
پەرەگراف- سوركێو محەمەد
ڕای زۆرینە لەناو بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕاندا ئەوەیە كە پێشوازی لەو وەفدە هاوبەشەی پارتیو یەكێتی نەكەن كە بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی كوردستان سەردانی حزبەكان دەكات، سبەینێش بۆ بڕیاری یەكلاكەرەوە گۆڕان لەئاستی باڵادا كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەكی باڵا لە بزووتنەوەی گۆڕان كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت، بۆ پەرەگراف ئەوەی خستەڕوو، بە نیازنین پێشوازی لە وەفدەكەن بكەن، وتی"ڕای زۆرینە ئەوەیە پێشوازی لەو وەفدە نەكرێت."
وەفدی هاوبەشی پارتیو یەكێتی ئەمڕۆ دەستیانكرد بە سەردانی لایەنەكانو گفتوگۆكردن لەسەر پرسی ڕیفراندۆمو دەیانەوێت سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیش بكەن، ئەوەش دوای ئەوەی لەكۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسی هەردوو حزبدا كە دوێنێ بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی ئەنجامدرا بڕیاریاندا لیژنەیەك لەسەر ئەو پرسە پێكبهێنن بۆ سەردانی لایەنەكان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان بكەن.
ناونەهێنانی پەرلەمانی كوردستان تا پرسی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە ڕێی ئەو دامەزراوەیەوە بكرێت، نیگەرانیی بزووتنەوەی گۆڕانی لێكەوتۆتەوەو پێیوایە ئەو پرسە بەبێ پەرلەمان ناكرێت.
وەك سەرچاوە باڵاكەی گۆڕان وتی، ئەگەر پێشوازی لە وەفدەكەی پارتیو یەكێتی نەكەن كە ڕای زۆرینەی بەرپرسانی بزووتنەوەكەیان ئەوەیە، "لەبەرمبەردا لێدوانێكی ڕۆژنامەوانی دەدرێت كە بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 1992و بەپێی بڕیاری ژمارە یەكی 2005ی پەرلەمانی كوردستان، ئەم پرسە چارەنوسسازە كاری پەرلەمانە. ئەگەری زۆرە ئەوە بكەین."
هەر لەسەر هەمان پرس، سبەینێ لەئاستی باڵادا بزووتنەوەی گۆڕان كۆدەبێتەوەو بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات، بەرپرسەكەی گۆڕان وتیشی"ئەوانەی بەشداری كۆبوونەوەكەی سبەینێ دەكەن زۆربەیان ئەو ڕایەیان هەیە كە پێشوازییان لێنەكەین، ئەگەر لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكان بەئاڕاستەیەكی دیكە نەڕوات."
لەبارەی پەیامی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە لەسەر ئەو پرسە كە ئێستا بۆ چارەسەری پزیشكی لە دەرەوەی وڵاتە، بەرپرسەكەی گۆڕان وتی"هیچ پەیامێكی كاك نەوشیروانمان پێنەگەیشتووە، بەڵام كوڕەكانی لێرەنو هەمان ڕایان هەیە كە پێشوازی لەو وەفدە نەكرێت، نازانم ئەوە ڕای كاك نەوشیروانیشە یان نا."
هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆ، پارتی لەگەڵئەوەی زۆرترین قسە لەسەر ڕیفراندۆمو سەربەخۆیی دەكات، هاوكات بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لە مانگی 10ی ساڵی 2015 بەڕێگری لە سەرۆكی پەرلەمان كە لەپشكی گۆڕانە بۆ چوونە ناو هەولێرو دوورخستنەوەی وەزیرەكانی ئەو بزووتنەوەیە لە حكومەت، تائێستاش ئەو دۆخە بەردەوامەو چارەسەر نەكراوە.
گۆڕان كە لەمانگی 5ی ساڵی ڕابردوەوە ڕێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی واژۆكردووە، پێشوازینەكردنی لە وەفدە هاوبەشەكەی پارتیو یەكێتی جۆرێك دەبێت لە دەربڕینی ناڕەزایی لەدژی هەڵوێستەكانی یەكێتی، چونكە بەپێی ڕێككەوتنەكەیان پرسی ڕیفراندۆم كاری پەرلەمانە كە ئێستا پەكخراوە، بەڵام یەكێتی لە بەیاننامە هاوبەشەكەی لەگەڵ پارتی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە ئاماژەی بەم خاڵە نەكردووە.
ماددەی یانزە لە ڕێككەوتنی سیاسی نێوان گۆڕانو یەكێتی، بەدەق دەڵێت"هەردوولا كۆكن لەسەر ئەوەی كە مافی چارەی خۆنوسینو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی مافی گەلی كوردستانە، پێویستە ئامادەكاریی هەمەلایەنەی بۆ بكرێت بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیشەوە. ئەم بابەتە بابەتێكی نیشتمانییەو لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان یەكلادەكرێتەوە."
لەبارەی نیگەرانیی گۆڕان لە یەكێتی لەسەر ئەو پرسە، بەرپرسە باڵاكەی گۆڕان، وتی"دەبێت یەكێتی وەڵامی ئەو پرسیارەبداتەوە لەكاتێكدا خۆی ڕێككەوتنەكەی واژۆكردووەو ئەو دەقەی تێدایە چۆن پێچەوانەی ئەوە كاردەكات؟ یاخود بۆ پێچەوانەی یاساو بڕیارەكانی پەرلەمان كاردەكات."
وەك ئەو بەرپرسەی گۆڕان وتی، پێشوازی نەكردن لە وەفدی هاوبەشی یەكێتیو پارتی، هەڵوێستە لەدژی یەكێتی، وتی"تائێستا زۆر ئارام بووین بەرامبەر یەكێتی لەپێناو جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە، ئەگەر یەكێتی بەردەوامبێت لەو سیاسەتەی هەڵوێستی دیكەمان دەبێت، ڕەنگە ئەمە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بێت بۆ گۆڕان."
ڕۆژی 17-5ی ساڵی ڕابردوو یەكێتیو گۆڕان ڕێككەوتنی سیاسی نێوانیان واژۆ كرد كە تێیدا لەسەر زۆر پرس تێڕوانینی هاوبەشیان گەڵاڵە كردووەو ڕێككەوتوون، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی هەردوولا تائێستا ئەو ڕێككەوتنە جێبەجێ نەكراوە.
جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیو گۆڕان لەماوەی ڕابرددودا قسەوباسی زۆری لەسەر كرا لەناو ئەو دوو حزبەدا، ژمارەیەك هەڵسوڕاوی گۆڕانو ژمارەیەك سەركردایەتی یەكێتی لەمانگی یەكی ئەمساڵدا بەجیا نامەیان ئاڕاستەی حزبەكانیان كرد لەسەر ئەو پرسەو داوای هەڵوێستو جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەیان كرد.