سەردار قادر: كشانەوەی گۆڕان لەحكومەت دەبێت كشانەوەش بێت لە حكومەتی خۆجێیی‌

15-03-2017 04:57
سەردار قادر، لەبری پارێزگاری سلێمانی

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

سەردار قادر كە لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان دەسەڵاتداری یەكەمی ئیداریی پارێزگای سلێمانییە دەڵێت، حكومەتی خۆجێی بەشێكی دانەبڕاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە‌و كشانەوەی بزووتنەوەكەی لەحكومەتی هەرێم دەبێت كشانەوەش بێت لە حكومەتی خۆجێیی‌و ئەو بە گۆڕانی وتووە با بكشێنەوە.

 

سەردار قادر، كە ناونیشانی پۆستەكەی(لەبری پارێزگاری سلێمانییە) لەم چاوپێكەوتنەی لەگەڵ پەرەگراف، باسلەوەشدەكات ئاگاداری كەرتی نەوت‌و ئەو تانكەرانە نییە كە لەسنوری پارێزگاكەیدا نەوت دەگوازنەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی شەفافیەت، سەرۆكایەتی حكومەتیشی لەوپرسە ئاگادار كردووەتەوە.

 

ئەو بەرپرسە باڵایەی پارێزگای سلێمانی، بێ ئاگایی خۆشی لەپڕۆسە چاكسازییەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت دەردەبڕێت، ئەوەشدەخاتەڕوو كە بەردەوامن لە ڕوبەڕوبوونەوەی دیاردەی تەجاوزات بۆسەر موڵكی گشتی كە یەكێكە لەو مەلەفە گەورانەی كاری تێدا دەكەن.


پەرەگراف: سلێمانی لەكوێی ئەو چاكسازییانەدایە كە دەستپێكراوە لە سەرۆكایەتی هەرێم‌و حكومەت؟


سەردار قادر: تائێستا لەڕێگەی لیژنەی نەزاهەوە هەندێك مەلەف هاتووە بۆ ئێمە، بەڵام وەكو پارێزگاو وەكو دەسەڵاتی ئێمە هیچ مەلەفێكی هاوبەشیان لەگەڵ ئێمەدا باسنەكردووە.


پەرەگراف: هۆكارەكەی چییە؟ لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەشدا وان یاخود ئێوەیان جیاكردووەتەوە؟

 

سەردار قادر: من ئاگادار نیم.

 

پەرەگراف: ئەو مەلەفانەی دەستەی نەزاهە لەبارەی چییەوەن؟

 

سەردار قادر: كۆمەڵێك مەلەفن، تەجاوزات مەلەفێكی گەورەیە كارەكانی بانك مەلەفێكی گەورەیە پێداچوونەوە بە پڕۆژەكانی پێشووترو كێشە داراییەكان مەلەفی گەورەن كە كارلی لەسەر دەكەن، دەرگاكانی پارێزگا كراونەتەوە بۆهەر پرس‌و ڕایەك كە داوای دەكەن.

 

پەرەگراف: خۆتان داواتان نەكردووە لیژنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم‌و سەرۆكایەتی حكومەت لەم پڕۆسەیەدا بێنە سلێمانیش؟

 

سەردار قادر: ئێمە كەیسێك بەتەنها لەگەڵ لیژنەی نەزاهەدا جوڵاندومانە ئەویش بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكانە بۆ 2011و 2012و 2013 كە كورتهێنانێك هەیە لەو بودجەیەی كە بۆ سلێمانی دانراوە، ئێمە داوامانكردووە ئەو پارەیە چارەنوسی دیاریبكرێت، لێكۆڵینەوە كراوەو بەشی یاسایی ئێمەو ڕاپۆرت‌و حسابات دراوە بە لیژنەی نەزاهە تائێستا وەڵامیان نییە.

 

پەرەگراف: سكاڵاكە لەسەر كێیە؟

 

سەردار قادر: سكاڵاكە لەسەر ئەوەیە لەو ساڵەدا، سلێمانی لەسەدا 52ی بۆ خەرج كراوە، هەولێر لەسەدا 106‌و دهۆك لەسەدا 102، پرسیاردەكەین ئەمە بۆ؟ باقی پارەكە لەكوێیە؟

 

پەرەگراف: واتە دەبێت حكومەتی هەرێم وەڵام بداتەوەو ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ سلێمانی؟

 

سەردار قادر: نا، خۆی بودجەی پەرەپێدانی هەرێم لەبەغداوە دێت‌و لە پلان دانانی هەرێم دابەش دەكرێتەوە.

