پەیامی هاوخەمیی ئەمەریكا بۆ یادی ئەنفال ڕوبەڕوی ڕەخنەی توند دەبێتەوە

14-04-2017 04:43
كەسوكاری قوربانییەك سڵاو دەنێرێت بۆ ڕوفاتی ئەنفالكراوان.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

لەیادی 29 ساڵەی پڕۆسەی ئەنفالی گەلی كورددا، ئەمەریكا پەیامی هاوخەمیی دەنێرێت‌و هاوڵاتیانی هەرێمیش لەكاردانەوەی پەیامەكەدا ڕەخنەی توند لە بێدەنگیی‌و نەبوونی هەڵوێستی ئەمەریكا دەگرن لەكاتی بەڕێوەچوونی شاڵاوی ئەنفالدا.

 

لە پەیامەكەیدا ئەمەریكا بە "كوردی عێراقی" ناوی كورد دەهێنێت، ئەو ناوهێنانەش بەو جۆرە، بووەتە جێگەی سەرنج‌و پەیامەكەی ڕوبەڕوی ڕەخنە كردووەتەوە.

 

ڕژێمی بەعس بە 8 قۆناغ لەمانگی شوبات بۆ ئەیلولی 1988شاڵاوی ئەنفالی دژ بە گەلی كورد لەسەرتاسەری كوردستان ئەنجامداو 182 هەزار هاوڵاتی كوردی لەپڕۆسەیەكدا لەژێرناوی ئەنفال بێسەروشوێن‌و زیندەبەچاڵ كرد‌و نزیكەی 5 هەزار گوندی كوردستانی خاپوركرد.

 

ساڵانە لە ڕۆژی 14-4 گەلی كوردستان یادی ئەنفال دەكاتەوەو لە شوێنە جیاجیاكان بەوبۆنەیەوە چالاكی جۆراروجۆر بەڕێوەدەچێت.

 

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر ئەمڕۆ بەهەردوو زمانی كوردی‌و ئینگلیزی هاوخەمیی وڵاتەكەی بۆ قوربانییانی پڕۆسەكە ڕاگەیاندووەو دەڵێت"ئەمڕۆ بەوپەڕی خەمبارییەوە یادەوەری قوربانیانی پڕۆسەی بەربەریانەی ئەنفال لەلایەن سەدام حسێنەوە دەكەینەوە كە هەزاران كوردی عێراقی تێدا كوژرا و ئاوارەبوون. لە یادەوەری ئەوانەی بەهۆی پڕۆسەی ئەنفالەوە كوژران یان بەركەوتوبوون، ئێمە پشتیوانی لە گەلی عێراق دەكەین لەكاتێكدا كاردەكەن بۆ تێكشكاندنی داعش و خەبات دەكەن بۆ بنیاتنانی داهاتوویەكی درەوشاوەتر."

 

 

دەقی پەیامەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا.

 

پەیامەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەكاتێكدایە، ئەو وڵاتە لەسەروەختی پڕۆسەی ئەنفالدا هەڵوێستی نەبووەو هیچ ڕێوشوێنێكی نەگرتوەتەبەر لەدژی ڕژێمی سەدام حسێن‌و پەیوەندییە سیاسی‌و بازرگانییەكانی لەگەڵ عێراق بەردەوام بووە تا مانگی 8ی 1990 كاتێك عێراق هێرشی كردەسەر كوێت.

 

ئەمەریكا بەهۆی شەڕی نێوان عێراق‌و ئێران(1980-1988) پشتیوانی عێراقی دەكردو چەك‌و پێداویستی سەربازیی پێدەفرۆشت، پەیوەندییەكانی لەگەڵ ڕژێمی بەعس هێندە بەهێز بوو، ساڵی 1988 كاتێك جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی یەكێتی سەردانی واشنتۆن دەكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لەبەر هەڕەشەی عێراق لەگەڵ مام جەلال كۆنابنەوە.

 

لەژێر پەیامە هاوخەمییەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكادا هاوڵاتیان لە پەیجی فەرمی كونسوڵخانەكە لە فەیسبوك، ڕەخنەیان لە هەڵوێستی ئەو وڵاتە گرتووەو پرسیاری ئەوە دەكەن، كاتی بەڕێوەچوونی ئەنفال ئەمەریكا بۆ بێدەنگ بووە؟.

 

كەسێك بەناوی شاڵاو كۆیە، بۆ پەیامەكەی ئەمەریكای نوسیوە: ئەوكات جەنابتان لەكوێ بوون؟ یان ئەوكات مەسڵەحەتتان لەگەڵ بەعس بوو بۆیە بێ دەنگیتان هەڵبژارد؟ خۆ بەعسیش بەچەكی ئەمریكی‌و ئەوروپی ئەنفال‌و كیمایی بارانی كرد، ئیتر فرمێسكی چی دەڕێژن، لە ڕۆژی ئەنفال ئەمریكاو هەموو ئەوروپا خۆیان گێل‌و كەڕ كردبوو بۆیە پێویست ناكات ئێستا فرمێسكی بۆ بڕێژن.

