریکراو، خەمڵاندنی تێچوو، یان ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ پڕۆژەی گازەکە لەلایەن هیچ کام لە حکومەتەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.
سەبارەت بە کێشە یاساییە بنەڕەتییەکە، بایراکتار وتی، ڕێکارەکانی ناوبژیوانی بۆ ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٨ ئێستا لە قۆناغی جێبەجێکردندان لە واشنتن، لەوێ دادگا بڕی قەرەبوو و سوودە داراییەکان هەژمار دەکات بۆ ئەوەی دیاری بکرێت کام لایەن قەرزداری ئەوی ترە. هەروەها وتی، تورکیا تانەی لە بڕیارێکی پێشووتری دادگای پاریس داوە. دۆسیەیەکی تری ناوبژیوانیش بۆ ماوەی دوای ساڵی ٢٠١٨ هەیە کە هێشتا بەردەوامە.
بۆریی نەوتی خاوی عێراق-تورکیا لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە لە باکووری عێراق بەرەو بەندەری جەیهانی تورکیا لە کەناری دەریای ناوەڕاست دەڕوات. لە ئاداری ٢٠٢٣ـەوە هەناردەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بۆرییەوە ڕاگیراوە، دوای ئەوەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاری دا کە تورکیا بە نایاسایى و بەبێ ڕەزامەندیی بەغداد ڕێگەی بە هەناردەکردنی نەوت داوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨، تورکیاشی پابەند کرد بە پێدانی ١. ٥ ملیار دۆلار قەرەبوو بە عێراق.
هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٥دا لەژێر کۆنترۆڵی بەغداد دەستی پێ کردووەتەوە و هەر بڕیارێک لەسەر داهاتووی توانای بۆرییەکە یان نەوتی هەرێم، بەستراوەتەوە بە ڕێککەوتنی زیاتر لەنێوان بەغداد، هەولێر و ئەنقەرە.
ئەم لێدوانانەی بایراکتار گوزارشت لە دیدگای حکومەتی تورکیا دەکات بۆ گفتوگۆکان. وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی باسم محەمەد خودەیر، تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی لەسەر بڕی هەناردەکردن یان پلانی درێژکردنەوەی بۆرییەکە بۆ بەسرە بڵاو نەکردووەتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم گفتوگۆیانە نەداوە.