شەنگال؛ خۆپیشاندەران بۆ ڕاگرتنی شەڕ ڕۆیشتن‌و خۆیان بوونە قوربانی

14-03-2017 07:22
شەنگال، 14-3-2017، ڕێگری لە خۆپیشاندەران كرا لە خانەسۆرەوە بچنە سنونێ.‌ فۆتۆ: ڕێناس ڕامان.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

دروشمێكی سەرەكی خۆپیشاندەران داوای ڕاگرتنی شەڕ بوو، بەڵام بارگرژییەكە ئەوانیشی گرتەوە‌و ژمارەیەكیان بوونە قوربانی، لە كاتێكدا دوو هێزە ڕكابەرەكەی شەنگال یەكتری بە تەقەكردن لە خەڵك تۆمەتباردەكەن.


ئەمڕۆ سێشەممە 14-3، جارێكی تر نائارامی لە قەزای شەنگال لە نێوان لەشكری ڕۆژو هێزەكانی بەرخودانی شەنگال دروستبووەوە‌و بەهۆیەوە، هاوڵاتییەك كوژراو ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.

 

بارگرژییەكە كاتێك ڕوویدا، ژمارەیەك هاوڵاتی لەنێویاندا خەڵكی رۆژئاوای كوردستان(سوریا)ش هەبوون، هەوڵیاندا بەخۆپیشاندان لە سنوری خانەسۆرەوە بچنە سنونێ‌ لە قەزای شەنگال دژی پێكدادانەكانی ئەو دوو هێزە، بەڵام ڕوبەڕوی تەقە بوونەوە.

 

مەحمود حاجۆ، یەكێكە لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەكە‌و بە(كەركوك ناو)ی وت"هێزەكانی لەشكری ڕۆژ ڕوبەڕومان بوونەوە بەگازی فرمێسك ڕێژ، دواتریش تەقەیان لەخۆپیشاندەران كرد."

 

ئەوەش لەكاتێكدا بووە وەكو ئەو هاوڵاتییە دەڵێت، خۆپیشاندەران ویستوویانە لە خانەسۆر بەرەو سنونێ‌ بچن.

 

بەهۆی تەقەكردنەوە لە خۆپیشاندەران، ئەندامێكی تەڤگەری ژنانی ئێزدی بەناوی (نازێ نایف) كوژراوەو 10 كەسی تریش برینداربوون، كە لەنێویاندا دوو ڕۆژنامەنووس هەبوون بەناوەكانی ژیندا ئاسمان‌و دەلیلا ئاخین.

 

 

شەنگال، 14-3-2017، خۆپیشاندەرێك كوژراو ژمارەیەكی تر برینداربوون. فۆتۆ: ڕێناس ڕامان.

 

بەرپرسانی لە شكری ڕۆژ، رەتیدەكەنەوە ئەوان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خۆپیشاندەران كردبێت‌و بۆ ئەوەش، تۆمەت ڕوبەڕوی شەڕڤانانی یەبەشە دەكەنەوە.

 

عەقید قادر شێخ مەمی، فەرماندەی لەشكری ڕۆژ بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنانەت لەشكری ڕۆژ هەر لەوێ نەبوون، بەڵكو پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی گازی فرمێسك ڕێژیان بەكارهێناوە‌و تەقەیان نەكردووە."

 

لەبارەی بوونی كوژراو و بریندارەوە شێخ مەمی دەڵێت"بەپێی زانیارییەكانی ئێمە هێزی یەپەژە لە پشتەوە تەقەی لەخۆپیشاندەران كردووە نەك ئێمە."

 

ئەوەش لەكاتێكدایە بە وتەی عەقید محەمەد لە لەشكری ڕۆژ بۆ (كەركوك ناو)، ئەوان تەنیا تەقەیان بە ئاسماندا كردووە، چونكە وەكو ئەو وتی "خۆپیشاندەران بە گازی فرمێسكڕێژ پاشاكشەیان نەكرد‌و هاتبوونە سەر ساترەكانمان."

 

ناحیەی سنونێ‌و خانەسۆر‌، لە شەنگال، زێدی مێژوویی ئێزدییەكانە، لەئێستادا بەشێك لەئاوارە گەڕاوەكانی دەستی داعش لێی نیشتەجێن.

 

سەردەشت شەنگالی، فەرماندەی هێزەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) لە لێدوانێكدا بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو خەڵكانەی هاتبوون داوایان دەكرد شەڕ ڕوونەدات، بەڵام لەلایەن لەشكری ڕۆژەوە تەقەیان لێكرا."

