دایكێك 30 كیلۆمەتر كوڕە 17 ساڵەكەی لەكۆڵدەكات بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەست داعش

05-04-2017 01:38
كەركوك، مەكتەب خالید، دایكێك نزیكەی 30كم كوڕەكەی لەكۆڵكردو لەژێر دەستی داعش ڕزگاری كرد. فۆتۆ: كەركوك ناو.

 

پەرەگراف- كەركوك ناو

 

حوسەینییە گوێی بە ئازارەكانی پشتی نەدا، كوڕە 17 ساڵەكەی كردە كۆڵیی‌و نزیكەی 30 كیلۆمەتری بڕی تا گەیاندییە ناوچە كۆنتڕۆڵكراوەكانی كەركوك‌و بە توندی ماچێكی كرد.

 

مەروان جاسم (17ساڵ)، لە منداڵییەوە تووشی ئیفلیجی بووە‌و ناتوانێت ڕێبكات، ئەوەش ئەركی دایكی قورسكردبوو كاتێك ویستیان لە ژێر دەسەڵاتی داعش لە باشوری خۆرئاوای كەركوكەوە بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە كۆچبكەن.

 

ئەو خێزانە دانیشتووی گوندی خەربەعەزیزی سەر بە ناحیەی ڕیازن لە قەزای حەویجەو ناوەڕاستی مانگی یەكی ئەمساڵ‌و لە بەرەبەیانێكی درەنگدا لەگەڵ چەند خێزانێكی تر خۆیان گەیاندە مەكتەب خالید.

 

حوسینییە دحام، دایكی مەروان بە (كەركوك ناو)ی وت "كوڕەكەم هەر لە منداڵییەوە ئیفلیجە‌و ناتوانێت ڕێبكات، بەردەوام دەبوو چارەسەری بۆ وەربگرم، بەڵام كاتێك داعش هات ئەركی ئێمە قورس بوو، دەرمان نەماو منیش نەمویست كوڕەكەم لەدەستبدەم."

 

بەرەبەیانی مانگی یەكی ئەمساڵ، حوسەینییە مەروانی كوڕی كردە كۆڵیی‌و پێنج گوندیان بڕی كە ڕێگاكە نزیكەی 30 كیلۆمەتر دەبێت، تاگەیشتنە مەكتەب خالید لە باشوری خۆرهەڵاتی كەركوك‌و لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی پێشمەرگە.

 

"داعش هیچی نەهێشت، نە دەرمان نە خواردن، تەنانەت خەڵكیشی دەكوشت‌و ئازاری دەدان، ئێمە چی بكەین؟ تەنانەت نەماندەتوانی خواردنی پێویست بدەین بە مەروان، بۆیە هەڵاتین"، حوسەینییە وای وت.

 

كەمئەندامان‌و منداڵان ئازارێكی سەخت دەكێشن، كاتێك خێزانەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دەیانەوێت هەڵبَێن، كەمئەندامان دەبن بەئەرك بۆ خێزانەكانیان‌و هەورازو نشێوی زۆر دەبڕن تا دەگەیەنرێنە ناوچە ئارامەكان، منداڵانیش ڕوبەڕوی سەرما دەبنەوەو برسێتی‌و نەخۆشی تەنگیان پێهەڵدەچنێت.

 

خێزانی مەروان كاتێك بیریان لە هەڵاتن كردەوە كە خەریك بوو كوڕەكەیان بەدەست برسێتی‌و نەبوونی دەرمانی پێویستەوە لەدەستبدەن.

 

ئەوەی دایكی مەروانی زیاتر خەمبار كردبوو، ئەوەبوو ڕۆژێك داعش بەزۆر كوڕەكەیان بردبوو بۆ بینینی كوشتنی چەند كەسێك كە ویستبویان هەڵبێن.

 

"كوڕەكەم تاوانی چییە، تا لەكاتی لە سێدارەدانی هەر كەسێك ئامادەی بینینی بێت… داعش بەزۆر ئەمەی دەكرد، دەبوایە هەموو پیاو و منداڵەكان ئامادەبن" حوسەینییە وای وت، زیاتر وتی"دواهەمین جار مەروانیان برد بۆ بینینی سەربڕینی دوو كەس بە مووس، بەوەش نەخۆشكەوت‌و باری دەروونی تێكچوو."

 

بەڵام حوسەینییە لەمەكتەب حالید ماچێكی توندی كوڕەكەی كردو وتی "گرنگ ئەوەیە توانیم بە سەلامەتی ڕزگارت بكەم."