ڕووبەڕوو لەگەڵ شەبەحەكەی داعش

ئەبو ئیسلام: داعش دوای لەدەستدانی شارەكانی ژێردەستی مەترسیدارتر دەبێت
08-04-2017 01:42
ئەبو ئیسلام ناسراوە بە شەبەحەكەی داعش



پەرەگراف- ڕێنوار نەجم

 

سەركردەیەكی باڵای داعش كە بە شەبەحەكەی داعش ناسراوە‌و ئێستا لە زیندانە لە سلێمانی دەڵێت، داعش لەدوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی ئەو شارانەی كە ئێستا لەژێر دەستیدایە، مەترسیدارتر دەبێت‌و هێرشەكانی خراپتردەبن.

 

ئەبو ئیسلام، سەركردەی باڵای ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە عێراقییەكانەوە ناسراوە بە "شەبەحەكەی داعش" سەرپەرشتی ئەو چەكدارانەی داعشی كردووە كە لەمانگی 10ی 2016 هێرشیانكردەسەر شاری كەركوك، ئەو خۆیشی بە پشتوێنی بۆمبڕێژكراوەوە لەگەڵ چەكدارەكان چووەتە ناو كەركوك، بەڵام خۆی نەتەقاندووەتەوە.

 

شەبەحەكەی داعش بەوە بەناوبانگە كە چەند شانەیەكی نهێنیی خۆكوژیی بەڕێوەبردووە، بەشێوەیەك هەندێك لەو خۆكوژانەی ئامادەی كردوون تەمەنیان تەنها 12 ساڵ بووە، هەروەها دەستی هەبووە لە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی لە دەرەوەی سنوورەكانی داعش.

 

ئەو تەنها چەند ساڵێكی كەم ڕاهێنانی ئاینیی كردووەو كاتێك لە ناوەڕاستی بیستەكانی تەمەنیدا بووە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی داعشەوە كراوە بە ئەمیری پارێزگای كەركوك.

 

ئەبو ئیسلام بۆ گۆڤاری نیویۆركەری ئەمەریكی، دەڵێت"چەكدارەكان هێشتا باوەڕیان بەو ڕێگایە هەیە، ئەو گەنجانەی لەوێن(لای داعش) كێشەیان نییە چی ڕوودەدات، ئەگەر هەموو شتێكیش لەدەست بدەن شێوازی بیركردنەوەیان ناگۆڕێت تەنانەت ئەگەر خەلیفەكەشیان بكوژرێت، ئەگەر ئەو هێزانە(عێراقی‌و كوردییەكان) شوێنەكانیان لێبگرنەوە تەنانەت ئەگەر شارێكیشیان بەدەستەوە نەمێنێت ئەوان هەر بەردەوام دەبن‌و شەڕ دەبنە ژێر زەوی، دەبێ بەشەڕی ژێر زەوی‌و مەترسیدارتردەبێت‌و هێرشەكان خراپتر دەبن، هێرشەكان لەدژی هەموو وڵاتانی جیهان دەبێت."

 

دەستگیركردنی ئەبو ئیسلام لەمانگی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو، یەكێك بووە لە هەنگاوە گرنگەكان بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی داعش.

 

لاهور تاڵەبانی بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی زانیاریی كوردستان لەبارەی ئەو سەركردەیەی داعشەوە دەڵێت "ئەوە ئەو كەسەیە كە ئێمە زیاد لە دوو ساڵە بەدوایەوەین." ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات دەستگیركردنی ئەبو ئیسلام سەركەوتنێكی گەورە بووە بۆ ئەوان.

 

ئەبو ئیسلام ئێستا لای دەزگا ئەمنییەكانی كوردستانەو وەك پەیامنێرەكەی نیویۆركەر باسیدەكات لە ژورێكی بێ پەنجەرەی كۆمەڵگای ئاسایشی هێزە تایبەتییەكان لە شاری سلێمانی لە زینداندایە.

 

ئەبو ئیسلام ناوی ڕاستەقینەی مازن نەزهان ئەحمەد عوبێدی-‌یە، جیاواز لە زۆرینەی چەكدارە بیانییەكانی داعش، زۆرینەی سەربازە ناوخۆییەكانی داعش لەگوندەكانەوە هاتوون، ئەبو ئیسلام لەساڵی 1989 لە گوندی ڕەشاد لەباشوری ڕۆژئاوای كەركوك لەدایك بووە. لەحوزەیرانی 2014 دوای ئەوەی داعش لە سوریاوە هاتە عێراق‌و ناوچەیەكی زۆری خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، ئەم یەكێك بوو لەوانەی هەر زوو پەیوەندی پێوەكردن.