 

خۆپیشاندانەكە دوای ئەوەهات، دوو هەفتە لەمەوبەر شەڕ‌و پێكدادان لە نێوان ئەو دوو هێزە ڕكابەرەی شەنگال ڕوویدا‌و بەهۆیەوە، دەیان خێزان جارێكیتر لەو ناوچانە ئاوارەبوونەوە.

 

شەنگال، 14-3-2017، خۆپیشاندەران داوایاندەكرد هێزەكان لەبری شەڕی یەكتری ڕوبەڕوی داعش ببنەوە. فۆتۆ: چیا شەنگالی.

 

مەلیس، بەشداربوویەكی خۆپیشاندانەكەیە‌و وەكو خۆی باسیكرد تەنیا دوو مەتر لەو كەسەوە دووربووە كە بەهۆی تەقەوە كوژراوە.

 

"نازێ نایف تەنیا دوو مەتر لەمن دوور بوو، كە لەشكری ڕۆژ بەگوللە ڕوبەڕوی داواكاری خۆپیشاندەران بوونەوە، بەهۆیەوە گوللەیەك بەر سنگی كەوت‌و لەلایەكی تریەوە هاتە دەرەوە."

 

مەلیس دەڵێت، هەرچەندە زۆر هەوڵیانداوە خوێنەكەی بوەستێنن‌و برینەكەی دابخەن، بەڵام سودی نەبووە‌و لەنێو دەستیاندا گیانی لەدەستداوە.

 

نازێ نایف، خەڵكی گوندی زومانێ‌-یە‌و ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعشەوە لەگەڵ خانەوادەكەی ئاوارەی سەر چیای شەنگال بوون‌و هەرلەوێ‌ ماونەتەوە.

 

وەكو مەلیس باسیكرد پێشتریش برایەكی نازێ‌ بەهۆی بۆمبی چێنراوی داعشەوە گیانی لەدەستداوە.

 

"وەك خۆپیشاندەران دروشممان كۆتایی پێهێنانی شەڕی براكوژی بوو… داوامان لە شكری ڕۆژ كرد لەجیاتی ئەوە ژنان‌و كچانی ئێزدی دەست داعش ڕزگار بكەن… كاتێك نزیكی هێزەكە بووینەوە سەرەتا گازی فرمێسك ڕێژیان پێداكردین‌و دواتریش تەقەیان بەئاسمانەوە نا، پاشان بە بی كەی سی تەقەیان لەخۆپیشاندەران كرد."

 

بەوتەی مەلیس دوای ڕووداوەكەش، ڕێگەیان پێنەدراوە بریندارەكان ببنە هەولێر‌و دهۆك بۆیە ڕەوانەی قامیشلۆیان كردوون، لە رۆژئاوای كوردستان (سوریا).

 

شەنگال، 14-3-2017، رێگری لە خۆپیشاندەران كرا لە خانەسۆرەوە بچنە سنونێ.‌ فۆتۆ: ڕێناس ڕامان.

 

هەرچەندە خۆپیشاندەران لەشكری ڕۆژ بە تەقەكردن تۆمەتباردەكەن، بەڵام ئەوان ڕەتیدەكەنەوە‌و لەگەڵ یەبەشەدا كەوتوونەتە تۆمەتباركردنی یەكتری، هیچ لایەكیشیان ئامادەنیە بەرپرسیارێتی قوربانییەكان لە ئەستۆ بگرێت.

 

عەقید قادر شێخ مەمی، خۆپیشاندانەكە بە ڕێكخراو دژ بە لەشكری ڕۆژ ناودەبات‌و دەڵێت"پەكەكە خەڵكیان لەدێرەلوك‌و ڕۆژئاوای كوردستانەوە هێناوە بۆ خانەسۆر بۆ دەركردنی لەشكری ڕۆژ بەناوی خۆپیشاندانەوە."

 

لە 3-3ی ئەمساڵ شەڕ لەنێوان پێشمەرگەكانی ڕۆژئاوای كوردستان (لەشكری ڕۆژ) كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مەشقیان پێكراوەو پڕچەككراون، لەگەڵ یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) كە لەئێزدییەكان پێكهێنراون‌و نزیكن لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕوویدا.

 

شەڕەكە بەپێی هەردوو لایەنەكە كاتێك دروستبووە، پێشمەرگەكانی لەشكری ڕۆژ ویستویانە بچنە ناو ناحیەی سنونێ، بەڵام چەكدارانی یەبەشە ڕێگریان كردووەو بەهۆیەوە نزیكەی پێنج كاتژمێر شەڕو پێكدادان بەردەوامبوو و بەهۆیەوە ژمارەیەك كەس لە هەردولا كوژران.