عێراق تاوتوێی گۆڕینی دراو و لادانی سفرەکانی دینار دەکات؛ پەرلەمان داوای دواخستنی پڕۆژەیاساکە و لێكۆڵینەوەی وردتر دەکات
پەرەگراف - عێراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی چاکسازییەکی گەورەی دراوە کە گۆڕینی دراوی کاغەزی ئێستا و ئەگەری لادانی سفرەکان لە دیناری عێراقی دەگرێتەوە، بەڵام لیژنەی دارایی پەرلەمان داوای لە حکومەت کردووە یاساکە دوابخات تاوەکو کاریگەرییە ئابووری، یاسایی و دارایییەکانی بە وردی لێک دەدرێنەوە.
لیژنەی دارایی لە ٢٣ی ئابدا میوانداریی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی کرد بۆ تاوتوێکردنی پێشنیازی گۆڕینی دراو و لادانی سفرەکان. دوای کۆبوونەوەکە، لیژنەکە نووسراوێکی فەرمیی ئاراستەی نووسینگەی سەرۆکوەزیران کرد و پێشنیازی کرد دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە دوابخرێت، تا ئەو کاتەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەنێوان پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، بانکی ناوەندی، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان ئەنجام دەدرێت.
لیژنەکە جیاوازیی کرد لەنێوان گۆڕینی دراوە کاغەزەکان و لادانی ڕاستەقینەی سفرەکان لەسەر دراوەکە. بەگوێرەی نووسراوەکە، گۆڕینی دراو بەبێ سڕینەوەی سفرەکان لە چوارچێوەی دەسەڵاتی یاسایی بانکی ناوەندیدایە بەپێی ماددەی ٣٦ لە یاسای بانکی ناوەندی ژمارە ٥٦ی ساڵی ٢٠٠٤.
بەڵام لادانی سفرەکان پێویستی بە یاسا هەیە، بەوپێیەی کاریگەریی لەسەر مەودایەکی فراوان لە پابەندییە یاسایی و دارایییەکان دەبێت. لیژنەکە ڕایگەیاند ئەم پرۆسەیە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسا مەدەنی، بازرگانی و سزایییەکان هەیە کە بڕە پارەکانیان بە دینار تێدا دیاری کراوە، هەروەها ئەو گرێبەستانەی پڕۆژەی وەبەرهێنان، قەرزەکان، ڕەسمە حکومییەکان، سزا دارایییەکان و پابەندییە دارایییەکانی دیکە دەگرێتەوە.
هەروەها لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد یاساکە دەبێت ماف و پابەندییەکانی قەرزدەر و قەرزدار بپارێزێت، خشتەیەکی کاتی و میکانیزمێکی ڕوون بۆ گۆڕانکارییەکە دابنێت، گۆڕانکارییە ئەگەرییەکانی یاسای دژەسپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر و یاسای دەستەی دەسپاکی بگرێتەوە.
پلانی چاپکردنی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری
دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی بە "پەرەگراف" ـی ڕاگەیاند، لادانی سفرەکان پێویستی بە چاپکردنی دراوی نوێ هەیە کە تێچووەکەی بە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت. وتیشی چوار وڵات (ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئوسترالیا و بەریتانیا) بۆ پرۆسەی چاپکردنەکە هەڵبژێردراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، قەبارەی ئێستای دراوی عێراق ١١٣ تریلیۆن دینارە، مەزندە دەکرێت لەنێوان ٨ بۆ ١٠ تریلیۆن دینار لە کاتی شەڕەکاندا ون بووبێت یان دزرابێت. هەروەها دەڵێت "تەنیا نزیکەی ٦٪ـی دراوەکە لای حکومەتە و زۆربەی هەرە زۆری لە دەستی خەڵکدایە.
دیلان غەفوور پێی وایە ئەم گۆڕینی دراوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆرتر لە پارەی نەختینە بۆ ناو سیستەمی دارایی فەرمی. وتیشی" ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر پارەی نەختینەیان لایە، لە کاتی گۆڕینەوەی دراوە کۆنەکاندا ڕەنگە داوایان لێ بکرێت سەرچاوەی سەروەتەکەیان ڕوون بکەنەوە ".
