پەرەگراف- كەركوك ناو
دەستەی حەشدی شەعبی، لەهەوڵی پێكهێنانی فەوجێكی سەربازیدایە بۆ پێكهاتەی ئاینی كاكەیی لە داقوق، لەكاتێكدا بەرپرسی یەكەمی ئیدارەی قەزاكە لەگەڵیدا نییە.
لە سنوری ئەو قەزایەی پارێزگای كەركوك، پڕۆسەی ناونوسینو ئامادەكاری بۆ پێكهێنانی هێزەكە دەستیپێكردووەو بەشێك لە گەنجەكانیش، هۆكارەكەی دەبەستنەوە بە بژێوی ژیانیانەوە.
پشتیوان كاكەیی، یەكێكە لەو گەنجانەی مامەڵەكانی بۆ بەشداری لەو هێزەدا ڕادەستكردووەو چاوەڕوانی دامەزراندنە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم دۆخە قەیراناوییەدا دینارێك لە گیرفانم نیە، بۆ ئەوەی منداڵ و هاوسەرەكەم بژێنم هیچ كارێكم دەستناكەوێت، بۆیە هەر هێز ولایەنێك موچەم بۆ دابین بكات داوای دامەزراندن دەكەم."
ئەو گەنجە پێشتریش چەندجارێك هەوڵیداوە لە نێو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدا دابمەزرێت، بەڵام وەكو خۆی دەڵێت ئەنجامی نەبووەو هیچی بۆ نەكراوە.
لەدوای سەرهەڵدانی ڕێكخراوی داعشەوە لەناوەڕاستی ساڵی 2014، چەندین هێزی چەكدار بۆ پێكهاتە نەتەوەییو ئاینییەكان لەناوچە جیاوازەكاندا پێكهێنراون، ئەوەش بەدەستپێشخەریو هاوكاری هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان.
عەلی هاشم، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە قەزای داقوقو دوزخورماتوو هەواڵی پێكهێنانی ئەو هێزەی بۆ پێكهاتەی كاكەیی پشتڕاستكردەوەو بە (كەركوك ناو)ی وت"خەڵكانێكی زۆری كورد ڕۆژانە سەردانمان دەكەن بەمەبەستی دامەزراندن."
حەشدی شەعبی سێ ساڵ لەمەوبەر بەفەتوای عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق پێكهێنراو كۆتایی ساڵی ڕابردووش بەپێی یاسایەكی پەسەندكراو لەپەرلەمان، بوو بە بەشێك لەهێزە چەكدارە فەرمیەكان.
عەلی هاشم دەڵێت "دوای ئەوەی حەشدی شەعبی كرایە هێزێكی یاسایی خەڵك زیاتر داوای دامەزراندن دەكەن، لەنێویاندا هاوڵاتیانی كاكەیی."
قەزای داقوق بەدووری 44كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری ناوەندی كەركوك، لەسنورەكەیدا چەندین سەنگەری دژ بەداعش هەیەو هێزەكانی پێشمەرگە نزیكەی سێ ساڵە، لەو ناوچەیەدا جێگیربوون.
ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی قەزای داقوق تەنیا پشتیوانی بۆ هێزی پێشمەرگە لە سنورەكەیدا نیشانداو بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "لەدەرەوەی ئەو هێزە (پێشمەرگە) هەر هێزێكی تر دابمەزرێت مامەڵەی یاساییو فەرمییان لەگەڵ ناكەین."
لەدوو ساڵی ڕابردووشدا، وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان فەوجێكیان بۆ پێكهاتەی كاكەیی بە تایبەت لەو سنورە پێكهێناو دوای پڕچەككردنیان، لە ناوچەكانی خۆیاندا جێگیركراون.
پێكهێنانی هێزی چەكداری پێكهاتەكان، بەئامانجی كۆنتڕۆڵكردنەوەو پاراستنی ناوچەكانی نیشتەجێبوونی خۆیان بوو لەمەترسی، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێككەوتنێكی ئامادەكراو هەبێت لەبارەی داهاتوویانەوە.
لەگەڵ نزیكبوونەوەی كۆتایی حكومڕانی داعش لەعێراق، بەوپێیەی شەڕی كۆنتڕۆڵكردنەوەی زۆرینەی ناوچەكان بەردەوامی هەیە، مشتومڕەكان لەسەر داهاتووی ئەو هێزە چەكدارانەی پێكهێنراون زیاتر بوون.