ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی لە فەرمانگەكانی پارێزگاكە پەسەندكرد

28-03-2017 12:40
كەركوك، 20-3-2017، هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر قەڵا. فۆتۆ: كاروان ساڵحی.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەمڕۆ هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستانی لە فەرمانگەكانی شارەكە پەسەندكرد، ئەوەش لە كۆبوونەوەیەكدا كە هەردوو پێكهاتەی عەرەب‌و توركمان بایكۆتیانكرد.

 

كۆبوونەوەكە كاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی دەستیپێكرد، بە ئامادەبوونی ئەندامانی لیستی برایەتی (كورد)‌و تیایدا پرسی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان خرایە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرا.

 

پارێزگاری كەركوك 14ی ئەم مانگە بە نووسراوێك داوای لە ئەنجومەنی پارێزگا كرد بڕیارێك لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای هەرێمی كوردستان لە تەواوی فەرمانگە حكومییەكانی كەركوك دەربكەن، ئەوەش ناڕەزایی توركمان‌و عەرەبەكانی شارەكەی لێكەوتەوە.

 

بەرلەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بڕیاری لەسەر بدات، 20-3 نەجمەدین كەریم، لە چوارچێوەی مەڕاسیمی جەژنی نەورۆزدا لە سەر قەڵای كەركوك دوو ئاڵای گەورەی هەرێمی كوردستان‌و عێراقی بە تەنیشت یەكترییەوە هەڵكرد.

 

لەچوارچێوەی كاردانەوەكانیشدا حكومەتی عێراق، لە نوسراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی پێویستە تەنیا ئاڵای عێراق لە كەركوك هەڵبكرێت‌و پێشیوایە، بڕیاردان لەوبارەیەوە لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی پارێزگادا نییە.