كونسوڵخانەی ئەمەریكا ستایشی ئازایەتیی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەكات كە لەهەولێر دەستگیركرا

04-05-2017 04:25
ئیبراهیم عەباس، شەوی ڕابردوو دەستگیركراوە.

 

پەرەگراف

 

كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە شاری هەولێر ستایشی ئازایەتیی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەكات كە درەنگانی شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزێكی چەكدارەوە دەستگیركرا.

 

كاتژمێر 8ی شەوی ڕابردوو چەند ئۆتۆمبێلێك كە كەسانی چەكداریان تێدابووە چوونەتە بەردەم ماڵی ئیبراهیم عەباسی ڕۆژنامەنوس بە مەبەستی دەستگیركردنی، ئەو ڕۆژنامەنوسە لەماڵەوە نەبووەو هێزەكە بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك ماوەتەوە، دواتر لە كاتژمێر 1:30 خولەكی شەو، ئیبراهیم لەماڵی هاوڕێیەكی دەستگیركراوەو تائێستاش ئازاد نەكراوە.

 

ئیبراهیم عەباس بەشێوەی (فریلانس) كاری ڕۆژنامەوانی دەكات، چەندین وتاری ڕەخنەیی لەسەر دەسەڵات‌و پارتی‌و بنەماڵەی بارزانی نوسیوە، تائێستاش هێزە ئەمنییەكانی هەولێر ڕوونكردنەوەیان نەداوە لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنی.

 

ئەو ڕۆژنامەنوسە ڕۆژی 26ی مانگی ڕابردوو لەگەڵ دەگ مۆڕۆو بەڕێوەبەری كاروباری گشتیی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، دیداری ئەنجامداوە گفتوگۆیان كردووە لەبارەی دۆخی میدیا لە هەرێمی كوردستانی عێراق‌و پرسی ئازادی ڕۆژنامەگەری‌و ئەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەنووسان‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەبنەوە.

 

پەیجی فەرمی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر نوسیویەتی"مۆڕۆو سوپاسی عەباسی كرد بۆ خستنەڕووی تێڕوانینەكانی و ئازایەتیی بەرزنرخاند بۆ پشتیوانی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری."

 

دەگ مۆڕۆو ئیبراهیم عەباس

 

دەستگیركردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی هەولێرەوە لە كاتێكدایە ڕەوشی ئازادی‌و ئازادی ڕۆژنامەوانی لە هەرێم، بەردەوام لەژێر ڕەخنەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكاندایە.

 

ئیبراهیم عەباس بەرلە دەستگیركردنی، پەیامێكی لە فەیسبوك بڵاوكردەوەتەوەو نوسیویەتی"پار لە مانگی 5 و6 لە كاتی تاقیكردنەوەی 12 ئامادەیی كچە گەورەكەم و منداڵەكانی تر لە مەسیف، ماڵی بارزانی، رەوان بارزانیان ڕاسپارد بە سیناریۆیەك خوێندنی مندڵەكانمیان تێكدا و گەیشتە تەقە و دەركردن و خانوو داگیركردن و نانبڕین. ئەمشەو 3/5/2017 گاردە تاتیبەكانی مەسعود بارزانی بەناوی دەستگیركردنی منەوە، هەڵیان كوتایەوە سەرماڵمان. دڵنیابن چەندە مەسەلەكە بۆ دژایەیەتی منە هێندەو زیاتر بۆ منداڵەكان كە بەیانی هەموویان تاڤیكردنەوەیان هەیە."

 

ئەو ڕۆژنامەنوسە پرسیاری ئەوەدەكات، ئایا دەستگیركردنی ئەو چ پەیوەندییەكی بە هەڵكوتانە سەرماڵیان هەیە؟ دەڵێت"من ڕۆژانە هەر لە دەرەوەم، خێرە كەس هەقی بەسەر منەوە نییە، ئێستا وا پێنچ سەعاتە چوار سەیارەی ئاسایش و گاردەكانی بارزانی چواردەوری ماڵمانیان گرتووە؟."

 

هاوسەری ئەو ڕۆژنامەنووسە، داوا دەكات خەڵك‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان‌و ڕێكخراوە مەدەنییەكان هاوكارییان بكەن بۆ ئازادكردنی ئیبراهیم.

 

سەعدییە محەمەد هاوسەری ڕۆژنامەنووس ئیبراهیم عەباس بە كەناڵی ئێن ئاڕ تی وتووە، ئەو كەسانەی چوونەتەسەر ماڵیان یەكێكیان كارمەندی ئاسایشی مەسیف بووە و ناسیویەتییەوە، ئاماژەی بەوەش كردووە كە چوونەتە ژوورەوەو ماڵەكەیان پشكنیوە، ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا هاوسەرەكەی لەلای ئاسایشە.

 

بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاترو هۆكاری دەستگیركردنی ئەو ڕۆژنامەنوسە، پەرەگراف پەیوەندیكرد بە تاریق نوری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە.