سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی، دەستی لەكار كێشایەوە

02-05-2017 01:02
سەردار قادر

 

پەرەگراف

 

سەردار قادر كە لەپشكی بزووتنەوەی گۆڕان لەبری پارێزگاری سلێمانی دەستبەكاربوو، دەستلەكاركێشانەوەی لەپۆستەكەی ڕاگەیاند، پێشتریش بۆ پەرەگراف ئەوەی خستبووەڕوو كە داوای لە بزووتنەوەكەی كردووە لە حكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان بكشێنەوە.

 

سەردار قادر كە دەسەڵاتداری یەكەمی ئیداریی پارێزگای سلێمانییە ئە مڕۆ لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەستلەكاركێشانەوەی ڕاگەیاندو ئەوەشی بۆ چەند هۆكارێك گەڕاندەوە، لەوانە؛ نەبوونی بودجەی پێویست بۆ ڕایی كردنی كارەكان‌و بێدەسەڵاتی ئەو لەپۆستەكەی‌و گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی حزبیی لە ئەنجامدانی هەر ئاڵوگۆڕێك.

 

"سبەینێ پڕۆسەی دەستلەكاركێشانەوەكەم دەگەیەنمە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگاو بزووتنەوەی گۆڕان‌و ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە. لەمەودوا تەنها هەڵسوڕاوێكی گۆڕان دەبم."سەردار قادر وای وت.

 

 هەروەها سوپاسی فەرمانبەران‌و بەرپرسانی شارەكەی كرد‌و داوای لێبوردنی كرد كە ئەگەر نەیتوانیبێت لەئاست خواستەكانی خەڵكدا بووبێت.

 

سەردار قادر لە نامەی دەستلەكار كێشانەوەكەیدا كە وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە، هەموو جۆرە شایستەیەكی دارایی(خانەنشینی) ڕەتدەكاتەوە.

 

 

پێشتر لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پەرەگراف، سەردار قادر نیگەرانیی خۆی پیشاندا لەو ئاستەنگانەی لەبەردەمیدان‌و لەو غەدرەی لە شاری سلێمانی دەكرێت، ئەوەشی خستەڕوو سەرۆكایەتی حكومەتی لەو پرسانە ئاگادار كردووەتەوە.

 

لەسەر پرسی كشانەوەی گۆڕان لەحكومەتی هەرێم‌و حكومەتە خۆجێییەكان، سەردار قادر لە چاوپێكەوتنەكەدا وتی"حكومەتی خۆجێی بەشێكی دانەبڕاوی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، لەبەرئەوەی كارەكانی من ئەوەنییە بە لامەركەزییەت بكرێت، كارەكان ناكرێت، لەبەرئەوە كشانەوە لەحكومەتی هەرێم دەبێت كشانەوەش بێت لە حكومەتی خۆجێیی."

 

سەردار قادر ئەوەشی خستەڕوو، ئەو وەك هەڵسوڕاوێكی گۆڕان دەمێكە داوای لە بزووتنەوەكەی كردووە كە بكشێنەوە، بەڵام ئەو پرسە دواخراوە بۆ دوای كۆتایی هاتنی شەڕی موسڵ.