ڕێكخراوی ئێرۆرز بۆ پەرەگراف: هاوپەیمانان زیاتر لە ڕوسیا هاوڵاتی مەدەنی دەكوژن

19-03-2017 03:16
دەرهێنانی تەرمی هاوڵاتیانی مەدەنی لەژێر خانویەكی ڕووخاو لە گوندی فازڵییە لە نزیك موسڵ كە تێیدا هەشت هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا بەهۆی بۆردومانێكی فڕۆكەكانی ئەمەریكا. فۆتۆ؛ فازڵ هۆرامی بۆ گاردیەن.

 

پەرەگراف

 

كریس ودز، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئێرۆرز، كە بەدواداچوون دەكات بۆ كوژران‌و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی گورزە ئاسمانییەكانەوە، دەڵێت، هاوپەیمانان لە دانپێدانانەكانیاندا باسلە‌ ڕێژەیەكی‌ كەمتری‌ گیان لەدەستدانی‌ هاوڵاتیانی‌ مەدەنی‌ دەكەن بەهۆی‌ گورزە ئاسمانییەكانیانەوە بەراورد بە ڕێژەی ڕاستی كوژراوان، ئەوەش ئاشكرا دەكات كە هاوپەیمانان زیاتر لە ڕوسیا هاوڵاتی مەدەنی دەكوژن.

 

ئێرۆرز ڕێكخراوێكی سەربەخۆی قازانج نەویستەو بارەگاكەی لەشاری لەندەنەو بەدواداچوون دەكات بۆ بانگەشەی كوژران‌و برینداربوونی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی گورزی ئاسمانی لەدژی‌ داعش لە عێراق، سوریاو لیبیا.

 

كریس ودز لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ پەرەگراف لە ڕێگای ئیمەیڵەوە، وەڵامی چەند پرسیارێكیدایەوە‌و ئەوەی خستەڕوو بەپێی خەمڵاندنەكانی‌ ئەوان، لانیكەم 2 هەزارو 500 هاوڵاتی مەدەنی هەتا ئێستا گیانیان لەدەستداوە لە عێراق‌و سوریا ئەوەش بەهۆی گورزە ئاسمانییەكانەوە.

 

سوپای ئەمەریكا ڕۆژی 4ی ئەم مانگە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی 9 گورزی ئاسمانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە عێراق‌و سوریا لە ماوەی نێوان تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو و مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵدا 21 هاوڵاتی مەدەنی كوژراون، ئاماژەی‌ بەوەشكرد، كۆی ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی بەشێوەیەكی بێ مەبەست بەهۆی گورزی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە كوژراون لەسەرەتای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكانەوە لە ساڵی 2014وە بەرزبووەتەوە بۆ 220 كەس.

 

چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ كریس ودز

 

 كریس ودز، بەڕێوەبەری ڕێكخراوی ئێرۆرز

 

پەرەگراف: تۆ چی دەڵێیت لەسەر ئەم دانپێدانانەی سوپای ئەمەریكا؟ پێتوایە كاری پێویست كراوە بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لە عێراق‌و سوریا كە لەژێر فەرمانڕەوایی داعشدا گیریان خواردووە؟

 

كریس ودز: لەكاتێكدا ئێمە خۆشحاڵین كە دەبینین هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا ئێستا بەشێوەیەكی ڕێكوپێك داندەنێت بە مردنی هاوڵاتیاندا لە عێراق‌و سوریا بەهۆی گورزە ئاسمانییەكانیەوە، ئێمە هێشتا پێمانوایە ئەو دانپێدانانە بەڕێژەی لەسەدا 90 یان زیاتر لەچاو ژمارەی ڕاستیی قوربانییەكاندا كەمكراوەتەوە. بەپێی خەمڵاندنی ئێمە لانیكەم 2 هەزارو 500 كەس هەتا ئێستا لە عێراق‌و سوریا گیانیان لەدەستداوە، هەرچەندە هاوپەیمانان دانیان ناوە بە گیانلەدەستدانی 220 كەسدا. هەروەها لەكاتێكدا ئێمە ئەوە پەسەند دەكەین كە هاوپەیمانان هەندێك بەتەنگ كەمكردنەوەی زیانەكانەوەن، ئێمە نیگەرانین لە ئەگەری گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی گورزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانانەوە كە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە. لە مانگی كانونی دووەمی ئەمساڵەوە، ئێمە پێمانوایە ئێستا هاوپەیمانان زیاتر لە كردەوەكانی ڕوسیا هاوڵاتی دەكوژن ئەوەش گۆڕانكارییەكی جێگای نیگەرانییە.