وەکوو ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی باسی لێوە کرد، لیژنەی دارایی نیگەرانیی دەربڕیوە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە و زێڕ ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ پارەی نایاسایی یان ئاسانکاری بۆ سپیکردنەوەی پارە بکات. بە ئەو، لایەنە چاودێرییە پەیوەندیدارەکان و وەزارەتی پلاندانان بەرپرس دەبن لە چاودێریکردنی ئەو بابەتە.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامێکی دیکەی لیژنەی دارایی، جەختی کردەوە حکومەت خەریکی ئامادەکارییە بۆ گۆڕینی دراو و نموونە، دیزاین و قەبارەی دراوە نوێیەکان ئامادەن. ڕەشید وتی، پلانی پێشنیازکراو چاپکردنی ٧.٥ ملیار دراوی کاغەزی لە هەموو جۆرەکان لەخۆ دەگرێت، بە تێچووی ٢٥٠ ملیۆن دۆلار.
وەکوو ئەحمەد حاجی ڕەشید ڕوونی دەکاتەوە، دراوە پێشنیازکراوەکە هەمان نرخ و بەهای دەبێت، واتە گۆڕانکارییەکە خۆی لەخۆیدا بە واتای دابەزاندنی نرخ یان زیادبوونی بەهای ڕاستەقینەی دینار نایەت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی وتیشی، ئامانجی چاکسازییەکە کشاندنەوەی بڕێکی زۆری پارەی نەختینەیە کە ئێستا لە دەرەوەی سیستەمی بانکییە. هەروەها بەرەنگاربوونەوەی پارەی نەختینەی پەیوەست بە گەندەڵی، بەهێزکردنی پاراستن لە ساختەکردن و هاندانی هاووڵاتیان بۆ گواستنەوەی پاشەکەوتەکانیان لە ماڵەوە بۆ بانکەکان. وتیشی دراوە کاغەزییەکانی ئێستا لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە لە بازاڕدان و گۆڕینیان نیگەرانییە ئەمنییەکان دەڕەوێنێتەوە و مەترسیی ساختەکردن کەم دەکاتەوە.
هەروەها ئەحمەد حاجی ڕەشید وتی، چاکسازییەکە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە چالاککردنەوەی ئەوەی کە بە" سەرمایەی خەوتوو" وەسفی کرد، کە بەهۆی کەمیی متمانەی گشتی بە بانکەکان لە دەرەوەی سیستەمی بانکی ماوەتەوە. مەزندەیشی کرد کە پرۆسەی گشتیی گۆڕینی دراوەکە لەنێوان سێ بۆ حەوت ساڵ بخایەنێت.
لیژنەی دارایی داوای كاتی زیاتر دەکات
سەرەڕای ئەو ئامادەکارییانەی پەرلەمانتاران باسیان کرد، لیژنەی دارایی پشتیوانیی لە تێپەڕاندنی دەستبەجێی یاساکە نەکرد.
لە نووسراوەکەی ٢٤ـی ئابدا کە لەلایەن عودەی عەواد کازم، سەرۆکی لیژنەی داراییەوە واژوو کراوە، لیژنەکە بە فەرمی پێشنیازی دواخستنی دەنگدانی کرد تا ئەو کاتەی حکومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ گۆڕینی دراو و لادانی سفرەکان ئەنجام دەدەن.
لیژنەکە ڕایگەیاند ڕەنگە کاریگەریی ئەم پرۆسەیە سیاسەتی نەختینەیی تێپەڕێنێت، لەوانە گرێبەستەکان، باج، قەرزەکان، سزای تاوانکاری، ڕێکارەکانی دژەگەندەڵی، مافی هاووڵاتیان و کۆمپانیاکان. بۆیە، چاکسازییە پێشنیازکراوەکە وەک بابەتێکی جێی مشتومڕ دەمێنێتەوە و پێویستی بە پێداچوونەوەی زیاتری حکومەت و پەرلەمان هەیە.