 

پەرەگراف: باسی تەجاوزاتت كرد، دەوترێت لەسلێمانی ئەو حاڵەتە زۆرەو ماوەی ڕابردووش سەرۆكی شارەوانی قسەی لەسەر كرد، ئەم تەجاوزاتانە كێ دەیكات؟ تائێستا بەردەوامە؟

 

سەردار قادر: تەجاوز دیاردەیەكە لەگەڵ هەموو دەسەڵاتی كوردی‌و پێشتریش هەبووە، تەجاوز لەكاتێكدایە كە هێزەكانی تۆ دەسەڵاتی جوڵەی نییەو توانای جوڵەمان نییە دیاردەی تەجاوز دروست دەبێت، لەكاتێكدا پڕۆسەی دامەزراندن‌و كارگوزارییەكانی حكومەت نییە تەجاوز دروست دەبێت، ئەمە شەرعیەتدان نییە بە تەجاوز، بەڵام دەبێت وەك دیاردەیەك دیراسە بكرێت، دەمێكە داوامكردووە كۆنفرانسێكی بۆ بكەین بزانین وڵاتانی چواردەور چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كردووە، داوامكردووە چارەسەرێكی بنەڕەتی بۆ بدۆزینەوە بە هێزێك‌و بە ڕووخاندنی دووماڵ ناكرێت، ئەگەر تەجاوزاتەكان ببینیت تەجاوزە لەسەر ئاستی ئەو كەسانەی هێزیان هەیە یان ئەوانەی كە دەچێت 100 مەتر زەوی دەكڕێت بە پارەیەكی كەم‌و بینایەك دروست دەكات.

 

پەرەگراف: كامیان زۆرترن لەو دووئاستە؟

 

سەردار قادر: هەمووی هەیە.

 

پەرەگراف: تائێستاش بەردەوامە؟

 

سەردار قادر: تا ئەم دەقەیەش ئێمە هێزەكانمان بەردەوامن لەسەر ئەوەی چارەسەری بكەن، شەو و ڕۆژ هێز دەنێرین، ئیمكانیەتیشمان لەبەردەست نییە ئەو هێزانە بە باشی بهێڵینەوە، چونكە نە سوتەمەنیم لەبەردەستە نە دەتوانین بنكە دابنێین، مەفرەزەیەك دەنێرین دوو بۆ سێ كاتژمێر لەوێ شوێن تێكدەدات، دەگەڕێینەوە دوای ئەوە خەڵكەكە دەستپێدەكەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ دادگاو داواكاری گشتی لەپەیوەندیدان كە دەبێت ڕێكارە یاساییەكان باشتربكرێن، بۆئەوەی كە ئێمە ئەو تەجاوزكارە دەگرین بهێڵرێتەوە، دەسەڵاتی پارێزگار نییە كەس دەستبەسەر بكات كە پێشووتر هەیبووە.

 

پەرەگراف: لەسەر ناوچەی تانجەرۆ پێشووتر ناوی چەند كەسێك ئاشكرا كران كە تەجاوزێكی زۆریان لەو ناوچەیە كردووە، ئەم كەیسە بەكوێ گەیشت؟

 

سەردار قادر: بەردەوامین لە تێكدان‌و هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵام تائێستا كەس سكاڵای یاسایی تۆمار نەكردووە، هەوڵمانداوە خەڵك‌و فەرمانگە حكومییەكان بچن شكات بكەن تا ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر.

 

پەرەگراف: ئێوە بۆ شكات ناكەن؟

 

سەردار قادر: كراوەو دەستپێكراوە.

 

پەرەگراف: دەسەڵاتتان هەیە بەسەر ئەو كەسانەدا؟

 

سەردار قادر: نەخێر دەسەڵاتی گرتن‌و تەوقیفكردن لەپارێزگار وەرگیراوەتەوە، نە پارێزگار نە قائیمقام دەسەڵاتی ئەوەی نییە.

 

پەرەگراف: پێتانباشە ئەو دەسەڵاتەی هەبێت؟

 

سەردار قادر: ئەی كە من نەتوانم هەفتەیەك كەسێك دەستبەسەربكەم، جاری واهەیە كەسێكی تەجاوزكار دەگرین، دوای 2 كاتژمێر ئازاد دەكرێت بە كەفالەت، چونكە ماددە یاساییەكە ڕێگا دەدات.

