شێخ جەعفەر بۆ پەرەگراف: ئەوەی هەقە لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگە نییە

پەرەگراف- سوركێو محەمەد
جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت، ئەو بەرپرسانەی وەزارەتی پێشمەرگە كە لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیدا دراون بە دادگا كەسی "پاكو دڵسۆزن"و بەبڕوای ئەو، ئەوكەسەی هەقە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت ناوی نەهاتووەو ئێستا لەوەزارەت نییە.
"من لێرە بەرپرسی یەكەمم كە بەتۆدەڵێم بڕۆ ئەوەبكە، هەقە من بەرپرسیارێتییەكەی بگرمە ئەستۆ نەك تۆ، من بەش بەحاڵی خۆم چەند لە وەزارەتی پێشمەرگە كارم لەگەڵ كردوون، لەوكارەی ئێستا دادگا داوای كردوون هیچ هەڵەو كەموكورتییەكیان نییە" شێخ جەعفەر وادەڵێت.
ئەو وتانەی بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگەو وەزیری پێشووی پێشمەرگە، لەمیانی ئەم چاوپێكەوتنەیدا دێت لەگەڵ پەرەگراف كە تێیدا تیشك خراوەتەسەر گۆڕانكارییەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو پڕۆسەی چاكسازی لەناو وەزارەت.
شێخ جەعفەر باسلەوەشدەكات وەزارەتی پێشمەرگەو ڕاوێژكارانی هێزەكانی هاوپەیمانان سەرقاڵی ئەوەن هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابڕێژن كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، "بۆ چاكسازیو پاكسازیو گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە."
بەوتەی فەرماندەی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە پڕۆسەكە تەنها گۆڕانكارییو دانانی هەیكەلێكی نوێ نییەو لێپرسینەوەش دەكرێت، وتی" ئەوەی نوقسانیو كەموكورتی هەبێت بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت."
دەقی چاوپێكەوتنەكەی پەرەگراف لەگەڵ شێخ جەعفەر
پەرەگراف: بڕیارە گۆڕانكاریی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بكرێت، بەڵام تەنها ناوی یەكێتی دێت كە بەرپرسەكانی دەگۆڕێت، ئەم گۆڕانكارییانە چۆنە تەنها یەكێتی دەگرێتەوە؟
شێخ جەعفەر: نەخێر، بڕیارێك هەیە كە ئێستا كاری لەسەر دەكەین كە فەرماندەیەكی گشتیی بۆ هێزی پێشمەرگە دروست ببێت، فەرماندەیەكی چالاكی بەتوانا، لەهەموو ئەو حزبانەی خاوەنی هێزی پێشمەرگەبوون لەشاخو خەباتیان كردووە، لە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ ڕاوێژكارانی هێزەكانی هاوپەیمانان كارلەسەر ئەوەدەكرێت كە هەیكەلێكی نوێ بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابڕێژرێت كە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە، بۆ چاكسازیو پاكسازیو گۆڕانكاریی بنەڕەتی لەناو وەزارەتی پێشمەرگە.
پەرەگراف: ئەو بەرپرسانە دیاریكراون كە دەگۆڕدرێن؟
شێخ جەعفەر: بابەتەكە ئەوەنییە كە دیاریكرابێت، بۆ نمونە هەیە 10 ساڵە لە شوێنێكدایە ڕەنگە ئەو تینو گوڕەی پێشتری نەمابێت، پاشان هیچ پێویست ناكات كەسێك 8-9 ساڵ لە شوێنێكدابێت هەمان كار بكات، كەسانێكیتر بچنە ئەو شوێنەو ئەو بچێتە شوێنێكی تر بۆ كاركردن.
پەرەگراف: یەكێك لەو گرفتانەی لە ڕابردوودا هەبووەو ڕەخنەی لەسەربووە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە كە پارتیو یەكێتی مامەڵەی 50 بە 50 دەكەن لەسەر پۆستەكان، لەم گۆڕانكارییانەشدا هەر بەوجۆرە 50 بە 50 ڕەچاو دەكەن؟ یاخود بڕیارتانداوە ئەوە كۆتایی پێبهێنن؟
شێخ جەعفەر: كاكە واقیعێك هەیە ڕەنگە هەندێك كەس ئەو واقیعە نەبینێت، دوو هێزی پێشمەرگە خاوەن خەباتو تێكۆشانو شەهیدو بریندارو خاوەن مێژوو دەهێنیت یەكیان دەخەیتەوەو ڕێكیان دەخەیت، ئایا كەسێك لە بازاڕەوە بهێنیت بیكەیت بە بەرپرسیان ئەمەی پێدەكرێت؟ هەردەبێت لەو دوو هێزە خەڵك هەڵبژێریت، جگە لەو دووهێزە ئەو حزبانەی دیكەش وەك سۆسیالیست حزبی شیوعیو زەحمەتكێشان كە ئەمانەش هێزیان هەیە هێزەكانی ئەوانیش ئێستا لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدان، لەبەرئەوە بتەوێو نەتەوێ هەردەبێت لەو حزبانە كەسانێك بهێنیت لە وەزارەت دایان بنێیت بۆئەوەی ئیشو كارەكان بكەن، بەڵام گرنگ ئەوەیە حزبەكە كەسانێك كاندید بكات بۆئەو شوێنە كە بەتوانابنو لێهاتوو و دەستپاكو دڵسۆزی وەزارەتو میللەتو دەستكەوتەكان بن.
پەرەگراف: واتە حزبەكان كەسەكان دیاری دەكەن؟
شێخ جەعفەر: لەهەموو دونیادا حزبە، ئێستا كە تۆدەڵێیت هەڵبژاردن كراوە بۆكۆنگرێس، خەڵك لە بازاڕەوە دێن یان حزبەكان كاندیدیان دەكەن.
