
پەرەگراف- كەركوك ناو
حەمود زۆر خۆشحاڵ بوو، چونكە توانی دوای ماوەیەكی زۆر چا بخواتەوەو بەئازادی جگەرە بكێشێت، ئەو ئازادییەش بە 300 دۆلاری ئەمەریكیو بڕینی ڕێگەیەكی پڕ لەمەترسی بەدەستهات.
پێنجشەممەی ڕابردوو 23-3ی ئەمساڵ، حەمود مەحجوبو نزیكەی 124 هاوڵاتی تری سنوری قەزای حەویجە بە پێدانی بڕە پارەیەكو چەند ڕۆژێك ڕێكردن بەڕێگای مەرگدا، گەیشتنە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك.
"ترسمان هەبوو لە ڕێگاوبان، بەڵام بەو شێوەیە نەبوو چونكە پارەی خۆمان دابوو"، حەمود بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
ژمارەیەك كەسانی نەناسراو كە بەوتەی خەڵك گوماندەكرێت چەكداری داعش بن، بڕە پارەی جیاواز (200 بۆ زیاتر لە 300 دۆلار) لەهەر هاوڵاتییەك وەردەگرن ئەگەر بیەوێت حەویجەو ناحیەكانی ئەو قەزایە بەرەو ناوچە ئارامەكان جێبهێڵێت، ئەوەش ئێستا وەكو بازرگانییەك باسدەكرێت.
حەمود كە لەژێر دەسەڵاتی داعش هەڵاتبوو، باسی لە دڵخۆشی خۆی دەكرد كاتێك جگەرەی لە پێشمەرگە وەرگرتو دەیكێشا، چونكە چەند ساڵێكە داعش لێی قەدەغە كردبوون، ئەو دەڵێت "وادەزانم ئێستا لە دایك بووم."
هۆكارێكی تری دڵخۆشی ئەو هاوڵاتییە، خواردنەوەی كوپێك چا بوو، "زیاتر لەساڵو نیوێكە چام نەخواردۆتەوە، چونكە نرخی یەك كیلۆ چا 80 هەزار دینار بوو، چای كۆنیش بوو، هەروەها یەك كیلۆ شەكر 37 هەزار دینار بوو."
حەمود دەڵێت ساڵێكو پێنج مانگ دەبێت چای نەخواردۆتەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو.
لەهەموو ئەوانە گرنگتر بۆ حەمود، بە سەلامەتی گەیشتنی بوو بۆ ناوچەی مەكتەب خالید، كە دەكەوێتە باشوری ڕۆژئاوای پارێزگای كەركوكو ساڵی 2015 لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵكرایەوە.
زۆربەی ڕێگاكانی ئاوارەبوونی خەڵك بۆمبڕێژكراون، چەندینجار خەڵك بەتەقینەوەی بۆمب گیانی لەدەستداوە، ئەو شوێنانەی پێویستە پێیدا تێبپەڕن زۆر مەترسیدارە.
لەمیعە حەسەن، لە حەویجەوە ئاوارەبوو، تەنیا بۆ خۆیو هاوسەرەكەی 500 دۆلاری داوە بە چەند كەسێك تا بەبێ كێشە بگاتە ناوچە ئارامەكانی كەركوك.
ئەو بۆ (كەركوك ناو) ڕونیكردەوە"ئەو كەسانە دەموچاوی خۆیان پێچابوو، هەر كەسێك بیەوێت دەرچێت لە حەویجە دەبێت ئەو بڕە پارەیە بدات."
ئەگەر خەڵك بڕێكی كەمتر پارە بدات لەڕێگادا تووشی كێشە دەبێت، وەكو لەمیعە باسیكرد "دراوسێكەمان پارەی كەمی دابوو، دوای بڕینی چەند كیلۆمەترێك بانگیان كردو پارەكەیان كێشا بە دەموچاویاندا، وتیان والی ڕازی نابێت بەو پارە كەمە."
لەبەرانبەر وەرگرتنی ئەو پارەیەدا، ناوی هاوڵاتیان دەنوسرێتو واژۆیان پێدەكرێت، وەكو ئاوارەكان ئاماژەیان پێدا.
قەزای حەویجە (55كیلۆمەتر لە باشوری رۆژئاوای كەركوك)و چوار ناحیە لە ناوەڕاستی 2014وە كەوتونەتە دەست داعشو تائێستا كۆنتڕۆڵنەكراونەتەوە.
لەمیعەو هاوسەرەكەی بۆ دەرچونیان لە حەویجە 500 دۆلاریان لێوەرگیراوە. فۆتۆ: كەركوك ناو.
ئەبو ئەیوب، بە 200 دۆلار لە ناوچەكانی داعشەوە بۆ سنوری پێشمەرگە پەڕیووەتەوەو بە (كەركوك ناو)ی وت "دراوسێمان هەیە لەبەرئەوەی پارەیان نیە ناتوانن دەربچن، بۆیە خەڵكی هاوشێوە ناچارن بە دزی داعشەوە هەڵبێن بۆ ئەوەی ڕوبەڕوی دەستگیركردنو كوشتن نەبنەوە."
"ڕێگایەكی زۆر ناخۆشمان بەڕێكرد، دەیان ئێسكو پروسكی مرۆڤمان بینی لەو ڕێگایانەدا كە كوژراونو ئاژەڵ خواردونی"، ئەبو ئەیوب دەڵێت زۆر خۆشحاڵە بە سەلامەتی دەرچووە.
ئاوارەكان كاتێك دەگەنە ناوچە ئازادكراوەكان لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت، دوای پشكنینو جیاكردنەوەیان لەلایەن هێزە سەربازیو ئەمنیەكانەوە، ڕەوانەی كەمپەكانی پارێزگای كەركوك دەكرێن.
نەقیب دیار بەكر، لەهەواڵگری لیوای یەك لە ناوچەی مەكتەب خالید بە (كەركوك ناو)ی وت "كاری ئێمە ئەوەیە قۆناغی یەكەم پێشوازی لە ئاوارەكان دەكەیەنو ناونوسیان دەكەین، قۆناغی دووەم لێكۆڵینەوە بۆ دەركەوتنی ئەوەی داواكراون یانا نا، چونكە چەندینجار تێیاندا هەبوو تاوانبار بووە، قۆناغی سێیەمیش ڕەوانەی كەمپەكان دەكرێن."
كەركوك تائێستا زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی لەخۆگرتووە، بەشێكی زۆریان خەڵكی حەویجەو ناوچەكانی دەوروبەری ئەو قەزایەن.
ئەوەی بەلای ئەبو ئەیوبەوە گرنگ بوو بە سەلامەتی ڕزگاربوونیەتی لەناوچەكانی داعش. فۆتۆ: كەركوك ناو.