پارتی‌و یەكێتی: تەئكید لە پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بە ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین

23-04-2017 04:10
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتی‌و پارتی. فۆتۆ: كوردسات نیوز.

 

پەرەگراف

 

مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی تەئكیدلەسەر پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و دەستنیشانكردنی وادەی ئە‌و پڕۆسەیە‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەن بەشێوازێك كە لەخزمەت پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی‌و یەكڕیزی نیشتمانیدا بێت.

 

هاوكات ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی لێدوانێكی وتەبێژی پارتی دەداتەوە كە دەڵێت، یەكێتی وتویەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕیفراندۆم دوو پرسی جیاوازن.

 

ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لە پیرمام بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی كۆبوونەوەو لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا، تەئكیدیان لە پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بە پڕۆسەی ڕیفراندۆم‌و دەستنیشانكردنی وادەی ئەو پڕۆسەیە كردووەتەوە.

 

لەبارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانیشەوە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە دەڵێت"چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەشێوازێك كە لەخزمەت پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و یەكڕیزی نیشتمانیدا بێت."

 

دوای كۆبوونەوەكە سەبارەت بە بۆچوونی یەكێتی لەسەر بە یەكەوە گرێدانی كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمیی پارتی بە كەناڵی ڕووداوی وت"یەكێتی ئەمڕۆ بە ئێمەیان گوت ئەو دوو بابەتە هیچ گرێدراوی یەك نین" وتیشی"هەردوو بابەتەكە دوو شتی پێویستن، بەڵام دوو شتی لەیەك جیاوازن و دەبێت كاریان بۆ بكرێت".

 

ئەو لێدوانەی وتەبێژەكەی پارتی لەبارەی بۆچوونی یەكێتی لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان‌و ڕیفراندۆم، ناكۆكە لەگەڵ ڕاگەیەندراوی دوێنێی سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی‌و گۆڕان كە بە ڕوونی دەڵێت، ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی كوردستان یەكلایی دەكرێتەوە.

 

لەبارەی لێدوانەكەی وتەبێژی پارتی، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە ڕزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی‌و بەشداربوونی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی حزبەكەی، ناوبراو تەنها ئەوەندەی وت"لە كەناڵی كوردساتنیوزەوە وەڵاممان داوەتەوە." ئامادەنەبوو هیچ قسەیەكی دیكە بكات.

 

ئەو مەكتەب سیاسییەی یەكێتی بە كوردساتنیوزی وتووە"یەكێتی جەختی لەسەر ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان كردەوە و بەپێویستیشی زانی كە لەچوارچێوەی یاسادا هەنگاوی كرداری بۆ هاتنەدی ئەو ئامانجانە بنرێن."

 

ڕزگاری عەلی دەشڵێت"یەكێتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بە ئەركێكی هەنووكەیی ئەم قۆناغە دەزانێت."

 

هاوكات بۆ وەرگرتنی زانیاریی زیاتر لەبارەی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆیان‌و هەڵوێستی یەكێتی، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە قادر حەمەجان ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

 

بۆچوونەكان لەبارەی پەیوەندیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم‌و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەكاتێكدایە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەندجارێك تەئكیدی لەوەكردووەتەوە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمانیش دەتوانن ڕیفراندۆم ئەنجامبدەن‌و ئەو پرسە بۆهیچ كێشەیەك پەك ناخەن.

 

ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لەپرسە گەرمەكانی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان‌و پارتی‌و یەكێتی پێكەوە بڕیاریانداوە ئەمساڵ ئەو پڕۆسەیە ئەنجامبدەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەو دوو حزبە سەرەتای ئەم مانگە پێكەوە سەردانی لایەنەكانیان كرد بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەیەكی هاوبەش لەپێناو دیاریكردنی كات‌و میكانیزمی چۆنییەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

 

بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوو پێشوازی لە وەفدە هاوبەشەكەی پارتی‌و یەكێتی بكات‌و كۆبوونەوەی ڕەتكردەوەو ئەو پرسەی بە كاری پەرلەمان دانا.

 

هەوڵەكان بۆ ڕیفراندۆم‌و سەربەخۆیی لەكاتێكدان ناو ماڵی كوردی یەكگرتوو نییەو لەسەر ئاستی ناوخۆیی پارتی كە لەهەموان سوورترە لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەشێكی سەرەكییە لەقوڵبوونەوەی كێشە سیاسییەكانی هەرێم كە پەكخستنی پەرلەمانی لێكەوتەوە لەمانگی 10ی ساڵی 2015، تائێستاش ئەو پەكخستنە بەردەوامەو ڕێگە نادرێت سەرۆكی پەرلەمان كە لە پشكی گۆڕانە بگەڕێتەوەسەر كارەكەی لە هەولێر.

 

دەقی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی یەكێتی‌و پارتی

 

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان

 

لە زنجیرە كۆبوونەوە هاوبەشەكانی هەردوو مەكتەبی سیاسی، بە ئامادەبوونی بەڕێز سەرۆك مەسعود بارزانی و بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ، شاندی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لە رێكەوتی 23ی 4ی 2017 كۆبوونەوە و چەندین بابەتیان خستە بەرباس و گفتوگۆكردن.

 

تەوەری یەكەم/ سەرەتا باس لە هەوڵ و كۆششەكانی هەردوولا كرا سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی لە كوردستان دروستبوون و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی حكومەت و دامودەزگاكان كرایەوە بۆ باشتركردنی باری گوزەرانی خەڵك لەهەموو رووەكانەوە، هەروەكو باسی هەوڵەكانی وەفدی هاوبەشی هەردوولا كرا بۆ هێوركردنەوەی ئەو بارە گرژەی كە سەبارەت بە بڕیارەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە بەغدا دروستببوو.

 

تەوەری دووەم/ هەردوولا جەختیان لەسەر ئەنجامی كۆبوونەوەكانی پێشوو و ئەولەویەتەكانی كەلەسەری رێككەوتبووین كردەوە، بەتایبەتی:

 

أ‌. پێكهێنانی لیژنەی تایبەت بە پرۆسەی ریفراندۆم و دەستنیشانكردنی وادەی ئەم پرۆسە گرینگە.

 

ب‌. چۆنیەتی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەشێوازێك كە لەخزمەت پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی و یەكڕیزی نیشتمانیدا بێت.

 

تەوەری سێیەم/ پڕۆژە (نەخشە رێگا)ی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دوای دیراسەكردنی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆی هەمەلایەنەی لەسەربكرێت و وەڵام بدرێتەوە.


پارتی دیموكراتی كوردستان          یەكێتی نیشتمانی كوردستان
23/4/2017