پەرەگراف: ئەمە ئەوە ناگەیەنێت هەر سیمای حزبایەتی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەمێنێت؟
شێخ جەعفەر: كەوتۆتەسەر كەسەكە، ئەگەر كەسەكە دڵسۆزبێت بۆ میللەتەكەیو بزانێت بۆچی خەباتی كردووە، نەخێر، بەڵام ئەگەر دڵسۆز نەبێتو هەموو گیانی عەیب بێت بۆئەوەی عەیبەكانی خۆی دابپۆشێت مەسەلەی حزبایەتی دەهێنێتەناو كارەكەیەوە ئەوە شتێكی دیكەیە، من خۆم تائێستا نەمبینیوە مەسەلەی حزبایەتی بێتەناو كارەكەمەوە.
پەرەگراف: ئەمە تەنها گۆڕانكاریی دەبێت یاخود لێپرسینەوەش دەكرێت لەوانەی كەموكورتییان هەبووە؟
شێخ جەعفەر: زۆربەی ئەوانەی لەناو وەزارەتی پێشمەرگەن كەسانی تێكۆشەرو ماندوون، دانەدانەش دەبێت ئیهمالیی كردبێتو ڕەنگە دزیشی كردبێت، بەڵام ئەوە گشتییەكەی نییە، مانای ئەوەش نییە هەركەسێك باش بوو هەر قابیلی گۆڕان نییەو هەتا هەتایە دەبێت لەو شوێنەدابێت، ئەگەر تەماشابكەیت چونكە ئیمكانیەتیان هەیە جاری واهەیە ئەو هەموو ژەنەڕاڵە ئەمەریكییە ئازایانەی هاتوونەتە ئێرە ئەو شەڕە گەورانەیان كردووە گەڕاونەتەوە وڵاتەكەی خۆیانو خانەنشینیان كردوون، ڕاستە ئێمە هێشتا تازەینو ئەو ئیمكانیەتەمان نییەو نەمانتوانیوە خەڵكی تازە پەروەردە بكەینو پێی بگەیەنینو پشتمان بەو تێكۆشەرە كۆنانە بەستووە، ئێمەش هەركات توانیمان خەڵكی تازە پێبگەیەنینو پەروەردەی بكەینو جیل بەجیل دەیدەینە دەست ئەوی دیكە.
پەرەگراف: واتە لێپرسینەوەش دەكرێت؟ تەنها گۆڕانكاریی نییە.
شێخ جەعفەر: ئەوەی نوقسانیو كەموكورتی هەبێت بەدڵنیاییەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
پەرەگراف: لەچوارچێوەی پڕۆسەی چاكسازیی چەند بەرپرسێك لە وەزارەتی پێشمەرگە دراونەتە دادگا، حزب تەداخولی لەم كەیسانە نەكردووە ئەوەندەی ئێوە ئاگاداربن؟
شێخ جەعفەر: من خۆم پێموایە ئەوكەسانەی دراون بە دادگا ئەوەی لەسەریانە وانییە، کەسانی زۆر پاكو دڵسۆزن، ئەوەی هەقە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت، ڕەنگە ناوی نەهاتبێت كە ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگەدا نییە، من لێرە بەرپرسی یەكەمم كە بەتۆدەڵێم بڕۆ ئەوەبكە، هەقە من بەرپرسیارێتییەكەی بگرمە ئەستۆ نەك تۆ، من بەش بەحاڵی خۆم چەند لە وەزارەتی پێشمەرگە كارم لەگەڵ كردوون، لەوكارەی ئێستا دادگا داوای كردوون هیچ هەڵەو كەموكورتییەكیان نییە.
پەرەگراف: وتت كەسی دیكەیە، ئەی ئەو كەسە بۆ نادرێت بە دادگا؟
شێخ جەعفەر: نازانم كاكە، ئەوە تەفاسیلەكە لەوەزارەتی پێشمەرگە بپرسە، لەوانە بپرسە كە دراون بە دادگا بڵێ كێ ئەمەی پێكردوونو بۆئێوە دراون بە دادگاو كەسی دیكە نەدراوە؟.
پەرەگراف: ئەوەی ئێستا بەڕێوەیە بكرێت بەڕای بەڕێزت گۆڕانكاریی ڕیشەیی دەبێت لە وەزارەت؟
شێخ جەعفەر: ئەوەنییە بڵێی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی دەكەم هەتاهەتایی، ئەمەدەبێت بەردەوام بێت، ئێستا من دەهێنیت ئەمڕۆ پیاوێكی دەستپاكو لێهاتوو و بەتوانام دەمخەیتە كارەكەوە ڕەنگە سبەینێ ئەو تواناو كەفائەتەم لەوێ دەرنەكەوێت یان هەڵەیەكم پێبكرێو قابیلی گۆڕان بێت، لەبەرئەوە لەهەموو كارێكدا دەبێت گۆڕانكاریی بەردەوام بێتو چاودێریو پشكنینو لێپرسینەوە هەبێت بۆئەوەی بتوانیت نەوعیەتەكە باش بكەیت.
پەرەگراف: بەپێی ئەو بەرنامەی دانراوە لەگەڵ هاوپەیمانان بەشەكانی ناو وەزارەت بەهێز دەكرێن؟ بۆ نمونە بەشی چاودێری هەیە لە وەزارەت، ئەگەر بەهێزببێت كاریگەری دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی گەندەڵی.
شێخ جەعفەر: ئەوانە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە بەیەكەوە بۆ ڕێكخستنەوەی هەموو بەشەكانی وەزارەتە بۆ چالاككردنی بەشەكانو بەهێزكردنیانە، بۆئەوە دەكرێت.