 

پەرەگراف: سەرۆكایەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوی چاكسازییەكەیدا ڕایگەیاندبوو كۆمەڵێك كەس موڵك‌و ماڵیان لێوەرگیراوەتەوە، لەسنوری سلێمانی موڵك‌و ماڵ لەكەس وەرگیراوەتەوە؟

 

سەردار قادر: نەم بیستووە.

 

پەرەگراف: كە نەتبیستووە مانای وایە نییە؟ چونكە ئەگەر هەبێت دەبێت ئێوە ئاگاداربن.

 

سەردار قادر: هیچ ئاگادارنیم.

 

پەرەگراف: نێوانتان لەگەڵ حكومەتی هەرێم چۆنە؟

 

سەردار قادر: پەیوەندیم بەردەوامە لەگەڵ وەزارەتەكەی خۆم كە ناوخۆیە، لەگەڵ جەنابی وەزیرو دیوانی وەزیر پەیوەندیمان هەیە، لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندیمان هەیە، بەڵام پەیوەندی زۆر زیاترم لەگەڵ بەڕێز كاك قوباد تاڵەبانییە.

 

پەرەگراف: هۆكارەكەی چییە؟

 

سەردار قادر: ئەو بەرپرسەو ئێمەش كاردەكەین‌و ئەو زیاتر دەبینم، جەنابی سەرۆك وەزیرانم یەكجار بینیوە، هەوڵیشمداوەو داوامكردووە بە خزمەتی بگەم‌و كۆبوونەوە بكەین.

 

پەرەگراف: وەڵامی نەبووە؟

 

سەردار قادر: چاوەڕێی وەڵامین.

 

پەرەگراف: لەسەر پرسی كشانەوەی گۆڕان لەحكومەت، لە چاوپێكەوتنێكی پێشتری محەمەد تۆفیق ڕەحیم لەگەڵ پەرەگراف، باسیلەوەكرد دەنگێك هەیە بۆ كشانەوەش لە حكومەتە خۆجێییەكان، ڕای بەڕێزتان چییە؟

 

سەردار قادر: حكومەتی خۆجێی بەشێكی دانەبڕاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەبەرئەوەی كارەكانی من ئەوەنییە بە لامەركەزییەت بكرێت، كارەكان ناكرێت، لەبەرئەوە كشانەوە لەحكومەتی هەرێم دەبێت كشانەوەش بێت لە حكومەتی خۆجێیی.

 

پەرەگراف: ڕای تۆ چییە لەسەر كشانەوە؟ لەگەڵ كشانەوەدایت یان مانەوە؟

 

سەردار قادر: من لەگەڵ ئەوەدام ئەو بەرنامە هاوبەشەی لە حكومەتی هەرێم دانرابوو جێبەجێ بكرێت‌و پەرلەمان كارا بكرێتەوەو ململانی سیاییەكان وەلابنرێن، خەڵك قوربانییەكی زۆریداوەو قەیرانی دارایی هەیە دەبێت پێكەوە بەرنامە گشتییەكە جێبەجێ بكەین، كە ئەوەشمان كرد دەبێت لە حكومەتی خۆجێیشدا جێبەجێی بكەین، دەبێت لامەركەزیەتی دارایی‌و كارگێڕی كاری لەسەر بكرێت بۆ هەموو پارێزگاكان، ئەگەر ئەمەنەكرێت تۆ دەبێت هەوڵبدەیت پڕۆژەی فشار دروست بكەیت كە بڵێیت من ناتوانم لە حكومڕانییەكدا كاربكەم كە قەیرانەكە هاوكار نییەو نەهیچ بودجەیەكم لەبەردەستدابێت‌و داوای هاوڵاتیانم پێناكرێت، من لەگەڵ ئەوەدام‌و دەمێكە داواشم لە بزووتنەوەكە كردووە كە وەك كادرێكی ئەوان‌و هەڵسوڕاوێك لەم پۆستەدام كە بكشێینەوە، بەڵام ئەم پڕۆسەیە دواخرا بۆ دوای شەڕی موسڵ، بەڵام باشترین ڕێگا بەوەدەزانم بەپەلەو بێدواكەوتن ئەم لایەنانە كۆببنەوەو پەرلەمان كارابكەنەوەو كاربكەن لەسەرئەوەی حكومەتێكی كاربەڕێكەر دروست بكرێت بۆئەوەی كارەكانمان بە باشی بڕوات.

