دیبلۆماتكارێكی باڵای ئەمەریكی: ساڵی 1991 دەرفەتی دەوڵەتمان بۆ كورد ڕەخساند، بەڵام سەركەوتوو نەبوون

01-04-2017 04:22
هەیوود ڕانكن، ساڵی 1988 بەرپرسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بووە لە بەغدا.

 

پەرەگراف

 

دیبلۆماتكارێكی باڵای ئەمەریكی دەڵێت، ساڵی 1991 وڵاتەكەی دەرفەتی ئەوەی بۆ كوردەكانی عێراق ڕەخساندووە تاوەكو دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دروست بكەن، بەڵام ئەوان سەركەوتوو نەبوون‌و یەكگرتوو نین‌و نەیانتوانیوە ئەو ئەركە ڕابپەڕێنن.

 

ئەوە وتەی هەیوود ڕانكن، دیبلۆماتكاری ئەمەریكییە كە ساڵی 1988 بەرپرسی بەشی سیاسی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بووە لە بەغدا، ئەو ڕەخنەی ئەوەش لە سەركردە كوردەكان دەگرێت كە بە درێژایی مێژوو ئامادەنەبوون سازش بۆیەكتری بكەن.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی كوردستان، ئێستا یەكێكە لە پرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی‌و دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتایبەت مەسعود بارزانی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندینجار ئەو پرسەی باسكردووەو سووربوونی هەرێمی لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دووپاتكردوەتەوە.

 

دواین وتەی بارزانی لەسەر ئەو پرسە، پێنجشەممەی ڕابردوو بوو لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە هەولێر لەبارەی ئایندەی هەرێمی كوردستانەوە، بارزانی جەختی لەوەكردوەتەوە"لە ئایندەیەكی نزیكدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی."

 

هەر لەسەر هەمان پرس 24ی مانگی ڕابردوو نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەمساڵ ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدرێت‌و ئەوەش پیشانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات كە خەڵك چی دەوێت.


هەیوود ڕانكن (Haywood Rankin)، دیبلۆماتكاری ئەمەریكی ساڵی 1988 سەردانی كوردستانی كردووە بەمەبەستی بەدواداچوون لەبارەی كیمیایی بارانكردنی هەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوەو ڕاپۆرتێكی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی كردووە، هاوكات بەهۆی سەردانەكەیەوە هەرلەوساڵەدا لەلایەن حكومەتی سەدامەوە لە عێراق دەركراوە.

 

هەیوود ڕانكن دیبلۆماتكارێكی باڵای ئەمەریكا بووە لە بەغدا، مانگی 10ی 1988 بە ئاگاداری وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەفەریك دەكات بۆ هەولێرو چەند ناوچەیەكی دیكەی كوردستان بۆ كۆكردنەوەی زانیاری زیاتر لەسەر كیمیایی بارانكردنی هەڵەبجە.

 

ڕانكن كەلەو سەفەرەیدا زۆرتر كوردەكانی لایەنگری حكومەتی بەعسی بینیوە لە ڕاپۆرتێكدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی دەڵێت، تەنانەت كوردەكانی سەربە حكومەتی عێراقیش توڕەن لەبەكارهێنانی گازی كیمیایی دژی خەڵكی هەڵەبجە.

 

ئەوەش لەكاتێكدا بووە كە مانگێك پێشتر كۆنگرێسی ئەمەریكا سەرقاڵی ئەوە بووە كە ئابڵوقەی ئابوری سنوردار لەسەر عێراق دابنێت، بەڵام سەركەوتوو نەبووەو ئەو ڕاپۆرتەی هەیوود ڕانكن كاریگەریی هەبووە كە هەوڵەكانی كۆنگرێس جارێكیتر زیندووبكاتەوە. ئەوەش لەكاتێكدا بووە كە بەهۆی شەڕی عێراق لەگەڵ ئێران، ئەمەریكا پاڵپشتی سەربازی‌و بازرگانی بەغدای دەكرد بۆ دژایەتیكردنی ئێران.

 

10 ساڵ دوای كیمیایی بارانی هەڵەبجە، ساڵی 1998 هەیوود ڕانكن لە چاوپێكەوتنێكیدا باسی سەردانەكەی دەكات بۆ كوردستان‌و ڕای خۆی لەسەر بزووتنەوەی كوردی دەخاتەڕوو.


ڕانكن خەڵكی واشنتۆنەو لە 1973وە لە دیبلۆماسییەتی وڵاتەكەیدا خزمەتی كردووە، لە وڵاتانی مەراكیش، میسر، باكوری ئەفریقا‌و سوریا، لە 1986 بۆ 1988 بەرپرسی سەرەكی سیاسیی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بوە لە عێراق‌و دواتریش تا 1998 لە دیبلۆماسییەتی ئەمەریكادا بەردەوام بووە لەكاركردن.

 

لەو چاوپێكەوتنەیدا كە بۆ كۆمەڵەی ڕاهێنان‌و خوێندنەوەی دیپلۆماتیك ئەنجامدراوە، ڕانكن بە وردی باسی بەسەرهاتی خۆی لەو وڵاتانە كردووە كە تێیاندا خزمەتیكردووە، وك سوریا‌و عێراق.

 

ڕانكن كە پێشهاتنی بۆ عێراق لە 1986 بۆ ماوەی دوو ساڵ لەباڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەسوریا كاریكردووە، لەسەر سیستمی بەعس لە عێراق‌و سوریا دەڵێت، هەردوو وڵاتەكە سیستمەكەیان سەركوتكەر بووە.

