قایمقامی كەركوك ئامادەكاریەكانی تەواوكرد بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان

27-03-2017 07:46
كەركوك/ 27-3ی2017، قایمقامی كەركوك، ئامادەكاریی دەكات بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكەی. فۆتۆ: وریا كاكەیی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو


كامیل ساڵەیی، قایمقامی قەزای ناوەندی كەركوك، ئەمڕۆ ئامادەكارییەكانی تەواوكرد بۆ هەڵكردنی هەردوو ئاڵای عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەتەنیشت یەكەوە، بەڵام وتی"چاوەڕێی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگا دەكەم."

 

ساڵەیی، دوو بۆری ئاسنی لە تەنیشت یەكەوە داناو بۆیەی كرد‌و یەكێكیان ئاڵای عێراقی پێوەكردو بۆرییەكەی تریش بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان دانراوە.

 

لەوكاتەی سەرقاڵی ئامادەكارییەكان بوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەمانەوێت لەگەڵ دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان، یەكەم فەرمانگەی كەركوك بین، بڕیارەكە جێبەجێبكەین."

 

بۆ ئەوەش وتی"ئاڵاكەمان حازرەو ساڵانێكە چاوەڕێی بڕیارێك دەكەین بۆ ئەوەی جێبەجێی بكەین."

 

كەركوك/ 27-3ی2017، قایمقامی كەركوك دوو بۆری ئاسنی لەسەر فەرمانگەكەی چەقاند‌و بۆیەی كرد، یەكێكیان بۆ ئاڵای عیراق‌و ئەوەی تریش بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان. فۆتۆ: وریا كاكەیی.

 

ئەو ئامادەكارییەی كامیل ساڵەیی كە لەپشكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، لەكاتێكدایە هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كە بڕیارە لەڕۆژی سێشەممە ئەنجامبدرێت، دوابخرێت، كە خاڵی یەكەمی كارنامەی دانیشتنەكە خستنەدەنگدانی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانە لە فەرمانگەكانی كەركوك شانبەشانی ئاڵای عێراق.

 

پارێزگاری كەركوك 14ی ئەم مانگە بە نووسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن، ئەوەش ناڕەزایی توركمان‌و عەرەبەكانی شارەكەی لێكەوتەوە.

 

كەركوك/ 27-3ی2017، قایمقامی كەركوك، لەكاتی بۆیەكردنی ئەو بۆرییە ئاسنەی كە بۆ ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر فەرمانگەكەی چەقاندویەتی. فۆتۆ: وریا كاكەیی.

 

بەرلەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری لەسەر بدات، 20-3 نەجمەدین كەریم، لە چوارچێوەی مەڕاسیمی جەژنی نەورۆزدا لە سەر قەڵای كەركوك دوو ئاڵای گەورەی هەرێمی كوردستان‌و عێراقی بە تەنیشت یەكترییەوە هەڵكرد.

 

بڕیارە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، سێشەممە 28-3 كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدات‌و لە خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاریدا، تاوتوێی داواكەی پارێزگار بكات بۆ هەڵكردنی ئاڵا‌و دەنگی لەسەر بدات.