 

پەرەگراف: ئەوەی لەواقیعدا دەبینرێت، ئەمانەی كە بەڕێزت باستكردن بەپەلە بكرێن ناكرێن، ئەمە چ زیانێكی هەبووە؟

 

سەردار قادر: زەرەریداوە هاوڵاتی سەرمایەتی‌و نەوت نییە، كارەبا نییەو خزمەتگوزاری بە باشی ناكرێت، هاوڵاتی پێویستی بەوەیە بە بەرپرسیارێتی مامەڵەی لەگەڵ بكرێت.

 

پەرەگراف: زۆر باسی ئەوەدەكرێت كە غەدر لە سلێمانی دەكرێت، ئەم غەدر كردنە هی ساڵانی ڕابردووە یاخود ئێستاش بەردەوامە؟

 

سەردار قادر: تەنها لە 2016 لە سێكتەری كارەبادا یەك ملیار كۆ 3 ملیارو 700 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرج كراوە، بەڵام بۆ هەولێر 10 ملیار كۆ 3 ملیارو 700 ملیۆن خەرج كراوە.

 

پەرەگراف: حكومەت لەسەر ئەم غەدرە چیی دەڵێت كە ئێوە پێتان وتوون؟ كاتێك بۆتان ڕوون كردنەوە بە ئامارو داتا وەڵامیان چی بوو؟

 

سەردار قادر: دەڵێن كۆبوونەوەی لەسەر دەكەین‌و هاوكاریتان دەكەینەوە.

 

پەرەگراف: دەستی حزب هەیە لە كارەكانتاندا؟

 

سەردار قادر: دەستی حزب بۆ هەبێت، ئێمە فەرمانبەری دەوڵەتین.

 

پەرەگراف: هیچ ئاستەنگ‌و ڕێگرییەكت لەبەردەمدا هەیە بەتایبەت لەلایەن یەكێتییەوە؟

 

سەردار قادر: یەكێتی حزبێكی هاوپەیمانەو هێزێكی باڵایە لەم ناوچەیە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان‌و لایەنە ئیسلامییەكان، بەڵام گرفت هەردەبێت.

 

پەرەگراف: گرفتەكان بەوجۆرەبوون كە ڕێگەبگرن لە جێبەجێكردنی بەرنامەو پلانەكانتان؟

 

سەردار قادر: بودجە نییە، قەیرانی دارایی هەبووەو كاریگەری هەبووە، خەڵكیش داوای خزمەتگوزاری دەكەن كە ئەمانەت نەكرد تۆ لەقەیراندایت.

 

پەرەگراف: گۆڕان بەردەوام ڕەخنەی لە مەلەفی نەوت گرتووە لەناویاندا تانكەرە نەوتەكان، ئێستا كە ئێوە دەسەڵاتی یەكەمی ئەم پارێزگایەن، هەستدەكەن ئەو ڕەخنانەی ڕابردووتان لەجێی خۆیدا بووە؟

 

سەردار قادر: یەك زانیاریم نییە لەبارەی ڕۆیشتنی تانكەرە نەوتەكان، بۆ كوێ دەڕوات پارەكەی چی لێدێت‌و بۆ كوێ دێتەوە؟.

 

پەرەگراف: بۆ؟

 

سەردار قادر: نایدەن، شەفافیەت نییە.

 

پەرەگراف: خۆی دەبێت تۆ ئاگاداربیت؟

 

سەردار قادر: لەسنوری پارێزگاكەی مندا بە شەقامەكانی ئەم پارێزگایەداو بە سنورەكانی ئێمەدا دەڕوات، پارەكەی دێتەوە، ئەمە داهاتی ناوخۆیە یان داهاتی گشتی دەبێت جیا بكرێتەوە.

 

پەرەگراف: چیتكردووە بۆئەوەی ئاگاداربیت لەمە؟

 

سەردار قادر: سەروی خۆمم ئاگادار كردووەتەوە، وەزارەتی ناوخۆو بەڕێز جێگری سەرۆك وەزیران‌و سەرۆك وەزیرانم ئاگادار كردووەتەوە.

 

پەرەگراف: وەڵامیان نەبووە؟

 

سەردار قادر: نەخێر.

 

پەرەگراف: چاوەڕێی وەڵامیان هەبێت؟

 

سەردار قادر: ئەی ئێمە هەموومان بەرەو شەفافیەت كارناكەین، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان نەوتە.