 

"بەڕێوەچوونی قۆناغەكانی پڕۆسەی ئەنفالیش لەلایەن صەددام حسین هەر بەچاودێری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بوو لە ناویشیاندا ئەمریكا، ئەو كات بۆ هیچ هەڵوێستیان نەبوو، ئەی ئێستا شینیان لەپای چی؟!" هیوا خدر وای نوسیوە بۆ پەیامەكەی ئەمەریكا.

 

هەندێكی دیكە ڕەخنە لە چۆنێتی ناهێنانی كورد دەگرن لە پەیامە هاوخەمییەكەدا كە ئەمەریكا بە "كوردی عێراق" ناوی هێناوە، كەسێك بەناوی هەندرێن نوسیویەتی"ئێمە كوردی عیراقی نین كوردانی كوردستانی لكێنراوین بە عیراقەوە.!!" ئاری جەلالیش دەڵێت"كوردی كوردستانی عیراق...نەك كوردی عیراقی."

 

موسا هەركی یەكێكی دیكەیە لەو كەسانەی بە 3 خاڵ وەڵامی پەیامەكەی كونسوڵخانەی ئەمەریكای داوەتەوەو نوسیویەتی: یەكەم: عێراقی نین زۆریشمان پێناخۆشە پێمان بڵێن عێراقی. دووەم: ئەوكات لەبەر بەرژەوەندییەكانتان نقەتان لێ نەهات. سێیەم: خۆئێستاش لەتوركیا كورد جینۆساید دەكرێ، بەڵام بەهەمان شێوە لێی بێدەنگن، دەڵێت"هەرچی تاوانە بەرامبەر كورد كراوە ئەمریكاش بەشدارە."

 

لەدوای هێرشی عێراق بۆسەر كوێت‌و شەڕی كەنداو(1990-1991) ئەمەریكا ناوچەی ئارامی لە كوردستان دروستكرد‌و ساڵی 1992 یەكەم حكومەتی كوردی پێكهێنرا، بەشێك لە هاوڵاتیان دەستخۆشیی لەو پاڵپشتییەی ئەمەریكا دەكەن‌و لەوەڵامی پەیامی هاوخەمییەكەدا بەگرنگییەوە باسلە هەوڵەكانی ئەمەریكا دەكەن.

 

ئومێد ڕەجەب نوسیویەتی"سوپاس بۆ ئێوە ئەمریكا نەبوایە كورد خاوەنی هیچ شتێك نەدەبوو." هەروەها محەمەد نزار دەڵێت"دەستان خۆشبێ بەڕاستی ئێوەنەبوان ئێستا شتێك نەمابوو بەناوی كوردەوە."

 

دوای 25 ساڵ لەپڕۆسەی ئەنفال، ساڵی 2003 كۆتایی بەدەسەڵاتی ڕژێمی بەعس هێنراو كۆتایی هەمان ساڵ سەدام حسێن دەستگیركراو هاوینی 2006 لەسەر پڕۆسەی ئەنفال دادگایی كرا.

 

لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستیكرد بە هەوڵەكانی بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی شەهیدانی ئەنفال لە بیابانەكانی خوارووی عێراق، لەو چوارچێوەیەدا تائێستا سەدان ڕووفات گەڕێندراونەتەوە، حكومەتی هەرێم دەڵێت عێراقی دوای سەدام حسێن كەمتەرخەم بووە لەئاست ئەنفالی گەلی كورد.

 

لە پەیامی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا كە ئەمڕۆ بەبۆنەی ساڵیادی شاڵاوی ئەنفال بڵاویكردەوە، هاتووە"جێگەی داخە كە تا ئێستا حكوومەتی عیراقی دوای ڕژێمی بەعس دەرهەق بەم كارەساتە نەیتوانیوە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێت و نە لە ڕووی مادی و نە لە ڕووی مەعنەوییەوە قەرەبووی كەسوكاری ئەنفالكراوان نەكراوەتەوە."

 

ساڵی 2007 دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ زیاتر لە 400 كەس دەركرد بە تۆمەتی بەشداربوونیان لەتاوانی ئەنفال، بەڵام زۆربەی ئەو كەسانە كە لە هەرێمی كوردستان‌و لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی كوردیدا دەژین تائێستا دەستگیرنەكراون‌و بە ئازادی هاتووچۆ دەكەن، ئەوەش كەسوكاری ئەنفالكراوانی نیگەران كردووەو ساڵانە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجامدەدەن‌و داوای دەستگیركردنی تۆمەتباران دەكەن.