 

پەرەگراف: دەسەڵاتدارانی هاوپەیمانان بەدەگمەن دان دەنێن بەوەدا كە كردەوەكانی ئەوان گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی لێدەكەوێتەوە، لەكاتێكدا ئێوە لەسەر وێبسایتی خۆتان دەڵێن لانیكەم 2 هەزارو 436 هاوڵاتی ڕەنگە گیانیان لەدەستدابێت، بۆچی هاوپەیمانان داننانێن بە هەڵەی خۆیاندا، یان ژمارەیەكی‌ كەمتر دەڵێن لەوەی‌ ئێوە بڵاویدەكەنەوە؟

 

كریس ودز: تەنها ئەمەریكا لەنێوان 13 ئەندامی هاوپەیماناندا كە گورزی ئاسمانییان ئەنجامداوە، دانیناوە بە هەبوونی گیانلەدەستدانی مەدەنی. ئێمە ئەوە زۆر بە مایەی نیگەرانی دەبینین، چونكە هێزی ئاسمانی مەزنترین‌و تاكە هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان لە مەیدانی شەڕدا. بەشێك لەهۆكاری ئەوەی ئەوان باسی گیانلەدەستدانی خەڵكی مەدەنی ناكەن یان بەشێوەیەكی كەمتر لەوەی هەیە باسی دەكەن ئەوەیە ئەو هەڵسەنگاندنانەی لەلایەن هێزی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە ئەنجامدەدرێن زۆرجار ناتوانن لەخوار خۆیانەوەو لەسەر زەوی هاوڵاتیان دەستنیشان بكەن، بەڵام هەندێك لە هاوپەیمانان وادیارە بێ باكن لە ژیانی ئەو مەدەنییانەی كە ڕەنگە بیكوژن یان برینداریان بكەن.

 

پەرەگراف: خەمڵاندنی ئێوە چییە بۆ گیانلەدەستدان‌و برینداربوونی هاوڵاتیان بەهۆی گورزی ئاسمانی هێزی ئاسمانی عێراق، یان تۆپباران‌و هێرشی موشەكیی هێزە عێراقییەكان؟

 

كریس ودز: وەكو ڕێكخراوێكی زۆر بچووك ئێمە سەرچاوەی سنوردارمان هەیە. بۆیە ئێمە تەنها بەدواداچوون دەكەین بۆ بانگەشەی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیانی مەدەنی بەهۆی هێزەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە عێراق‌و سوریا، نەك هێزە ئەمنییەكانی عێراق یان ڕژێمی بەشار ئەسەد.

 

پەرەگراف: بەپێی یاسای نێودەوڵەتی جەنگ، كێ دەتوانێت سكاڵای یاسایی لە دژی هێزەكانی هاوپەیمانان تۆماربكات سەبارەت بە كەیسی گیانلەدەستدانی هاوڵاتیان بەهۆی گورزی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە؟

 

كریس ودز: هاوپەیمانان مشتومڕی ئەوەدەكەن كە زۆربەی ئەو هاوڵاتییانەی بەهۆی گورزە ئاسمانییەكانیانەوە بونەتە قوربانی بەشێوەیەكی یاسایی كوژراون، بۆیە هیچ پابەندبوونێكی یاسایی نیە بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو خێزانانەی بەركەوتوون. دەوترێت ئەمەریكا چەند میكانیزمێكی هەیە بۆ قەرەبووكردنەوەی خێزان‌و كەسوكاری ئەو كەسانەی بەركەوتوون. لەكاتێكدا ئێمە دەزانین هەتا ئێستا هیچ پارەیەك وەكو قەرەبوو نەدراوە بە كەسوكاری ئەو 220 كەسەی كە تائێستا ئەمەریكا دانیناوە بەوەی بەهۆی گورزی ئاسمانی هاوپەیمانانەوە كوژراون، پێدەچێت لەكاتێكدا ناوچەكانی عێراق‌و سوریا لە داعش ڕزگاردەكرێن، پێدانی ئەو قەرەبووانە ئەگەری زیاتربێت.