سەرچاوەیەك: كۆمەڵ دڵنیایی داوەتە گۆڕان بەشداری ڕیفراندۆم نەكات بەبێ پەرلەمان

20-04-2017 04:03
پێشوازی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لە وەفدەكەی بزووتنەوەی گۆڕان 20-4-2017. فۆتۆ: سایتی سبەی.

 

پەرەگراف- سوركێو محەمەد

 

كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دڵنیایی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشداری پڕۆسەی ئامادەسازیی تایبەت بە ڕیفراندۆم ناكات بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار.

 

ئەمڕۆ كۆمەڵی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی گۆڕان لەئاستی باڵادا كۆبوونەوە، پەرەگراف زانیویەتی هەردوولایان بڕیاریانداوە لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە هیچ زانیارییەك ئاشكرا نەكەن.

 

كۆبونەوەكە لەبارەگای‌ ئەنجومەنی‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ لە شاری‌ سلێمانی‌ بەڕێوەچووە، میدیای هەردوو حزبەكە بڵاویانكردووەتەوە كە تێیدا بارودۆخی‌ هەرێم‌و پرسی‌ ڕیفراندۆم‌و بارودۆخی سیاسی‌و ئابووری تاوتوێ كراون، بەبێ ئەوەی هیچ وردەكارییەك ئاشكرا بكەن.

 

ئەو سەرچاوەیەی پەرەگراف كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت و خۆی بەشداریی كۆبوونەوەكەی نەكردووە، بەڵام ئاگاداری ناوەڕۆكی گفتوگۆكانی ناو كۆبوونەوەكەیە، دەڵێت"كۆمەڵ دڵنیایی داوەتە بزووتنەوەی گۆڕان كە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان ناچێتە پڕۆسەی ئامادەكاریی بۆ ڕیفراندۆم لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی."

 

بەهۆی وەڵام نەدانەوەو لێدوان نەدان، پەرەگراف نەیتوانی لە سەرچاوەی بەشداربووی ناو كۆبوونەوەكەوە ئەو زانیارییە پشتڕاست بكاتەوە.

 

كۆبوونەوەكەی گۆڕان‌و كۆمەڵ 20-4-2017. فۆتۆ: سایتی سبەی.

 

ئاسۆ مەحمود باژێڕوانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە بەشداریی كۆبوونەوەكەی كردووە، ئامادەنەبوو لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەو ئەو زانیارییەی سەرچاوەكەی پەرەگراف هیچ قسەیەك بكات.

 

هەروەها هەریەكە لە محەمەد حەكیم كارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی‌و ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵ، كە بەشداری كۆبوونەوەكە بوون وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لەپرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بڕیاریانداوە ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو دوو حزبە سەرەتای ئەم مانگە پێكەوە سەردانی لایەنەكانیان كرد بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات‌و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو پێشوازی لە وەفدە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی بكات‌و كۆبوونەوەی ڕەتكردەوەو ئەو پرسەی بە كاری پەرلەمان دانا.

 

11ی ئەم مانگەش پارتی‌و یەكێتی لە ئاستی باڵادا كۆبوونەوەو بڕیاریاندا لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لیژنەیەكی تایبەت پێكبهێنن بۆ سەرپەرشتیكردن‌و زەمینەسازیی پڕۆسەی ڕیفراندۆم.

 

سەرچاوەكەی پەرەگراف ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندی بە كۆمەڵەوە كراوە بۆ دیاریكردنی كەسێك بۆ لیژنەی ڕیفراندۆم، بەڵام تائێستا ئەو حزبە وەڵامی نەداوەتەوە.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

لەدوای پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان، سكرتێری پەرلەمان كە لەپشكی كۆمەڵی ئیسلامییە هەڵوێستەكانی لە سەرۆكی پەرلەمانەوە نزیكترن نەك جێگرەكەی كە لەپشكی پارتییە، لەسەر ئاستی سیاسیش كۆمەڵ نزیكترین حزبە لە گۆڕانەوە لە هاوبۆچونیی‌و هەڵوێستە سیاسییەكانیاندا.