 

"خوێندكاری شەریعەبووم، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی یوتیوب، فەیسبوك‌و تویتەر سەیری چالاكییەكانی داعشم دەكرد، حەزم بەو شتانە دەكرد كە دەیان كرد." ئەبو ئیسلام وادەڵێت.

 

ئەوكاتەی پەیوەندی بەداعشەوە كرد، ئەبو ئیسلام ژنەكەی دووگیان بوو، دواتر چاوی بە ژنەكەی‌و كچەكەی نەكەوتەوە تا ئەوكاتەی دەستگیركراو خێزانەكەی لە زینداندا سەردانیان كرد.

 

ڕۆژنامەنووسە ئەمەریكییەكە كاتێك لەبارەی ئەبوبەكر بەغدادی، خەلیفەی داعش پرسیار لە ئەبو ئیسلام دەكات، بەم شێوەیە وەڵام دەداتەوە "ئێستا لەگەڵ سیاسەتەكانیدا نیم. ئەگەر دەیویست دەوڵەتێكی ئیسلامی دابمەزرێنێت، دەیتوانی بە ڕێگای جیاواز بیكات. سیاسەتەكەی هەڵەبوو. كوشتن، تیرۆركردن، هەموو ئەو ڕێگایانە."

 

بەڵام هێشتا بەغدادی بە سەركردەو "خەلیفە"ی خۆی دەزانێت، وتی"ئەگەر هێشتا لەوێ بوومایە، لەوێ دەمامەوە. ڕەنگە لە ئێستادا شكستبهێنێت، بەڵام هەڵهاتنی خۆری دەوڵەتی ئیسلامی ڕوودەدات، لەبەرئەوەی هەردەبێت ڕووبدات. خودا لە كتێبەكەی خۆیدا وای وتووە. یاسای شەریعە یاخود خەلیفە دەبێت حوكمی زەوی بكات. ڕەنگە لەكاتی ئێمەدا نەبێت، ڕەنگە لەسەد ساڵی دیكەدا بێت."

 

لەڕۆژی 21ی 10ی 2016 ئەبو ئیسلام سەرپەرشتی 150 چەكداری داعشی كرد بۆ هێرشكردنە سەر شاری كەركوك‌و لەلایەن شانە نووستووەكانیانەوە پاڵپشتی دەكران، ئامانجی ئەوان هێرشكردنە سەر بینا حكومیی و ئەمنییەكانی ئەو شارەبوو بۆ ڕزگاركردنی سەدان زیندانیی داعش، هەرچەندە توانییان چەند باڵەخانەیەك بۆ چەند كاتژمێرێك كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڵام دواجار لە پلانەكەیان سەركەوتوو نەبوون و زیاد لە 100 چەكداری داعش كوژران، بەڵام ئەبو ئیسلام ڕزگاری بوو.

 

دوو رۆژ دوای ئەو ڕووداوە، ئەبو ئیسلام لەلایەن دەزگا هەواڵگرییە كوردییەكانەوە دەستگیركرا، "هەموومان كاتێك هاتبووین بیرۆكەی دەستگیركردن لەمێشكماندا نەبوو، دەبوو یان بكوژین یان بكوژرێین." ئەبو ئیسلام وادەڵێت.

 

هەرچەندە هەموو چەكدارەكانی داعش لەو هێرشەدا پشتوێنی بۆمبڕێژیان بەستبوو، بەڵام ئەبو ئیسلام پشتوێنەكەی نەتەقاندەوە، "هەموو هاوڕێكانم دەبینی دەكوژران، یەكەمین شت كە هات بە مێشكمدا، لەبەر ئەوەبوو كە خۆم نەتەقاندەوە، بیرم لە دایكم كردەوە. سێ ساڵ بوو نەمبینی بوو، لەوكاتەدا بەهۆی ئەوەوە نەمویست بمرم."

 

دواتر ئەبو ئیسلام ڕادەكات بۆ ماڵی ئامۆزایەكی‌و دواتر بۆ یەكێكی تر. خێزانەكەی دەزانن كە ئەو لە هەڵهاتندایە، ڕێگەی دەدەن بچێتە ماڵەوە، "هەر ئەوەندەی كە چووە ناوچەكەوە، پەیوەندی تەلەفۆنیمان بۆ دەهات‌و دەیان وت 'لێرەیە، لێرە، وەرن دەستگیری بكەن.'" ئەفسەرێكی هێزە تایبەتەكان وادەڵێت.