 

"سوریا وڵاتێكی كراوەو خەڵكەكەشی تاڕادەیەكی باش ئازاد بوون‌و من چێژم وەرگرت كە لە سوریا بووم‌و زۆر بەئاسانی لەگەڵ خەڵكدا قسەم دەكرد، سوریا وڵاتێك نەبوو كە هەمو كەس سیخوڕی بەسەر ئەویترەوە بكات ، وڵاتی تیرۆر نەبوو، عێراق بە پێچەوانەوە وڵاتێكی داخراو بوو، كۆمەڵگایەكی هەبوو كە ترس‌و پۆلیس‌و تیرۆر حوكمی دەكرد."

 

ئەو دیبلۆماتكارە ئەمەریكییە، دەشڵێت، تەنیا شوێنێك كە حكومەتی عێراقی زۆر بە قورسی ڕێگەی دەدا بۆ سەردانكردنی بەشی باكوری وڵاتەكە بوو(واتە كوردستان).

 

لەیەكێك لەپرسیارەكاندا باسی دەوڵەتی كوردی دەكرێت‌و لەو دیبلۆماتكارە ئەمەریكییە دەپرسرێت، باسی دەوڵەتی كوردی هەبووە ئەوكاتە؟.

 

هەیوود ڕانكن لە وەڵامدا دەڵێت، ئەوكاتە زۆركەس لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكادا باوەڕیان وابووە باسی دەوڵەتی كوردی واقیعی نییە تەنانەت باڵیۆز ویلیام ئیگڵتن-یش كە كتێبێكی لەسەر كۆماری كوردستان لە مەهاباد نوسیوەو وەك ڕانكن دەڵێت كوردی لە زۆر كەسیتر باشتر ناسیووە، هەمان ڕای هەبووە، ئەوەش تەنها بەهۆی دژایەتی وڵاتانی درواسێ وەكو توركیا نەبووە.

 

"بەڵكو لەبەرئەوەبوو كە كوردەكان خۆیان زۆر پارچە پارچەن. ئەگەر بێت‌و سبەینێ سەربەخۆییان پێبدرێت ناتوانن بەڕێوەی ببەن. ئەمەش لە ڕاستیدا كرا، دوای شەڕی كەنداو(1990-1991) كە ئێمە كوردستانی عێراقمان كۆنتڕۆڵ كرد بە كوردە عێراقییەكانمان وت (فەرموون، تكایە دەوڵەت بۆ خۆتان دروست بكەن). ئەمە ڕاستە ئێمە بەدەق وامان پێڕانەگەیاندن، ئێمە هەرگیز ناتوانین دانبەوەدا بنێین كە شتیوامان كردووە، بەڵام لە ئەمری واقیعدا ئەوە ئەو شتە بوو كە ئێمە كردمان. ئەوان بە تەواوەتی نەیانتوانی ئەو ئەركە ڕاپەڕێنن. ئەوە بەس كوردستانی عێراقە. پێشبینی ئەوەبكە بتەوێت هەموو كوردستان یەكبگرێتەوە. ئەمانە خەڵكی شاخن. ئەوان زمانی خۆیان پاراستووە، بەڵام هەرگیز یەكگرتوو نەبوون. هەموو تاكی سەركردە كوردەكان نەیانتوانیوە سازش بۆیەك بكەن. ئەوە چیرۆكی ئەوانە لەماوەی ساڵانیكی دورو درێژ." دیبلۆماتكارە ئەمەریكییەكە وادەڵێت.

 

لەدوای شەڕی كەنداو ئەمەریكا ناوچەی ئارامی لە كوردستان دروستكرد‌و ساڵی 1992 یەكەم حكومەتی كوردی پێكهێنرا، بەڵام تەمەنی ئەو حكومەتە تەنها دوو ساڵی خایاندو یەكێتی‌و پارتی كە دوو حزبی باڵادەست بوون، شەڕی ناوخۆیان دەستپێكرد(1994-1998) كەتێیدا زیاتر لە 7 هەزار كەس لەهەردوولا كوژران.


هەیوود ڕانكن دەشڵێت"لەكوردستان گرنگ ئەوەیە خەڵكی كام شاخ‌و چەمی. هەستی نەتەوایەتی كوردی بەپێی پێویست نییە. تاكی كورد زاراوەی خۆی هەیە، عەشیرەتی هەیە‌و پابەندی ئەوانەیە. كەسانێكی وەك جیم هۆگلەند كوردیان زۆر بە خەیاڵی باسكردووە... جیم هۆگلەندی واشنتۆن پۆست خەونی كوردستانی بینیوە. بە ڕای من ئەو تێگەیشتنی واقیعی نەبووە لەسەرئەوەی كە كوردەكان چەند نایەكگرتوون."

 

هۆگلەند ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بووەو یەكێكە لەو كەسانەی زۆر بابەتی لەسەر كورد نوسیوەو ساڵانی 70كان سەردانی كوردستانی كردووەو مستەفا بارزانی-شی بینیوە.

 

دوای نزیكەی سێ دەیە لەو ڕێكەوتەی دیبلۆماتكارە ئەمەریكییەكە باسیدەكات، ئێستاش كە پرسی دەوڵەتی كوردی‌و سەربەخۆیی گەرمە، ناكۆكی قوڵی سیاسی لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەتایبەت پارتی‌و گۆڕان، كە بەهۆیەوە نزیكەی ساڵێك‌و 6 مانگە پەرلەمانی كوردستان پەكخراوەو وەزیرەكانی گۆڕان لە حكومەت دوورخراونەتەوە.